سەردەشت شانازییەکی گەورەیە بۆ ئینسانیەت و ئازادیخوازی

سەردەشت شانازییەکی گەورەیە بۆ ئینسانیەت و ئازادیخوازی و هەر بزووتنەوەیەك کە دەیەوێ گۆڕانکاری و چارەنووس بەدەستی ئینسان مومکین بکات
وتەی دەشتی جەمال لە دوانزەهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان
لە خۆپیشاندانی بەردەم نۆێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەندەن
٤/٥/٢٠٢٢
هاوڕێیان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەناوی ڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ دوانزەهەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان. لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەردەشت عوسمان و تەواوی قوربانیانی ڕێگای ئازادی و ئینسانییەت دائەنەوێنم.
ئێمە لەیادی قەڵەم بەدەستێك، میدیاکارێك، ئازادیخوازیك، ڕۆڵەی خێزانێکی زەحمەتکێش، کۆبووینەتەوە، کە بەدوای مەرگی خۆیدا گوڕی دا بە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستاندا، کە بووە خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ و لەدرێژەی خۆیدا ١٧ی شوبات بە تەوژم وەرگرتن لە بەهاری عەرەبی لەپێناو نان و ئازادی و گێڕانەوەی بەهای ئینسانی بۆ گۆڕینی ئەو هەلومەرجە کارەساتبارەی کە داسەپێنراوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، دەستی پێکرد.
سەردەشت لەسەر چی تیرۆرکرا؟ سەردەشت ئەو ڕاستییەی ژیانی خۆی و خەڵکی کوردستانی لەسایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کورددا خستەڕوو، ئەو پەردەی لەسەر کارنامەی حزبەکانی دەسەڵات هەڵدایەوە کە چۆن سەرچاوەی ئەو ستەم و ناعەدالەتییەن کە بەرۆکی بەخەڵکی کوردستان گرتووە، ئەو باسی لەو جیاکارییە چینایەتییە کرد، کە گەنجان و لاوانی کوردستانی یەخسیر کردووە.. سەردەشت پێمان دەڵێت لەسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیدا ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەوپەڕی خراپی خۆی گەیشتوە، بێکاری، برسێتی، هەژاری، نەبوونی خزمەگوزارییە سەرەتاییەکان کراوەتە بەشی هەرە زۆری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، مافە فەردی و مەدەنییەکان وئازادییە سیاسییەکان کەوتۆتە بەردەم پەلامار وسەرکوت، سەردەشت ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو کە دەستەبەر کردنی ماف و خۆشگوزەرانی ئاسایش و ئارامی لەژێر سایەی دەسەڵاتی تەڵخی ئەم حزبانەدا دەستەبەر نابێت.
تیرۆر و سەرکوتگەری بەشێکی جیانەکراوەی دەسەڵاتی بزووتنەوەی کوردایەتییە، کە بەدرێژایی دەسەڵاتیان تەحەمولی ڕەخنە و ڕاستی وتنی هاوڵاتیانی کوردستان نەکردوە و هەمیشە نەیارانی خۆیان بە تیرۆر و کوشتن و ئینسان ڕفاندن وەڵام دەدەنەوە، بەڵام تیرۆری سەردەشت تەنها تاوان و زوڵمێك نەبووە کە لەخۆی و خیزانەکەی کرابێت، بەڵکو هەنگاوێك بوو بۆ سەرکوتی کۆمەڵگا و کوێرکردنەوەی دەنگی ئازادیخوازی، هەربەم هۆیەشەوە بوو کە سەردەشت بووە سیمبولی ئازادی و لەسەردەمی خۆیدا ناڕەزایەتییەکی گەورەی لە شارەکانی کوردستاندا هێنایە کایەوە، ئیتر کەیسی سەردەشت بوەتە کەیسی هەموو کۆمەڵگا و ئازادیخوازان.
