‌ یادی سەردەشت بەرز ڕادەگرین

سەردەمی ڕسوایی یەکێتی وپارتیە
ڕۆژی هەینی ٥- ٥ -٢٠٢٣ ، ساڵیادی تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمانە.
یەکێتی و پارتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕسواتر دەبن دواین ڕسوایان دۆڕانیانە لە قوماری نەوت و درۆی ئابووری سەربەخۆ و بەزەلیلی چوونەوەوە باوەشی بەغدایە.
ڕێکخراوی داکۆک بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە بەردەوامی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، و سەرکوتکردن و نەبوونی ئازادی لە کودستان، لە شارەکانی ( لەندەن ، بێرمینگهام، مانجستەر ) یادەکە بەرزڕادەگرێت.
داوا لە کوردانی بوێرو بە هەڵوێستی بەریتانیا دەکەم، بە گەرمو گوڕی و حەماسەوە بەشداری بکەن ، هەڵوێست و ڕێکخستن و بەشداری کردنی ناڕەزایەتیەکان و زیندووی شەقام جیاوازی کوردانی بەڕیتانیایە.
ئەگەر بەیەکەوە بوون ، بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانی یەکترو بە گەرموگوڕی بەدەمەوە یەکچوون و یارمەتیدانی کەسو کارو دەست کورتانی ناو کوردستان و دروست کردنی مزگەوت و قوتابخانە کوردیەکان و ڕێکخستنی بۆنە ئاینی و نەتەوەیەکان ڕوویەکی جوانی جێشانازی کوردانی بەڕیتانیا بێت ، ڕووەکەی تری گەرم و گوڕی شەقامی ناڕەزایەتیەکان و دژ وەستانەوەی یەکێتی و سەرە دزو گەندەڵەکانیان و زیندوو ڕاگرتنی ئەم یادانەو پشتیوانی کردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی وقوربانی دەستی دەستەمۆیی دادگاکان،، ڕووە جوانەکەی تری کوردانی بەڕیتانیا.
کوردانی بوێری بەڕیتانیا:
ئەوەی لە بەریتانیا بە بەردەوامی دەکرێت دژ بە یەکێتی و پارتی، بەکەمی مەزانن، هەر ئەمە لە وڵاتانی تری ئەوروپا بەشێوەی بەریتانیا بوونی نیە، لەکاتێکدا ژمارەی کوردانی وڵاتانی تر کەمتر نیە لە ژمارەی کوردانی بەریتانیا ، ژمارەی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەکان کەمتر نیە لێرە .
تکایە بە بایەخەوە بڕوانن لەم چالاکیانە بە گەرمیەوە بەشداریبکەن.
وەرن با پێکەوە سوود لەو ئازادییە وەربگرین کە لە بەریتانیا هەیەو لە هەولێرو سلێمانی خەڵکی لێ بێبەش کراوە .
وەرن با پێکەوە پڕ بە گەروو ئەو قسانە بڵێینەوە کە خەڵکانی ئاسایی و ئازادی خوازان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ڕێیان پێ نادرێت لەوێ بیڵێن و تەنانەت لە کۆمێنتێکیشدا بیدرکێنن و باجەکەی دادگاو سیناریۆو زیندان و حوکم تۆمەت بۆ هەڵبەستنە .
دڵنیابن ئەم چالاکیانە ئەگەر وەکو پێویستیش فشارێکی گەرماو گەرم و دەستە و دەم نەبێت بۆ سەر سەرکردە دزەکانی یەکێتی و پارتی و دام و دەزگا گەندەڵ و سەرکوتکارەکانی حکومەتە فاشیلەکەیان ئەوا بێگومان جێی دڵخۆشی بنەماڵەی شەهیدان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی زیندانە .
تکایە وەرن فشار کردن لە یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی تۆزێ ئاگرو ئاسنی سەرکوتکاریان لەسەر خەڵکی ئازادیخواز کەمتر بێتەوە زۆر زۆر پێویست ترە لە خێرکۆکردنەوەو هاوکاری مادی بۆ خەڵکانی هەژار کە بەهۆی یەکێتی و پارتیەوە هەژارو محتاجی هاوکارین .
زیندوو و پڕشکۆ بێت ، یادی سەردەشت عوسمان و سەرجەم ئازادیخوازە تیرۆرکراوەکان ، لەوە ڕسواو زەلیلتربن جووت بنەماڵەو تیرۆریستان و دزو گەندەڵکاران .
هەورامان نعمت
چالاکوانی مەدەنی
لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی داکۆک
بەریتانیا
Leave A Reply

Your email address will not be published.