بەرەو یادی تیرۆری سەردەشت عوسمان و یەقینێک!

هێمن رەئوف:
زۆر ڕووداو و کارەسات هەن کاریگەری گەورەیان لەسەرم جێهێشتووە و شوخت و مارکیان لەسەر دەروونم هەڵکۆڵیوە و دەمێننەوە بۆ هەمیشە. بەڵام هیچ برینێک بەقەد تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە ناوەوەی مندا قووڵ نەبۆتەوە! جا ئەمە باشە یان خراپ ئەوەیان شتێکی ترە، وەلێ دانپێدانانێکی ڕاستگۆیانەیە.
لەدوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان گەیشتمە ئەو یەقینەی کە (هیچ مرۆڤێک کە ڕاستگۆیانە دژی دەسەڵات و سیستم و ماڵی بارزانی بێت بە ئاسانی و ئاشکرا لەژێر ئەو حوکمە بەربەرییەدا ناتوانێت بژی)
لێرەدا ئەگەر ئەو گشتگیرییە تێکبشکێنم و کەمێک ڕوونی بکەمەوە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم (هەرکەسێک بوو بە ژمارە و توانی وەک کەسێتییەکی سەربەخۆ و سەرسەخت و دژێکی مەبدەئیی لەژێر دەسەڵاتی ماڵی بەرزانیدا جموجوڵی سیاسی هەبێت) بێشک ژیانی لێدەشێوێنرێت. ئیتر بە کوشتنە، بە نەفیکردنە، بە ڕاونانە، بە زیندانیکردنە ، بە ئابڕووبردنە… بە هەر شێوازێک بێت .
بە پێچەوانەی ئەمەوە، هەرکەس بە ئازادی لەو دەڤەرەدا ژیا و قسەی زلی کرد و خۆی بادا و وەک دژەدەسەڵات و دژە پارتی دەرکەوت و نووسیی و هاتە سەر تیڤی و بەرکامێراکان و بوو بە ناو ، بێشک پیاوی خۆیانە و بە مەبەست زلیان دەکەن و دەهێڵن هەبن تا ڕۆژی خۆی..
ئەمە فاکتە! سەدان نموونەمان هەن! با تەنها مێژووی ئەم دە دوانزە ساڵەی دوای گۆڕان هەڵبەینەوە، سەردەشت عوسمانمان هەیە، گەنجانی بادینانمان هەن کەهێشتا هەندێکیان لە زیندانەکاندا دەچەوسێنرێنەوە. ئێمە بێریڤان بەرگارەیی و هێمن مامەند مان هەن، شڤان ئازاد و ئیسماعیل سیانمان هەن، دە با بتوانن بچنەوە هەولێر و بادینان. ئومێد ئەحمەد مان هەیە کە خۆی جاران تووڕە دەبوو کە دەمان ووت مرۆڤی دژە دەسەڵات ی ڕاستگۆ و خاوەن فکر لەوێ جێی نابێتەوە! ئێستا خۆشبەختانە ڕزگاری بووە لەو مافیاخانەیە.
دەمەوێ بڵێم شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان لەسەر بوێریی و ئەو ڕۆحە پۆڵاینەی، بە تەنها تیرۆرکردنی لاوێکی زانکۆ نەبوو، بگرە وەرچەرخان و قۆناغێکی مێژووییش بوو! لەدوای ئەو بەروارەوە هێڵی وەسەت نەما، هەولێر و بادینان چیتر بەشێک نەمان لە سیستمە درۆینە دیموکراسیەکەی غەرب بۆی دانان. بنەماڵە بە ئاشکرا دەستی گرت بەسەر هەموو جومگە و هەموو سەرچاوەکانی هەناسەدانی خەڵکدا.
لەو بەروارەوە ماڵی بەرزانی هیچ شەرم و شورەییەکیان نەما لە شکاندنی دڵی دایکان و زاڕۆکا و خوشکان و هاوسەر و برا و باوکی گەنجە بوێر و سەنگینەکان. لەو بەروارەوە ئەوانە سڵ ناکەنەوە لە هیچ بەهایەکی مرۆیی و هەموو جوانی و ئینسانیەتێک دەکەنە قوربانیی پێڵاوەکانی مەسعود و ئەولادەکانی. ئەوانەیش کە لەوێ بوون بە ڕەقەم و بە ئاسانی و بە دەنگی بەرز هوتافی سیاسی و ئازادی و دژە دەسەڵاتبوون دەڵێن و بەرز دەکەنەوە، یان وەک لەبەرەی خەڵک خۆیان عەرز دەکەن، دووبارەی دەکەمەوە، بێشک پاراستن و ماڵی بەرزانی چاندوویانن بۆ وێرانکاریی لە ئەقڵی یاخیگەرییانەی گەنجی ئێمەدا .
Leave A Reply

Your email address will not be published.