لە بکوژانی سەردەشت تاوانبارتر و مەترسیدارتر سێبەرەکانیانن

دیار عەزیز شەریف:
لە راستیدا لە بکوژانی سەردەشت تاوانبارتر و مەترسیدارتر سێبەرەکانیانن، چونکە بکوژەکانی دەڕۆن بەڵام سێبەرەکانیان دەمێننەوە و لە رۆژگاری هاتنی رژێمێکی دیکەی دیکتاتۆر و ستەمکار ئەوان دیسان سەردەردێننەوە و دێنەوە مەیدانەکە…ئەم دەسەڵاتە حیزبی و بنەماڵەییە چەتەیەی کوردی لە دوای راپەڕینەوە دەیان کەسایەتی رۆشنبیر و نەتەوەیی و نیشتیمانی لەم هەرێمە تیرۆرکردووە؛ کوشتن و لەناوبردنی هەموو ئەو کەسایەتیانەی کە مۆمێک بوونە بۆ روناککردنەوەی دونیای تاریکیی ژێردەستەیی و دواکەتوویی ئەم میللەتە .بە بەراورد بە زنجیرەی تاوانە رەشەکانی رابردووی، هیچ کاتێک ئەم دەسەڵاتە حیزبییە مافیایە بەقەد رووداوی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان خاوەنی ئەم سێبەرە گەورە و پان و پۆڕەی خۆی نەبووە؛ بەڕادەیەک دەسەڵاتی بەعسیش نەیتوانی ببێتە خاوەنی ئەو لەشکرە گەورەیە لە نووسەر و رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ و چالاکوانی مەدەنی تاوەکو وەک پاسەوانی مانەوەی خۆی رایانبگرێت.
ئەو رەوە نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەکادیمیست و چالاکوانەی کە دەسەڵاتی پارتی وەک رەوە سەگێکی هار بەکاریانی هێنا بۆ پەلاماردانی ناوی پیرۆزی سەردەشت عوسمان؛ بۆ تیرۆرکردنی ئەو ناو و ناسنامە مەزنەی کە سەردەشت بەدوای مەرگە تراژیدییەکەی بۆ خۆی بەجێیهێشت؛ ئەم رەوە نووسەر و رۆژنامەنووسە قورمیشکراوە دەیانگوت و دەیانگوتەوە «سەردەشت عوسمان قوتابی بوو نەوەک رۆژنامەنووس»؛ هەتا دواجار رق و دڵڕەشی و ویژدان مردووییان گەیشتە ئەو شوێنەی کە سەردەشت عوسمان لە میدیاکانیان بە «تیرۆریستیش» تۆمەتبار بکەن وەک دوایین هەوڵیان بۆ لەناوبردنی ناوی سەردەشت؛ ئەوان لە رۆژنامەی بەدناوی رووداو بە مانشێتێکی گەورە دەنووسن «سەردەشت عوسمان ئەندامی گروپی تیرۆریستی ئەنسار ئیسلام بووە»، ساڵانی دواتریش ژمارەیەک لە سێبەری سێبەرەکانی قەڵەمەکانی ئەم میدیا سێبەرەی دەسەڵات لەسەر سکرینی رووداو دەبینینەوە؛ ئەوانەی کە رۆژگارێک لافی رۆژنامەنووسی سەربەخۆ و ئەهلی و ئازادیان لێدەدا؛ لە کاتی تیرۆرکردنی سەردەشت خۆیان وەک پارێزەر و داکۆکیکاری دۆسیەکەی پیشان دەدا کەچی دوایی بۆ پارە و پول لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی رووداو بینرانەوە…یان وەرە ئینسان خۆت بە کەسێکی روناکبیر و ئەهلی فیکر و فەلسەفە و کۆمەڵناسی دابنێیت، ئەزموونی ژیانی وڵاتانی ئەوروپای دیموکراتیت هەبێت کەچی لە کۆتاییدا ئەوەندە ویژدان مردوو و پارە پەرست و بچووک و گرگنت لێ دەربچێت بێیت بە قەڵەمەکەت و داڕشتنی ئەدەبی و زمانی سەفسەتە هەوڵی سڕینەوەی دەستی سووری بکوژانی گەنجێکی یاخی وەکو سەردەشت بدەیت و رەوایەتی بە کوشتنەکەی بدەیت کە بەهۆی نووسینەوە بووە!؟؟ بەم شێوەیە مەرگی سەردەشت سێبەری سێبەرەکانی ئەم دەسەڵاتە ئاشکرا دەکات؛ قەڵەمەکانی دەستی یەک و دوو و سێی بکوژانی سەردەشت کە ژمارەیان تەواو نابێت؛ بەڵام دەبێ ئەو قەڵەمە خیانەتکارانە بەر لە سیاسییە دەسەڵاتبەدەستە ستەمکار و گەندەڵەکان دادگایی بکرێن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.