تارمایی سەردەشت عوسمان
دوای ١٢ ساڵ لە تیرۆرکردنی، تارمایی سەردەشت عوسمان لە ماڵی بارزانی نابێتەوە و لە هەرکوێ دەرفەتێک هەبێت، سەردەشت دێتە گۆ و قسەی خۆی دەکات.
لە سەردەمێکدا کە توڕەیی لە هەموو سوچ و کۆڵانەکانی ئەم هەرێمەدا بەرامبەر خراپی سیاسەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و لە بەرامبەریشدا ئەشکەنجە و کوشتن گەیشتبوونە لوتکە، سەردەشت وەك كوڕێكى بێ باکی شەقامەكانى هەولێر دەردەکەوێت.
جیاواز لە قەڵەمەکانی دیکە، سەردەشت بە تەمەنێکی کەم و لە نزیکەوە جاڕی شکاندنی بتەکانی دا، بە دەنگی بەرز هاواری ئازادیی دەکرد.
ڕۆژنامەنووسی لاوی هەولێر سەردەشت عوسمان، خوێندکاری کۆتا ساڵی زمانی ئینگلیزی بوو لە زانکۆی سەلاحەدین، ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٧ لەشاری هەولێر لەدایکبووە.
ساڵی ٢٠٠٤-ەوە دەستی بە نووسین و کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە، هەواڵ و وتار و بەدواداچوونەکانی لەسەر بارودۆخی عێراق و کوردستان بڵاوکردووەتەوە.
خەونی سەردەشت
سەردەشت عوسمان بەنووسینە ڕەخنەییەکانی لەدەسەڵات و حکومەت دەناسرایەوە، بەتایبەت لە بنەماڵەی بارزانی، لەنووسینێکدا بەناونیشانی “من عاشقی کچەکەی بارزانیم”، تەنزئامێزانە ڕەنخەی توند لە ماڵی بارزانی دەگرێت، دەیەوێت نیشانی بدات دەسەڵاتدارانی هەرێم چۆن لەڕێگەی بەکارهێنانی پلە و پۆستەوە، جیاوازییەکی گەورەی چینایەتییان دروستکردووە و بەدیواری کۆشک و تەلارەکانیان سنوورێکی بێکۆتایان لە نێوان خۆیان و خەڵکدا خوڵقاندووە.
لەدوای ئەم نووسینە بووە ئامانجیان و چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرا، بەڵام هیچ کاتێک هەڕەشە و فشارەکان چۆکیان پێدانەدا و دەستبەرداری ئەو ڕێگە سەخت و پڕ مەترسییە نەبوو، کە هەڵیبژاردبوو.
لەدوای ئەو هەڕەشانە سەردەشت لەژێر ناونیشانی ‘یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا’، نووسیویەتی:”ههرچی بێت من لهم شاره ناڕۆم و له چاوهڕوانی دیداری مردنی خۆم دادهنیشم، ئهزانم ئهمه یهكهمین زهنگی مردنی خۆمه كه له كۆتاییدا دهبێت به زهنگێک بۆ گهنجهكانی ئهم مهملهكهته، بهڵام ئیدی ئهمجاره نه سكاڵا تۆمار دهكهم و نه لایهنه بهرپرسهكان ئاگادار دهكهمهوه، ههنگاوێكه ناومهو ئازارهكهشی خۆم دهیگرمه ئهستۆ”.
ئیدی سەردەشت هەر وشەیەکی کە دەینووسێت، وا بیردەکاتەوە دواهەمین وشە بێت لە ژیانیدا، بۆیه ههوڵ دهدات، هێندهی حهزرهتی مهسیح ڕاستگۆبێت لە وتهكانیدا.
سەردەشت، بەوە خۆشحاڵ دەبێت، کە ههمیشه شتێكی ههیه بۆ وتن و كهسانێك نایانهوێت بیبیستن و ههركاتێك ئێمە به چرپه قسه دهكهین، ئهوان گوێچكهكانیان نا ئارام دهبن.
دێڕە بەواتاکانی سەردەشت، بوونەتە بە وێردی زمانی ئازادییخوازان و لە مێژوو و داهاتوودا خۆیان بەیان دەکەن.
