سەردەشت عوسمان

کامەران کوردی:
لای من ئەم ناوە بەرز و نەمرە زۆر مانا و نرخ و پێناسەی هەیە،
پرسی سەردەشت، بابەتی نووسین و ووتنی ڕاستیە بەرامبەر بە دەسەڵات و هێزێکی جەلاد و خوێنمژ و مرۆڤ کوژ.
بارو دۆخ و حاڵەتی پووچەڵ و بۆشی هەموو دەسەڵاتە ستەمکار و ترسنۆکەکان پیشان و نمایش ئەکات کە هەرچەندە پڕوپاگەندەی بەردەوامی بەهێزی بکەن، بەڵام لە کۆتایدا ئەبینین زۆر بێهێز و بچووکن لە ئاستی ووشە و قەڵەم و دەربڕینێکی زۆر سادەی و ڕەسەندا.
وانەیەکی تر ژیان و دۆزی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، بوونی خێزانێکی شۆڕشگێڕ و بەهێزە لە پشت ئەم مرۆڤە ئازا و بوێر و جوامێرەوە. تا ئەم ساتە ئەو خێزانە سەربەرز و شکۆمەندە، هیچ سازش و پاشەگزە و بێدەنگیان نەکردووە بەرامبەر بەو دەسەڵاتە پووچ و ستەمکارە، بە پێچەوانەوە ساڵ بە ساڵ هەڵوێست و پێگەیان بەهێزتر و باڵاتر دەبێت. لێرەدا بۆمان دەرئەکەوێت بوونی خێزان و پاڵپشتی چەندە گرنگ و پێویست بۆ بنیادنانی مرۆڤی ئازا و ئازاد و بوێری وەک سەردەشت.
وانەیەکی تری ژیان و دۆسیەی سەردەشت عوسمان، دەرکەوتن و کەوتنی زۆر دەمامک و دەموچاوو و ناووی بچووک و درۆینەی ناو میدیا و ڕاگەیاندنە فاشیلەکانی باشوورە. سەردەمانێک و تا ئەم ساتەش چەندین دەزگا و بنکە و کەسایەتی درۆزن و پووچەڵ و بەرژەوەندیخواز هەن کە پڕوپاگەندەی ئازادی و دادپەروەریان ئەکرد، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا هەم کەشف وە هەم دەرکەوت کە کۆمەڵە فاسق و درۆزنێکی ئەو مەیدانەن.
بۆیە ناکرێت هەر کەس و گرووپێک دروشم و ووتەی بریقەدار و زلیان هەڵدا و کرد، زۆرینە بەبێ بیرکردنەوە و چاودێری باوەڕ بە درۆکانیان بکەن. هەموو ساڵێک لە یادی تیرۆرکردنی سەردەشتادا بە جوانی و ڕوونی ئەبینین کێن هاوڕێ و دۆست و هاوپیشە ڕاستەقینە و ڕەسەنەکانی سەردەشت عوسمان، وە ئەشزانین کێن ئەوانەی لەژێر ناوو و وێنەی سەردەشتدا گەورەترین درۆ و خیانەتیان بەو پرس و دۆزە کردووە.
وانەیەکی تر، هەموو ساڵێک سەردەشت گەورەتر و مەزنتر و باڵاتر دەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا ستەمکار و جەلادەکان بچوکتر و ڕسواتر و بێهێزتر دەبن. دەتوانرێت بوترێت کە بوار و توانای گەڕاندنەوەی کات و زەمەن و ڕابردوو هەبوایە، ئەو دەسەڵاتە هەموو هەوڵێکی ئەدا بۆ گەڕانەوە و پەشیمان بوونەوە لەو کارە قێزەونە، چوونکە زۆر بە قورسی لەسەر کەوتووە و دەبێتە خاڵ و وەرچەرخانێکی گرنگ و بەهێزی نەمانیان. لەمەش خراپتر، دەبێت پلاندانەر و بکەر و ئەنجامدەرانی بە توندترین سزای خۆیان بگەیندرێن.
لە کۆنەوە ووتراوە،
قەرز کۆن ئەبێت، بەڵام نافەوتێت.
ئێمەش دەڵێین تاوان و تیرۆر و کوشتن ئەنجام ئەدرێن، بەڵام هەرگیز تا ئەبەد بەسەر ئەنجامدەر و بکەر و جەلادەکانیان تێناپەڕێت.
لەم یاد و بۆنەدا، سەرم نەوی ئەکەم لە ئاست گەورەیی و شکۆیی هەموو ئەندامانی خێزانە شکۆمەندەکەی سەردەشت عوسمان دا.
ڕووحی شەهیدی پێنووس شاد و ئارام بێت.
نەفرەت و نەعلەت لە بکوژان و فاسقان و بەرژەوەندیخوازان.
سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ خەمخۆران و دڵسۆزانی شەهید.
سووپاس و ستیاش بۆ زیندانیانی پێنووس و ئازادی و ئازایەتی.
خەبات و تێکۆشان بۆ ژیان و کۆمەڵگایەکی شایستە و دادپەروەر بەردەوامە.
ستەمکاران هەرگیز لەو ڕاستیە تێناگەن یان خۆیان لە گێلی ئەدەن کە بە کوشتنی جەستە و ڕژانی خوێنی شۆڕشگێڕێک، ناتوانن کۆتای بە شۆڕشەکان بهێنن بە پێچەوانەوە ڕژانی خوێنی شۆڕشگێرەکان دەبنە دینەمۆ و هێزی بزواندن و گەشەکردنی سەدان و هەزاران ڕووح و جەستەی تر.
ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر سەردەشت زیندوتر و نەمرتر و دەنگ و پێنوسەکەی بڵندتر و مەزنتر و بەهێزترە لە ڕەنگ و دەنگ و وێنەی جەلاد و بکوژەکانی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.