سەردەشت عوسمان.. ئەو تاقانەیەی کە تەنها ئازادیی باوەشی بۆ کردەوە
هەڵبژاردنی مەرگێکی شکۆمەندانە تەنها لەو کەسانە دەوەشێتەوە، کە ڕۆحیان هوشیار بووەتەوە و ناخیان ئازار دەچێژێت بە مانەوەیان لەو شوێنەی کە ناتوانن بە کەرامەتەوە بژین، ئەمە کورتەی ژیانی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوسە، ئەو لاوە یاخییەی کە بەر لە ١١ ساڵ هاوشێوەی سوکراتی دانا شارەکەی خۆی جێ نەهێشێت و پێشوازیی لەو مەرگە کرد، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشتر بە گوێیدا درابوو، به‌ڵامئەو نە باكی به‌مردن‌و نه ئازاردان هەبوو، له‌چاوه‌ڕوانیی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌یدا بوو تا دیداری بكوژه‌كانی خۆی بكات.
ئەو مایەوە و نەترسا، نەک لەبەرئەوەی پێشبینی ئەو تراژیدیایەی نەدەکرد، بەڵکو لەبەرئەوەی کە بڕوای بەو ڕێگایەی خۆی هەبوو کە پیایدا دەڕۆیشت، ڕێگایەک کە ترس و پاشەکشەی تێدا نییە ئەگەر ئەنجامەکەی هەرچی بێت.
لە ١١هەمین ساڵیادی تیرۆری ڕۆژنامەنووسی لاو سەردەشت عوسماندا، تا دێت دۆسیەکەی گشتگیرتر و فراوانتردەبێت، لەنێو چوارچێوەی خێزانێکەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو سەدان هەزار خێزان، پەیامەکانی لە مینبەرێکەوە گوازراوەتەوە بۆ هەزاران مینبەر، لە خەمی خوشک و براکانیەوە بووەتە خەمی گشت ئازادیخوازان، تراژیدیای مەرگەکەی وای کرد، هەموو دنیا هاواری ببیستن، هاواری ئەو هاواری ماف و ئازادییەکان بوو، هاوار بوو لە کەرامەتی تاکی کورد، هاوارێک بوو بۆ شکاندنی ئەو ترسەی کە مرۆڤی کۆیلە و دەستەمۆ دەکرد، سەردەشت ئەو غەریبەیە بوو،کە دەیویست بە ژیانی خۆی بژی، ئەو تاقانەیە بوو کە تەنها ئازادیی باوەشی بۆ دەکردەوە.
سەردەشت لە پێشوازیی مەرگدا
بۆ ئەوەی لە مەرگی سەردەشت تێبگەین، پێویستە لە مەرگی سوکرات تێبگەین، کە بە حوکمێکی ناڕەوا بەسەریدا سەپێندرا، حوکمێک کە ئامادە نەبوو هیچ وەسیلەیەکی ناڕەوا بۆ هەڵگرتنی بەکاربهێنێت تا لە مەرگ دەربازی بێت، سوکرات ئەو دانایەی گریک، کە لەپێناو ڕاستکردنەوەی حوکمێکی هەڵە، گیانی خۆی بەخشی، مردنێکی شەرەفمەندانەی هەڵبژارد وەک لە ژیانێکی دووبارە و منەتبار.
ئەو حاڵەتەیکە سوكرات لەناو دادگادا بەسەری هات، هاوشێوەی حاڵەتی سەردەشت عوسمانە کە بەر لە کوژرانی یەخەی گرتبوو، ئەو حاڵەتەش وەستان بوو لەبەردەم مەرگ، پێشوازییکردن بوو لەو بکوژانەی کە هەڕەشەیان لێ کردبوو، جیاواز لەو بۆچوونانەی کە پێیانوایە دەبوو سەردەشت بڕوات و شارەکەی جێبهێڵێت، بەڵام ئێستا ئیتر شتێک نەبوو بەناوی سەردەشت و ئەو قۆناغەی کە پرسیاری لەسەر ماف و ئازادییەکان دانا لەدوای خۆی.
سوكرات لەناو دادگا دەزانێت ئەو بڕیارەی، كە لەسەری دەركراوە ناحەقە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدانەهات ئەم حوكمە لەڕێگەی پاڕانەوەوجوڵاندنی هەستی سۆزدارییەوە هەڵوەشێنێتەوە و لەسەر خۆی هەڵگرێت، چونکە پێیوایە ئەگەر بەم سۆزدارییە دادوەرەکان حوكمەكەی لەسەر هەڵگرن، ئەوە دەبێتە کارێکی ناڕەوا، واتە هەڵگرتنی حوکمێکی ناحەق لەلایەن سوکرات بە ڕێگایەکی ناحەق، ناحەقییەو سزاکەی پێ باشترە وەک لەوەی ناڕەواییەک بە بەرامبەرەکانی بکات بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی.
ئەفلاتوون کە بەرگرینامەی نوسیوەتەوە، لەسەر زمانی سوکراتەوە دەڵێت: “ئەگەر بەم سۆزدارییە لە مردن ڕزگارم ببوایە،ئەوا حەقیقەتەکەم ئەوەندەیتر دەشاردرایەوە، بەڵام بەم مردنە حەقیقەتیڕاستەقینەم ئاشكرا دەبێت”.
ئەوەی کە لەم دادگاییەی سوكراتدا دەبێت لێی تێبگەین ئەوەیە کە تەنانەت بۆ هەڵگرتنی ناحەقی لە شوێنێك، نابێت مرۆڤ وەسیلەیەك بەكاربهێنێت كە ناڕەوا بێت.