سەردەشت عوسمان دەزانێت، کە تەنیا چەند ڕۆژێک کەم مۆڵەتی ماوە تا بژی، بێ ئەوەی لە هەنگاوەکانی پاشگەز ببێتەوە و بە جەسارەتێکی زۆرەوە دەنووسێت”تا ئهو شوێنهی كه ماوین، دهبێت قسهبكهین، لهو شوێنهش كه تهمهنمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته سهردێڕێكی نوێ و سهرلهنوێ دهستپێبكاتهوه”.
ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لەکاتی چوونی بۆ دەوامی زانکۆ لەبەردەم کۆلێژەکەیدا بەبەرچاوی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چەند کەسێکی ڕاهێندراو، بەزۆر دەخرێتە ناو ئۆتۆمبێلێک و دەڕفرێندرێت.
دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر، وەک ئاماژەیەک بۆ بێدەنگ کردنی، بەچەند فیشەکێک کە ئاڕاستەی نێودەمی دەکرێت، کۆتایی بە ژیانی سەردەشت دەهێندرێت.
دوای بێسەروشنبوونی بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر، ٥ی ئایاری ٢٠١٠ تەرمی سەردەشت لەسەر شۆستەیەک لە شەقامی”حی مەزارع” نزیک “شەقامی دۆمیز” لە شاری موسڵ دۆزرایەوە، بنکەی پۆلیسی ئەحرار تەرمەکەی هەڵدەگریتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەری دەکەن.
بەلاڕیدابردنی کەیسی سەردەشت
کوژرانی سەردەشت شەپۆلێکی ناڕەزایی هاوڵاتیانی لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەدا بەدوای خۆیدا هێنا، لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەوتنەوەی دروشمی؛ نا بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازاد، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئاشکراکردن و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان کرد.
بەهۆی فراوانی ناڕەزایەتییەکان و فشارەکان، پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند كەسێكیان وەك ئەنجامدەری تاوانەكە دەستگیركردووە، بەڵام هەرزوو خانەوادەکەی و ئازادییخوازان ڕەتیانکردەوە، کە ئەوە بکوژی سەردەشت بێت و سیناریۆکەی دادگاکەی پەدەکەیان هەڵوەشاندەوە.
کەیسی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە دادگای پەدەکە داخرا، بەڵام لای خەڵکی کوردستان و ئازادییخوازان بە کراوەیی ماوەتەوە و خاڵێکی ڕەشە بە ناوچاوانی بەرپرسانی ئەو حزبە و ماڵی بارزانییەوە و هەرگیز ناسڕێتەوە.
دەنگی سەردەشت
بە تێپەڕینی ١٢ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنەکەیدا، دەنگی سەردەشت عوسمان ون نەبووە، تارمایی سەردەشت لەگشت شوێنێک بەدوای دەسەڵات و ئەنجامدەرانی تاوانەکەوەیە، لەهەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک سەردەشت دووبارە قسە دەکات و پێیان دەڵێت، کە ساڵ لەدوای ساڵ ناشرینتر دەبن.
ساڵی ٢٠٢١، ڕۆژنامهی زه ئهمریكان پرۆسپێكت لهڕاپۆرتێكدا بهناونیشانی “پاشماوهی گهندهڵیی لهعێراقهوه بۆ ویلایهتی میامی”بڵاویکردەوە بەهۆی وتارێکی تەنزئامێز و ڕەخنەگرانە، بارزانی خوێندکاری زانکۆیەکی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەناوی سەردەشت عوسمان ئەشکەنجە دا و تیرۆری کرد”.
لەڕۆژی یادکردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەریی ساڵی ٢٠١٩، لە مۆنۆمێنتی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکانی جیهان لە واشنتۆ،ن وێنەی سەردەشت عوسمان خرایە ڕیزی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سەرانسەری جیهان بەهۆی پیشەکەیانەوە کوژراون.
لە ڕۆژی ٢٠ی نیسانی ئەمساڵیش، لەکاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا، دووبارە دەنگی ئازادیخوازانەی سەردەشت شەقامەکانی لەندەنی پڕکرد، هاوڵاتیانی کورد لەو وڵاتە، وەک بەڵگەی تیرۆری ئازادیی و خراپیی دەسەڵات، وێنە و ناوی سەردەشت و هەموو هاوشێوەکانی سەردەشتیان بەڕووی مەسرور بارزانییدا بەرزکردەوە و پێیانوت، کە مۆتەکەی سەردەشت بۆ هەتاهەتایە، لێتان نابێتەوە.
سەرچاوە:ئاژانسی رۆژ نیوز