سەردەشت ئایکۆنی ئازادیی

کامەران محمد:
١٣ ساڵ لەمەوبەر، بە خەیاڵی خۆیان سەردەشتی جوامێر و کوڕە دەنگبەرزەکەی نیشتمان بۆ هەتاهەتایە بێدەنگ دەکەن و لەڕێگەی ئەویشەوە ڕێگە لە هەموو دەنگهەڵبڕینێکی دیکە دەگرن، کەچی لە هەردوکیان دەستبەتاڵ هاتنە دەرەوە، ئاخر ١٣ ساڵە سەردەشت بۆتە مۆتەکەی سەرسنگیان و هەر ڕۆژەی بەشێوەیەک یەخەی سووربووی بە خوێنیان دەگرێت، هەستێکی دۆنادۆنی دروست کردوە، ڕۆژێک لە گەرمیانە و لەشێوەی مامۆستایەکی و بوێر دێتە سەرشەقام پڕ بەگەروی هاوار دەکات ‘بڕوخێ دز”، ڕۆژێک لە بادینانە و دەستێکی خستۆتە سەر شانی شێروان شێروانی و دەسەتەکی تر لەسەر شانی بەدەل بوروارییە و هاوار دەکون ئازااادی ئازااادی. ڕۆژێک لە سلێمانییە و لەبەردەرکی سەرا هاوار دەکات شەقام چۆل ناکەین! ڕۆژێک لە ناو شەقامەکانی هەولێرە و پاڵ بەدەنگی عەرەبانچییەکەوە دەنێت تا بەهێزتر داوای مافی ژیان بکات. سەردەشت ڕۆژێک هاواری کرێکارێکی بەشخوراوە، ڕۆژێک پارێزەری پارەێزەرێکی سوکایەتی پێکراوە، ڕۆژێک لە بەرگی کرێکارێکی دەنگگڕ خۆی دەنوێنێ و ڕۆژێکیش قوتابییەکی کتێب لەدەستە و شەڕ لەسەر مافەکانی دەکات ، بەڵێ ١٣ ساڵە بە حیسابی خۆیان بێدەنگیان کردوە ، بەڵام تارماییەکەی ڕاویان دەنێت! سەردەشت تەعبیرە لە هەموو ئەو دەنگانەی دوای ( بە حیساب بێدەنگکردنەکەی) لەدژی ستەم بەرزبونەوە و بەشێکیشە لەهەموو ئەو دەنگە ئازادیخوازانەی کە لە ئێستا و لە داهاتوو بەرز دەبنەوە! سەردەشت سنووری جەستە و خوێنی تێپەڕاندوە و ئێستا ئایکۆنی وەستانەوەیە لەدژی ستەم، ئەمە بۆیە نە باکی بە شکاندنی کێل و نە باکی بەدڕاندنی وێنەکەی هەیە، ئەو بوونێکی فعلی هەیە و وازیشتان لێ ناهێنێ.
ئازادیخوازان کە ساڵانە یادی تیرۆرکردنی سەردەشت دەکەنەوە، هەرگیز مەبەستیان لە یادکردنەوەیەکی ڕووت نییە، بەڵکو پەیمان نوێکردنەوەیە لەسەر بەردەوامی هەمان ئەو ڕێچکەیەی کە سەردەشت لە پێناویدا خۆی بەخشی، ساڵانەش پاتەی دەکەنەوە کە سەردەشت نەمردوە، سەردەشت زیندوێکی کارایە، ئەدی ئەوە نییە هەموانی هێناوەتە دەنگهەڵبڕین و پێداگیر لەسەر ئازادیخوازیئ، ئەدی ئەوە نییە کەس داد و فیغان ناکات ، بەڵکو لە جیاتی گریان ، بەڵێنی درێژەدان بەو زەردەخەنە ئومێدبەخشە دەدەن، کە هەمیشە لەسەر لێوەکانی سەردەشت باڵەفڕەیان دەکرد، یادکردنەوەکە لە بنەڕەتدا یەک مەغزای هەیە، ئەویش ئەوەیە بەگوڕوتینی زیاترەوە بەردەوام دەبن لە دژایەتی سەرجەم فۆرمەکانی ناعەدالەتی و ستەم!
Leave A Reply

Your email address will not be published.