“سوورتر لە چرکەساتی تیرۆرەکەی خاوەندارێتی لە خوێنی سەردەشت و پەیامەکەی دەکەین”

لەساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا، “ڕێکخەرانی مەراسیمی ١٣ەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت”، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، سوورتر و ڕژدتر لە چرکەساتی تیرۆرەکەی، خاوەندارێتی لە خوێنی سەردەشت و پەیامەکەی دەکەن و کەیسی سەردەشت بەردەوامە.

ئەمڕۆ ١٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، کە بەشێوەیەکی دڕندانە لە ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لە هەولێر و لەبەردەم کۆلێژەکەیدا بەبەرچاوی خەڵک و ئاشکرا فڕاندیان و پاش ڕۆژێک بە تیرۆرکراوی لە شەقامێکی موسڵ تەرمەکەی دۆزرایەوە، تا ئیستاش هیچ کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیر نەکراوە و دۆسیەکەی بەبێ ئەنجام ماوەتەوە.

لەم ڕۆژەدا چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و هاوڕێیانی سەردەشت بە چەندین شێوە یادی بەرز ڕادەگرن و بەڵێن نوێ دەکەنەوە کە ڕێگەنادەن خوێنی سەردەشت و هەموو ئەوانەی لە پێناو ئازادییدا تیرۆرکراون یاخود لە زینداندا هەوڵی بێدەنگ کردنیان دەدرێت، بەفیڕۆ بچێت.

ئەمساڵیش ” ڕێکخەرانی مەراسیمی ١٣ەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت” بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا جگە لە نوێکردنەوەی بەڵێن، ڕایدەگەیەنن، بە بیر تیرۆرستان و دەسەڵاتدارانی کوردستان دێنینەوە، هێشتا خوێنی سەردەشت تەڕە و پەیامەکەی لە هەڕەتی لاوێتی خۆیدایە و بەسەرنەچووە.

دەقی بەیاننامەکەی “ڕێکخەرانی مەراسیمی ١٣ەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت”

سەردەشت بەردەوامە..!

لە سێزدەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید سەردەشت، بە بیر ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسە بوێرەکانی کوردستان لە لایەک و لە لایەکی تر بە بیر تیرۆرستان و دەسەڵاتدارانی کوردستان دێنینەوە، کە سوورتر و ڕژدتر لە چرکەساتی تیرۆرەکەی، خاوەندارێتی لە خوێنی سەردەشت و پەیامەکەی دەکەین و بۆ دەیان جار دەیڵێینەوە، لای ئێمە هێشتا خوێنەکەی تەڕە و پەیامەکەی لە هەڕەتی لاوێتی خۆیدایە و بەسەرنەچووە. واتە کەیسی سەردەشت و تەواوی شەهیدانی قەڵەم و فکر و ئازادیی پێش و پاش سەردەشت کەیسێکی هەمیشە کراوەیە و لای ئێمە دانەخراوە.

شەهید سەردەشت وەک سەرقافڵەی قوربانییە گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکانی قەڵەم و ئازادی، پەیامەکەی گەیاندە جێی مەبەست و دەمامکی لە ڕوی دەسەڵاتداران و چەتەکانی کوردایەتی هەڵماڵی. سەردەشت پەیامی خۆی خستە ناو شەقامی پڕ غەدر و چەوساوان و قوتابیانی ئازادیخواز و خەمخۆرانی نیشتیمان هەڵیانگرتەوە و ئەوانیش دزی و گەندەڵی و مرۆڤکوژی و دۆڕانی سیاسیی سەرانی کوردیان بۆ هەمو جیهان سەلماند.

دیارە ژیری و ئیدارەی جوامێرانە لە هێزی مەنتقدایە، نەک مەنتقی هێز، کە دەسەڵاتی کوردی شەمەزارانە هەمیشە ئەوەی دوەمی بەکار هێناوە، بۆیە کاتێک چەک و پارەی ڕەهات هەیە، بە هیچ شێوەیەک هونەر لە سەرکوت و زیندانی و تیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکاندا نیە، بەڵکو هونەر لە بەڕێخستنی حوکمێکی دیموکراسی و بەگەڕخستنی زەمینەسازیی دەنگی ئازادانەی لاوەکانی نیشتیمانە، بۆئەوەی لە ڕێی بەهرە و توانای ئەم گەنجینە ئازادیخوازانە زەمینەی گۆڕانکاری بە ئاراستەی گەیشتن بە کاروانی پێشکەوتوی دوا ڤێرژنەکانی ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان هاوتەریب بێ.

ئێمە لە سێزدەمین ساڵەی تیرۆرکردنی سەردەشت، بەوپەڕی ڕێزەوە لە بەردەمی دادەنیشین و پێی دەڵێن، دوای تیرۆرکردنی تۆ دەیان گەنجی ئازادیخواز پشکۆی پەیامەکەی تۆیان لەسەر لەپی دەست هەڵگرت و سڵیان لە سوتانی دەستە سپیەکانیان نەکردەوە. ئەگەرچی بەشێک لە قەڵەمبەدەستان بە پارە و پۆست قوڕگیان نوسا و زمانیان بەسترا، بەڵام زۆرێکیش خیانەتیان لە قەڵەمەکەت نەکرد و هێندە لەسەر پەیامەکەت ڕژد بوون، ئێستا لە زیندانن و هەندێکیش تیرۆر کران.

ناڕێکی و ناهەمواری حوکمی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ڕێی هاوپەیامەکانت جیهانی تەنیووە و ئیتر ساڵ و مانگ نییە، ڕێکخراوە جیهانیە بێلایەنەکانی ڕۆژنامەوانی و دادپەروەری و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، لە بری تۆ و قوتابییە تەنگپێهەڵچنراو و زیندانیەکانت بە ڕاپۆرتەکانیان هەقیقەتی ئەم دەسەڵاتە کوردیە کوردکوژە دژەئازادیە شەرمەزار نەکەن!

ئێستا ڕێکخراوە جیهانی و قونسوڵگەری و وەزارەتە دەرەکیەکانی وڵاتانی زلهێزی پشتوپەنای دوێنێ و ڕەقیبی ئەمڕۆ، لە بری تۆ و ئێمەش خەریکی ناساندنی ڕوی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە نادادپەروەرە بە هەمو جیهاندان. ئیتر ئەوان ماسکەکەیان کەوت و چیتر ناتوانن لە ژێر درۆی خەمەکانیان بە کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و کۆکوژی کوردان پارە و هاوسۆزی دەست بخەن و وەک جاران پشتگیریان لێ بکرێ. ئەوانیش بۆیان ڕون بۆوە، کە چەوساوەترین توێژ بە دەست دەسەڵاتی کوردیەوە، هەر پاشماوەی ئەنفال و بنەماڵەی شەهیدان و کەسوکاری جینۆسایدی ئەم هەرێمەن.

شەهید سەدەشت! پەیامەکەی تۆ و شەهیدانی قەڵەم گەیشتە جێی خۆی و ڕۆژێکە و ئەمڕۆ بە خوێنە تەڕەکەت تابلۆی ئازادی لەسەر دیواری قەڵا دەنەخشێ.

– پڕ شکۆیە سەردەشت و پەیامەکەی…

– بەردەوامە سەردەشت لە شەقام و زیندانەکانی کوردستان…

ڕێکخەرانی مەراسیمی ١٣ەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت

   ٥/٥/٢٠٢٣ – هەولێر

Leave A Reply

Your email address will not be published.