سەردەشت-یش لە شوێنێکدا دەڵێت: “هه‌رچی بێت من له‌م شاره ناڕۆم و له‌چاوه‌ڕوانی دیداری مردنی خۆم داده‌نیشم، ئه‌زانم ئه‌مه یه‌كه‌مین زه‌نگی مردنی خۆمه كه له كۆتاییدا ده‌بێت به زه‌نگێک بۆ گه‌نجه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته، به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره نه سكاڵا تۆمار ده‌كه‌م و نه لایه‌نه به‌رپرسه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه، هه‌نگاوێكه ناومه‌و ئازاره‌كه‌شی خۆم ده‌یگرمه ئه‌ستۆ، ئیدی بۆ من له داهاتوودا هه‌ر وشه‌یه‌ك كه ده‌ینووسم وابیرده‌كه‌مه‌وه كه دواهه‌مین ووشه بێت له ژیانمدا، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌م هێنده‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح ڕاستگۆبم لە وته‌كانمدا، خۆشحاڵیشم كه هه‌میشه شتێكم هه‌یه بۆ وتن و كه‌سانێك نایانه‌وێت بیبیستن، به‌ڵام هه‌ركاتێك ئێمه به چرپه قسه ده‌كه‌ین، ئه‌وان گوێچكه‌كانیان نا ئارام ده‌بن، تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ماوین، ده‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش كه ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته سه‌ردێڕێكی نوی و سه‌رله‌نوی ده‌ستپێبكاته‌وه”.
سەردەشت ڕێگاکەی تەواو بۆ ڕۆشنەو دەزانێت گەڕانەوەی نییە، دەیەوێت پێمان بڵێت، ئەوەی کە مرۆڤ باوەڕی پێی هەیە، دەبێت ئەنجامەکەی قبوڵ بکات، لەگەڵ ئەوەی هەست بە نا ئومێدییەکی زۆر دەکات، بەڵام پێیوانییە کە مرۆڤ لە حاڵەتی نائومێدیدا دابنیشێ و هیچ نەکات، بە پێچەوانەوە ئەو دەرکی بە مەرگی خۆی کردووە و تەواو نائومێدە لەوەی کە لەوە زیاتر بهێڵن بژی، بەڵام لەگەڵ خۆی پەیمانێکی داوە کە تا ئەو شوێنەی هەناسە بدات، بە قەڵەمەکەی بەشێک لە چیرۆکی ژیانی بنوسێتەوە و هاوڕێکانیشی بەشەکەیتر بنووسنەوە.
سوکراتیش لە شوێنێکدا دەڵێت:”مردنم پێ باشترە وەک لەوەی دەربەدەر بکرێم”،سوکرات پێیوایە وتنی حەق لەلای ئەو بووەتە فەرمانی خودا‌و ناتوانێت لێی ڕابکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بەوە دەکات شوێنێک نییە بۆ ئەو کە بتوانێت تیایدا بە ژیانی خۆی بژی.
هەمان ئەو بیرکردنەوەیە لەلای سەردەشتیش ئامادەیەو پێوایە نابێت ئەو ژیانەی کە هەیەتی بیگۆڕێتەوە بە ژیانێکی شایستەلەسەر حسابی ئەوانی دیکە، لە شوێنێکدا دەڵێت: “هه‌میشه پێموابووه ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌یانه‌وێت ستاییشیان بكه‌ین، به‌یانی داوای جنێو و شه‌ڕی ئه‌وانی دیكه‌مان لێده‌كه‌ن، له‌وانه‌شه بۆ ئه‌وان كارێكی ئاسایی بێت كه هه‌موو ڕۆژێك ئاوازێكی ناشیرینتر له دوێنی بچڕن، به‌ڵام بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه جوامێریی له ئیراده‌یه‌تی، مانای شه‌رمه‌زارییه”.
لە بەرگرینامەدا سوکرات لەبەردەم دادگادا دەڵێت: “تەنها نیگەرانیم ئەوەیە کە ناتوانم بەم کاتە کەمەی لەبەردەستە ئەوە ڕوون بکەمەوە کە من بێ‌تاوانم”، پێشیوایە نابێت لەڕێگەی سۆزدارییەوە ئەم حوکمە ناحەقەی لەسەری سەپێندراوە، هەڵبگیرێت، دەڵێت: “پێویستە ڕۆشن ببێتەوە، دواتر هەڵبگیرێت، دەبێ حاكمەكان و هەموو كەس بزانێت كە من ناحەق نیم، من شیاوی ئەم سزایە نیم، چونكە ئەگەر لەوێشدا لە مەرگ ڕزگارم بوو، ئەوە ئەو هۆکارە ڕۆشن نابێتەوە كە بۆچی من گیرام و بۆ ئازاد بووم”، لەبەرئەوە لای سوكرات ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە حەقیقەت ڕۆشن ببێتەوە ئیتر بە هەر ئەنجامێک بێت.
سەردەشتیش لە دوایین وتارەکانیدا دەنوسێت: “زۆر به ساده‌یی تاكه هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ئه‌وه‌یه، كه هێشتا زۆر شت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین”.
لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت:”ئێمه به‌دیار به‌ردێكه‌وه دانیشتووین و چاوه‌ڕوانی هه‌ڵهێنانیشیین، وه‌لێ خه‌ریكه عومری نه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێده‌كه‌ین جورئه‌تی ئه‌وه ناكه‌ین كه ده‌ست بۆ ئه‌م توحفه‌یه ببه‌ین تا بزانین ئایا ئەوە به‌رده یان هێلكه”.
سەردەشت لە هەموو نوسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە مرۆڤ بە وەهم نەژی و بە ژیانێکی ڕاستەقینە بژی ئیتر ئەنجامەکەی هەرچی لێدەکەوێتەوە باشترە لەوەی کە بە ساختە بژین و لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ نەبین