((- هاوارێک لە سەردەشتەوە -))

کە ڕێم دەکرد بەرەو زانکۆ
دەستم پێکرد بە گفتوگۆ
دەبێ ئەمڕۆ چیم بەسەر بێ ..؟
لە خەو دەمرم یان لەسەر پێ ..؟
*****
تاسە و خەیاڵ ئاوێتە بوو
سەد ڕەنگ هات و بۆ یەکێ چوو
باکم نەما لەوەی دەبێ
بیر و زمان بۆ کوێ دەچێ ..؟
*****
خۆم دەمزانی چارەنوسم
خوێن دەچۆڕێ لە پێنوسم
دووتا هەن و بۆ یەک دەبن
مەرگ و ژیان لەیەک دەچن
*****
سەری بەرزم بۆ بنەوێ ..؟
کە خەم هەبێ بۆ بخەوێ ..؟
شەرمە بژیم بەسەرشۆڕی
بەبێ دەنگی بچمە گۆڕێ
*****
سەرێ سەری سەردەشتێ بێ
دەبێ بیری پڕ هەستێ بێ
گوڵ بوەرێ سەد خونچە دێ
ئاوی کەمە و دەبێ بە زێ
*****
پێتان دەڵێم گەر نازانن
ئەز بێئاگا وەش کارزانن
خامەی دەستم گەر بشکێنن ..؟
پایەی زۆردار دەڕوخێنن
———————————————————–
سۆران محەمەد غەریب
بەریتانیا – لە ندەن
٥ / ٥ / ٢٠٢٢
لە(١٢) هەمین ساڵیادی شەهیدی پێنوس و جوانەمەرگ( سەردەشت عوسمان )
لە پێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەرەوەری کۆمەڵایەتیدا ئەم هۆنراوەیە پێشکەشە بە گڵکۆی جوانەمەرگ و دایکە جەرگ سوتاوەکەی و تەواوی خانەوادەکەی و هاوڕێبازانی.
Leave A Reply

Your email address will not be published.