سەردەشت عوسمان، كوشتن لەسەر خەونەكانی شۆڕش

ژوان ئەحمەد:
لە مێژووی ئەم هەرێمە، كوشتار‌و خوێنرشتن شتێكی زۆر ئاسایی یە، بە جۆرێك، رۆژ نیە كە كەسێكی تیا نەكوژرابێت، ئەگەر باسی كارەساتەكانیش بكەین ئەوا خوێن تیایدا لافاو‌و كوشتن تیایدا بە لێشاوە، بەڵام كوشتنی سەردەشت عوسمان جیاواز لە هەموو كوشتنەكانی تر، گوزارشتی خۆی هەیە‌و مەزلومیەتی سەردەشت‌و دەلالەتی نەوەیەكی تر بەیان دەكات.
رەنگە كوشتنی سەردەشت بۆ خێزانەكەی لەدەستچونی رۆڵەیەك بیـَت، بۆ زانكۆ لەدەستدانی خوێندكارێك، بۆ هاوڕێكانی كەمبونەوەی هاوڕێیەكی شیرین، بۆ رۆژنامەنوسان ونبونی قەڵەمێكی لاو بێت، بەڵام بۆ كۆمەڵ‌و ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان، سەردەشت سیمبوڵی نەوەیەكە كە كوشتنەكەی خاوەنی نیە، پێش سەردەشت هەركەس كوژرابێت، خاوەنێكی هەبوە، بەڵام سەردەشت خاوەنی نەبوو جگە لە خێزان‌و چەند كەسێكی كەم، بۆیەش تائێستا كوشتنەكەی نادیارە‌و بە خامۆشی دەهێڵرێتەوە، تاوانێكە كەس باجەكەی نادات. كوشتنی كەسێكە هیچ حزبێك خاوەنداری ناكات‌و وەك شەهیدی خۆی بیناسێنێت، وەك هاوشێوەی شەهیدانی حەڤدەی شوبات.
سەردەشت كوڕی نەوەیەكە، كە دەبوو لەسایەی شۆڕش‌و كوردایەتی بحەسێتەوەو لەژێر درەختی ئازادیدا شنەبای ئازادی باوەشێنی بكات، بەڵام نمایندەكانی كوردایەتی( كە دواتر فاشلترین دەرچون)، دارەكەشيان بەسەردا رماند‌و كردیانە قوربانی، بێ ئەوەی سەردەشت دەستی بۆ سێوێكی درەختەكەش بردبێت!
سەردەشت هیچی نەوت، بەڵكو ئەو خەونانەی گێڕایەوە بە زمانێكی تر كە كوردپەروەرەكان كردبویان بە دروشم، ئاخر خۆ سەردەشت بۆ ئەوە نەیوت دەبمە زاوای سەرۆك چونكە كچی سەرۆكی بینیوە‌و شەیدای چاو‌و ئەبرۆی كەوان‌و باڵای لاو لاو ئاسای بوبێ، بەڵكو ویستی بڵێ دەمەوێ زاوای سەرۆك بم تا ئەو ژیانە بژیم كە بەڵێنتان پێدابوم، تا وەك كوڕ و كچە ناسك و نازدارەكانی سەرۆك و سەردارەكان. بژیم. بۆیە لەسەر ئەو خەونەش كوژرا. ئەمەش مۆدێلی سەردەمی دیكتاتۆریەتی سەدامە كە لەسەر خەون بینینیش دەكوژرایت.
كوشتنی سەردەشت دەری خست، كوردپەروەر‌و شۆڕشگێڕەكان، بەشێكیان مۆتەكەی كۆتایی لەسەریان نیشتوەو تەڕو ووشك پێكەوە دەسوتێنن، وەك ئەو پیرەژن‌و پیرەمێردانەیان لێهاتوە كە چرچی دەمی گەیشتۆتە بنگوێی‌و دەیەوێت بە نەشتەرگەری جوانكاری خۆی گەنج بكاتەوە.
كوشتنی سەردەشت پێی وتین، خەون بینین یاساغە، شتێك نیە بەناوی ئایندە، ئایندە ئەوەیە كە ئەوانە دیاری دەكەن كە سەردارن، هەر لادانێكیش لەو ئایندەیە باجەكەی ژیانتە، پێی وتین، دروشمەكانی رابردوو هەر دروشم بون وەك كۆی ئەو دروشمانەی 32 ساڵە لە هەڵبژاردنەكان دەیبیستین‌و هەموشمان بۆ دەهۆڵەكەی هەڵدەپەڕین، كە شەكەتیش بوین دەست دەكەینەوە بە گازندە.
كوشتنی سەردەشت بە مانای تەواو بەرەكانی جیاكردەوە، پێناسەی شۆڕشگێڕی‌و كوردپەروەری لەوانە سەندەوە كە كوشتویانە‌و سەردەمێكی نوێی دەستپێكرد كە سەردەمی ئەوانەیە كە دەكوژرێن‌و شەهید نین بەڵكو گومناون‌و لەسەر خەون دەكوژرێن، ئەو خەونانەی هەر بكوژەكان بۆیان دروست كردن!!
Leave A Reply

Your email address will not be published.