سێزدە سەرە قەڵەم، بۆ سێزدەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت

ئیبراهیم عەلی:   

١.سێزدە ساڵە، تەنیا دوازدە هەزار دینارو وێنەی خۆی و دایکی، لە جزدانەکەیدایە…
٢.سێزدە ساڵە، بکوژانی سەردەشت بە ئاشکرا لەبەرچاومان دێن و دەچن….
٣.سێزدە ساڵە، ناڵەو هاواری ئەو پیرە پیاوە نەبیستراوە کە لە پێشوازی تەرمی کوڕە ٢٣ ساڵییەکەی هاواریکرد ”خودایە، من زاڵم نیم، مەزڵومم”…
٤.سێزدە ساڵە، پێڵاوەکانی قوتابیانی زانکۆ لەبەردەمی پەرلەمان بە بەرزی ماونەتەوە…
٥.سێزدە ساڵە، کوڕە شیکەکەی حەی عوماڵ، نەگەڕاوەتەوە جادەی ئەلبان و دو ڕکات نوێژەکەی لە مزگەوتی بەرزنجی نەکردووە…
٦.سێزدە ساڵە، دایکە سێوێ سەرپۆش سپی، لە تەوافی کەعبەدایەو لە نزاکانی تەواو نەبووە…
٧.سێزدە ساڵە، ١٦ ڕۆژ بەسەر ئاهەنگی دەرچونی سەردەشتدا تێپەڕیوەو ڕێگە نادەن بڕوا نامەکەی وەربگرێتەوە…
٨.سێزدە ساڵە، عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت ئەو شارە ئارامەو هیچ شتێک ڕوو نادات…
٩.سێزدە ساڵە، یەکەمین و دوایەمین زەنگی کوشتنی ئازادی لێدراوەو دەنگەکەی هەمووانی کاس کردووە….
١٠. سێزدە ساڵە، بەشێک لەوانەی وتیان ”بێدەنگ نابین”، مەستی کۆشکی سوڵتانەکان بەری نەداون…
١١. سێزدە ساڵە، هاوڕێكانت پێت دەڵێن”وازبێنە سەرۆ، خۆت بەكوشت مەدە”.
١٢. سێزدە ساڵە، فیرعەونەکان کۆشکەکانیان گەورەتر دەبێت و کۆیلەکانیش ترسنۆکانەتر خۆیان دەنوێنن.
١٣. سێزدە ساڵە، جەلادەکان تێر خوێن نەبوون و بەرگی سەوز و زەردیی سووربوویان فڕێ نادەن و بەردەوام ئازادی سەردەبڕن…
تێبینی: ئەو وێنەیە، سەردەشت عوسمان و خاتوو سێوێی دایکییەتی. ئەو ڕۆژەی تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەولێر ئەو وێنەیە لەگەڵ ١٢ هەزار دینار لە جزدانەکەی سەردەشتدا بوو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.