ئەو رچەیەی پێیدا بڕۆین پیلانداڕێژەران و بکوژانی سەردەشتی پێ سزائەدەین

ئاسۆ جەوهەر:
کاتێک ئەتوانیین تیرۆریستان و بکوژان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بدەینە دادگا کە لە هەرێمی کوردستان-عێراق “فاشیزمی ئابووریی، گاردەکانی کوردایەتیی، مرتزقەی موخابەراتیی”، پێچکەکانی بارزانیی و تاڵەبانیی و باقیی دەسەڵاتدارە سیاسییەکانی دیکەی هەرێـمەکە نەبێت.
هەربۆئەوەی سەردەشت عوثمانی تیرۆرکراو، پیلانداڕێژەران و بکوژانی راپێچی دادگا بکرێن، ئەوا ئەبێت دیرەکەکانی ئەم کاولەئاشەی خێڵی کوردایەتیی کە ئەو سێکوچکەیەی سەرەوەن تێکبشکێندرێن! ئینجا بەشێوەیەکی ویژدانیی و ئەخلاقیی، ئەتواندرێت بکوژان و چەتە سیاسیی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق سزابدرێن!
سەرەتا گرنگە هێزی پێشمەرگە و موشتەقاتەکانی؛ ئەو هێزە عەسکەرییەی وەک مووسنەک-ە و توتڕک لە دەستوپێمان ئاڵاوە، ئەگەر تواندرا بکرێتە هێزێکی نیشتمانیی و لە میلیشایی ڕزگاربکرێت، ئەوا ئێمە سێبازێکی گەورەمان ناوە!
پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەتا هێزی ئابووریی-پارە، مرتزقەی موخابەراتییەکەیان لێ نەگیرێتەوە؛ ئەوا ناکرێت چاوەڕێی عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی و بە سزا گەیاندنی هیچ یەک لەم چەتە سیاسیی و ملهوڕانە بکەین.
ئەوەی باسکرا، پێویستی بە کەمێک فیکری سیاسیی و جورئەتی هێزێکی سیاسییە، ئەم بوخچە شڕڕەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و هەڵتەکێنێت و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە سەرلەبەری چێبکاتەوە! جگە لەمە هیچ چارەیەکی ترمان نییە، هەتا خۆمان و نەوەکانی ئاییندە لەم ژەهرە سیاسییە-ئایدیۆلۆژییە قوتاربکەین.
لە هەرێمی کوردستان، بۆ مرۆڤ هیچ ژینێکی بەکەرامەت و ئەخلاقیی پارێزراونابێت! ئەگەر رچەیەکی دیکەی سیاسیی-کولتووریی-ئابووریی رێکخراو نەگرینەبەر.
Leave A Reply

Your email address will not be published.