داد و بێداد

ئەم یادە بۆخۆی سەدبارە جەختکردنەوەیە لەسەر نەبوونی داد و دادگەرایی لەکۆی پرۆسەی حکومڕانی لە ھەرێمی کوردستان، گەر دادگاکان لەکات و شوێنی خۆیاندا چالاکبونایە و سەربە ئەم لایەن و ئەولایەن نەبوونایە ئێستا ئێمە لەبری داکۆکی لەمافی زەوتکراو و تیرۆری سەردەشتدا بنووسین، لەیەکێ لەبوارەکاندا لێکۆڵینەوەو شیکاریمان دەکرد بۆ بەرەوپێش چوونی ژیاری خەڵکی کوردستان….!
لەکۆی پرۆسەی سیاسی حکومەتی ھەرێم لەساڵی ١٩٩٢ وە و لەکاتێکدا کە لەشاخیش بوون تیرۆری دەنگی ناڕازی و دەنگی ئازاد بەشێکی دانەبڕاوبووە لە سیاسەتکردنیان بۆ بەردەوامی دان بە مانەوەو پاراستنی پێگەی کەسی چەند کەسایەتیەکی دیاریکراو…. وە لەدوای ڕاپەڕین و درووستبوونی حکومەتی ھەرێمەوە ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن و سیاسەتکردن لە ناو ھزرێکی تەسکی خێلەکی و ھۆزو عەشرەتەکاندا بەردەوامی ھەبووە و لەبرەویشدابووە و ڕۆژبەڕۆژ ستەم و تیرۆر ڕوبەڕووی نوزەیەک لەدەنگی ئازاد بۆتەوە و سەرکوتکراوە جا لەھەرکوێیەکی ئەم ھەرێمەوە بوبێت، ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە کە ئەم ھەموو خوێنڕشتن و زیندان و ستەمکردنە نەک دەنگی ئازادی پێ کپنەکرا بەڵکو دەنگە ئازادەکان بە گڕوتینی زیاترەوە سەریان ھەڵدەدا و لەکاروانی خەباتتدا دژی ستەم بەردەوام بوون و دەشبن.
ھیچ جیاوازیەک نیە لەنێوان زۆنی زەرد و سەوزدا بۆ ستەم و زۆرداری کردن بەرامبەر بە دەنگی بوێر و ئازاد.
وەک چالاکوانێک گومانم ھەیە ڕۆژێک دابێ لەژێرسایەی ئەم حیزبە خێڵەکیانەدا دادودادگەری بێتە ئاراوە و ماف بپارێزێ…!!
وەک ئاشکرایە کە بیرو ئەندێشەی خێڵەکی ھێندە تەسکوتروسکە توانای بینینی سەری لوتی خۆی نیە، خۆئەگەر بکەونە ژێر فشارەوە ئەوە دەبنە ماری بریندارو بەھەرچوارلادا ژەھر بڵاودەکەنەوە، لەگەڵ سێبەری خۆیاندا بەشەڕدێن و ھەموو ھێزو توانایان بەکاردەھێنن لەپێناوی مانەوەو بەردەوامی خۆیان و ھیچکاتێک ئامادەنین دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتەبن کە ڕۆژێک لەڕۆژان خەڵک پێی بەخشیون لەپێناو خزمەتکردنی ووڵاتتدا.
بەداخەوە کە ئێمە گەورەترین و لەبارترین دۆخمان لەدەستدا بۆ بونیادنانی ھەرێمێکی نموونەیی لەڕووی حوکمڕانی و داد و ئازادی و یەکسانیەوە، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین ھەروا بەئاسانی چارەسەر ناکرێ و بەم زوانە چاوەڕێی گۆڕانکاری لێناکرێ چوونکە بارودۆخی ناوچەکە ھێندە ئاڵۆز و پەشێوە و ھەرھەمووشی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندایە کە ناتوانن بۆ یەک چرکەسات دەنگێکی ئازاد گوێ لێبگرن، ئەوەی کە دەکرێ تەنیا بەرز ڕاگرتنی گیان بەخشینی سەدانی وەک سەردەشتە کە وەک سمبولێک بۆ دەنگی دلێر و ئازاو نەبەر، بۆ گیانفیدایی و بەرەنگاری و یاخیبوون بەردەوام ببێتە ھێز و توانا بۆ ئایندە ھەرچەندە دوریشبێ ….!
ئازادی خوازەکانی دوێنێ کۆیلەکانی ئەمڕۆن…! شۆڕشگێڕە دێرینەکان سەرکوتکەری ئەمڕۆن
چ سامناکە بوون لەگەڵیان.
من ئازادی ڕا دەربڕینم ناوێ….!
ئازادی دوای ڕا دەربڕینم دەوێ…!
دیاری محمود چالاک:-
Leave A Reply

Your email address will not be published.