هەربۆیە سەردەمی دوای تیرۆری سەردەشت سەردەمی زیاتر بەرگری جەسورانەی جەماوەرییە، ڕاوەستانەوەیە بۆ بەرگری لە حورمەت و کەرامەت وئازادی و ژیانی جەماوەری کوردستان. هەربۆیە سەردەشت شانازییەکی گەورەیە بۆ ئینسانییەت و ئازادیخوازی و هەر بزووتنەوەیەك کە بیەوێت گۆڕانکاری و نووسینی ئایندە و چارەنووس بەدەستی ئینسان مومکین بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە لەسەر بەرگری لە ئازادی و ڕەخنەگرتن هەمیشە پێشەنگ بووە، بەردەوام کەوتۆتە بەردەم کێشە و هەڕەشە و پەلاماردانی ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردستانەوە، لەپاڵ ئازادیخوازی و ئینسانییەکەی سەردەشتدا بەردەوام ڕادەوەستێ و بەتەواوی توانایەوە بۆ بەرقەرار بوونی ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا خەبات دەکات.
ئەمساڵ لە دۆخێکدا یادی سەردەشتی ئازادیخواز دەکەینەوە، کە کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا دەرگیری قەیران و پشێوی و گرانی و بێکاری بووە، سەرگەردانی و بێدادی و تاوان و بێدەرەتانی ژیانی خەڵکی کوردستان بەوپەڕی خۆی گەیشتوە، ڕیزی حزبەکانی ناو دەسەڵات لێکترازاوە و خەریکن شەڕ و ناکۆکییەکانیان دەکەنە بەڵایەکی تر بەسەر خەڵکەوە. ئەم دۆخەش کۆمەڵگای کوردستانی خستۆتە بەردەم ئاڵوگۆڕ و ئەگەری ڕاپەڕین و شۆڕش.. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان ئەگەر بیرێك لە خۆیان نەکەنەوە و خۆیان تەسلیم بەم دۆخەی ئێستا بکەن، دەبێ چاوەڕوانی دۆخێکی لەوەی هەیە خراپتر بکەن و بە گیان و ژیانی خۆیان قوربانی بدەن. تەنانەت مەعلوم نیە چەند سەردەشتی تر و چەند ئازادیخواز و دڵسۆزی خەڵك تیرۆر و دەخرێتە زیندانەکانەوە و بێسەروشوێن دەکرێ.. بەڵام ئەم دۆخە ئەبەدی نیە و تەنها ڕێگایەکیش بۆ ژیانکردن نیە، خەڵکی ناڕازی کوردستان دەتوانن چارەنووسی ژیانی خۆیان لەدەست بگرن. دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی و خۆشگوزەران، کۆمەڵگایەك کە کرێکار و زەحمەتکێش ژیانی خۆیان لە دەست بگرن و کۆمەڵگا بەڕێوەبەرن، مومکین و مەیسەرە ئەگەر ڕیزەکانی خۆمان یەکگرتوو و ڕێکخراو بکەین، ئەگەر لەدەوری ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە خەبات و تێکۆشانەکان و هەوڵەکانمان ببەینە پێشەوە و لە مەیداندا ڕاوەستین.
لە دوانزەهەمین ساڵیادی سەردەشت عوسماندا پێویستە پەیامی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی دوور لە ستەم و ئینسانکوژی بەدەستەوە بگرین.. ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماورییەی کە چەندین ساڵ بەدوای تیرۆری سەردەشت عوسمان نەشونما دەکات و پێ دەگرێت بە خواستی کۆتاییهێنان ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و جەلادانەوە پێی ناوەتە مەیدانەوە بە ئامانجی کۆتایی خۆی بگەیەنین. ئەمەش بانگەوازی جەماوەری تینووی ئازادی و خۆشگوزەرانی دەکات لەدەوری ئەم ئاسۆیە کۆبینەوە. سەردەشت عوسمان وەك سیمبولی ئازادیخوازی و کەیسی تیرۆری سیاسی لە فکر و زهنی خەڵکی کوردستان بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بەرز و بەڕێز بێت ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان
نا بۆ تیرۆر و تیرۆریستان
Leave A Reply

Your email address will not be published.