هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوان و چالاکوان قادر نادر ڕیسواو و شەرمەزار دەکەین!

لە بەرواوری 18-08-2022 کاتژمێر 4:30 ی ئیوارە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە ستۆکهۆلم، لەلایەن دوو کەس هێرش کرایە سەر رۆژنامەنوس و چالاکوان قادر نادر. لەبارەی ناسنامەی هێرشبەرەکانەوە بە وتەی قادر نادر” یەکێک لە هێرشبەرەکان ئەفریقیی بووە، بە زمانی سویدیی قسەیان لەگەڵ کردووە”. سەبارەت بە گومان لەسەر ئەو ڕووداوە، لە لێدوانی قادر نادر بۆ ڕۆژ نیوز ڕای گەیاندووە: ناتوانم لایەنێکی فەرمیی تۆمەتبار بکەم، بەڵام پێشتر چەندین جار لەلایەن پارتییەوە هەڕەشەمان بۆ هاتووە، زانیارییمان بۆ هاتووە کە ئاگامان لەخۆمان بێت، بەتایبەت لە دوای مانگی نیسانەوە ئێمە خۆپارێزیمان کردووە.

هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی قادر نادر لە وڵاتی سوید بەو شێوەیەی ئەنجامدراوە کارێکی تیرۆرستانەیە. پەنابردن بۆ تیرۆر و ترس و تۆقاندن لە ئەوروپا لەبەرامبەر ڕۆژنامەوان و چالاکوان و نەیاری سیاسی. سەرەتایەکی تازەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانە و بێدەنگکردنی هەموو دەنگە ناڕازیەکان. ئەرکی هەڵسوڕاوانی مەدەنی و سیاسی و ئازادیخوازانە بەچاوکراوەیی و ووشیاری زیاتر هەڵوێستی جدی و بەرپرسانە لەبەرامبەر ئەم دەورە تازەیە لە کاری تیرۆرستی بگرن و پوچەلی بکەنەوە.

ئیمە لە رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی بە توندی ئەو کارە ترسنۆکانە و تیرۆرستیە ڕیسواو شەرمەزار دەکەین. هاوکات پشتیوانی ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوی مەدەنی و سیاسی و دەنگە ئازدەکانین، لە پێناو ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان. بە هەموو تواناکانی خۆمان بەرگری لە سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە ژیان و ئازادی دەربرین دەکەین.

لایەنێکیتری هۆکاری جورئەتکردنی دەستبردن بۆ کاری تیرۆرستی و ترساندنی ڕۆژنامەوان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی لە ئەوروپادا. بوونی ئەو کەلێنە گەورە و فراوانەیە لە پەرشوبڵاوی و نەبوونی یەکگرتووییە لە ریزی بەرەی ئازادیخوازیدا. لێرەدا بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک، بانگەوازی یەککگرتووی و هاوپشتی بەرەی ئازادیخواز و پێشکەتنخوازی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان وەڵامە. ناڕەزایەتی تاک و تەرا و دوور لەیەکتر، پێشکەشکردنی نێچیر و قوربانیە بەدەستی جەلاد. ئەمڕۆ یەکگرتووی و هاوپشتی، پێویستی ژیان و چارەنووسی هەموومانە. تەنها بەو رێگایە دەتوانینن پێش بە هەموو کردەوەیەکی تیرۆستی بگرین.

پشتیوانی کردنی دەنگی ئازاد، ئەرکی هەموو کەس و لایەنێکی ئازادیخواز و عەدالەتخوازە. ڕێگای پاشەکشە کردن بە تیرۆر و سەرکوت ئەرکی هەموو لایەکە، یەکدەست و یەکگرتوو لەبەرامبەر دەسەڵاتی چینی چەوسێنەر، گەندەڵ و مشەخۆر و تاڵانکەر، بکوژ و سەرکوتگەر بوەستینەوە.

 

بژی ئازادی دەربرین

مەرگ و ڕیسوایی بۆ سەرکوتگەران و تیرۆرستان

 

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

 

http://www.sardashtosman.com

2022-08-20

Leave A Reply

Your email address will not be published.