بۆ نابێ لەیادی تێرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا خەمباربین؟

نەریمان ئاغالی:
کاتێک وێنەی سەردەشت عوسمانی مەزنمان پێش چاوان دەکەوێ، نابێ ڕێگە بەخۆمان بدەین، نیشانەی فرمێسکی لەسەردانێین یان ناخمان لاوازبکات، بەڵکو پێویستە سەرمان بەرزبکەینەوە و بەخەندە و هیواوەوە کاردانەوە بۆ وێنە و نووسینەکان لەسەری هەبن، بە هەر هۆکارێک ناتەوێ کاردانەوەت هەبێ، دەی ھەرنەبێ لەنێو ناخی خۆتدا ھاوارێک بۆ گەورەیی ئەو زاتە بکە و بڵێ:
بەڵێ بۆ ئازادی و پاراستنی کەرامەتی هەر مرۆڤێک!
سەردەشت عوسمان واتای گریان و بەزەیی پێداهاتنەوە نییە، نا ڕێک پێچەوانەکەیەتی، ئەو هێمای سەربەرزکردنەوە و باوەڕبەخۆبوون و بەپێوە وەستانی هەر کەسێکە، کە دەیەوێ ئازادانە و بە کەرامەتی پارێزراوەوە بژی.
فرمێسکی بەزەیی بۆ ئەوانەیە کە لە ناوی سەردەشت عوسمان و ھاواری ھەرکەسێک بۆ ئازادیی دەترسن و تۆقیون.
بەڵێ سەردەشت عوسمان هێمای سەربەرزکردنەوە و پاراستنی کەرامەتی تاکە، ئەو بەگیانی خۆی بە ھەموومانی گۆت:
سەربڵند بکەن و کەرامەتتان بپارێزن، ئەو ئەوەی بە بەپێکەنینەوە گوت، نەک بەگریانەوە!
ئێ مرۆڤ چۆن دەتوانێ کەرامەتی بەفرمێسکەوە لەپێش تاوانکاراندا بپارێزێ، نا هەرگیز ناتوانێ!
ھەربۆیەش سەردەشت و ویستەکەی بەگریان و سەرداخستنی تۆ و بڵاوکردنەوەی وێنەی کەوتووی ئەو دەکەوێ و زیانی پێ دەگا.
بە سەربەرزکردنەوە و پاراستنی کەرامەتت ڕۆحی ئەو شاد دەبێ و سیمبوڵی ئازادیش بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە!
سەردەشت عوسمان تۆ ھەمیشە لێرەیت و ھەر بە بڵندیش دەمێنیتەوە و دەمێنیتەوە.
تاوانبارانیش بۆ ھەمیشە بە هەستی ترس و تۆقیوییەوە دەبێ بژین.
‘ئای چەند بچووکن ئەوانەی لەبەرانبەر نووسیندا دەست بۆ چەک دەبەن’.
Leave A Reply

Your email address will not be published.