بۆچی لە هەرێمی کوردستان بکوژانى ڕۆژنامەنوسان لە سزا ڕزگاریان دەبێت؟

لە١٣یەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسماندا، ڕۆژنامەنوسان دەڵێن، جێگای پرسیارە، کە بۆچی بکوژانی سەردەشت و ڕۆژنامەنوسەکانی دیکە بە ئازادی دێن و دەچن و ڕووبەڕووی یاسا ناکرێنەوە، باس لەوەشدەکەن ئاکار و فکری سەردەشت، لەلای هەمووان زیندووە و بووتە سمبولێكی هاوارکردن بۆ سەروەربوونی یاسا.

١٣ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوسدا تێپەڕیی، بەڵام هێشتا  بکوژانی دەستگیر نەکراون، تا ئێستاش کوشتن و ئەشکەنجەدان و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە، یاساش لەبەرامبەر ئەنجامدەرانیان بێدەنگە، لەمبارەوە بەشێک لە ڕۆژنامەنوسانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هەردی عوسمان

هەردی عوسمان، ڕۆژنامەنوسە لە شاری سلێمانی و دەڵێت: ١٣ ساڵ تێپەڕی بەسەر شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان، شەهیدکردنەکەی تارماییەکی ڕەشە بۆ ڕۆژنامەنوسان، هەمیشە لەدوای تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرت و بابەتێک دروست دەکرێت بۆ بە تاوانبار نیشاندانی ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکە، بەڵام هیچ کاتێک ئەو بابەتانەی دروست دەکرێن لای خەڵک جێگای باوەڕ نیە، لە ئەم سەردەمەدا ناتوانرێت کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان وونبکرێت، هەموو دەزانن بکوژانی ڕۆژنامەنوسان کێن و چەند بە ئازادیی دەسوڕێنەوە.

ئەم ڕۆژنامەنوسە دەشڵێت: جێگای پرسیارە کە بۆچی بکوژانی ڕۆنامەنوسان دەستگیر ناکرێن و دادگا بۆ ئەوان سەروەر نیە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان خەڵک هەبوو، لەبەر نەداریی شیر و دایبی بۆ منداڵەکەی دەدزی، ئەم کەسە حکوم درا بە مانەوە لە زیندان بۆ چەندین ساڵ، کەچی دادگا لە بەرامبەر بکوژانی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان بێدەنگە.

هەردی عوسمان پێیوایە، هەتا ئێستاش ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان سانسۆری زۆری لەسەرە، ڕۆژانە ڕۆژنامەنوسان ڕووبەڕووی ڕێگری لێکردن و پێشێکاریی دەبنەوە، سەردەشتیش قوربانیی نەبوونی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، دەشڵێت: ئەگەرچی سەردەشت بە جەستە لەناو ڕۆژنامەنوساندا نەماوە، بەڵام هزر و ئاکار و بیری ئەو لەلای هەموو خەڵک و  ڕۆژنامەنوس و چالاکوانێکدا بەزیندوویی ماوەتەوە.

سەردەشت ئەو ڕۆژنامەنوسەبوو تەنیا لەسەر نوسینی وتارێک بە ناونیشانی “من ئاشقی کچەکەی بارزانیم”، لەبەردەم شوێنێکی فەرمیی وەک زانکۆی سەڵاحەدین لە ڕۆژی ٤ی ئایاردا ڕفێندرا و دوای ڕۆژێک لە ڕفاندنی تەرمەکەی بە کوژراوی لەسەر ڕێگای نێوان هەولێر-موسڵ دۆزرایەوە، ئەمەش لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى کاردانەوەى فراوانی لێکەوتەوە.

ئارام سەعید

ئارام سەعید ڕۆژنامەنوسێکی دیکەیە لە سلێمانی و ئاماژە بەوە دەکات، لە مێژووی کورددا شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە کۆمەڵگەی بە ئاستێكی بەرز شۆک کرد، نوسینەکان بۆ ئەو ئەوندە زۆرن کە تا ئێستا هیچ کەسێک بەو ڕادەیە لەسەری نە نووسراوە، ئەمەش نیشانەی ئەو شۆکە گەورەیە کە کوژرانی سەردەشت لە دەروونی هەموواندا دروستی کرد.

وتیشی: دەربازبوونی بکوژانی ڕۆژنامەنوسان لە سزا یەکێکە لە سیفەتی ئەو وڵاتانەی، کە تێیدا دەسەڵات خۆی تاوان ئەنجام دەدات، سەرباری ئەوەی کە چەندین چالاکوان ڕۆژنامەنوس شەهیدکراون، هێشتا چەندانی دیکەیان لە زینداندا دەستبەسەرکراون، چەندانی دیکەیان هەڕەشەیان لێدەکرێت، توشی دەردەسەری  دەکرێنەوە و ئەشکەنجە دەدرێن.

ئارام سەعید، باس لەوە دەکات، سەردەشت عوسمان بووە سمبولێک بۆ هاوارکردنمان بە دەنگی بەرز، لە پێناو ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو کەسانەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن بە یاسا، ئەگەر ئەمڕۆ و سبەیش نەبێت هەر دەبێت تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، ئەگەر تاوانبارەکە دەسەڵات بێت یان هەرکەسێکی دیکە، ئەو ڕۆژەش دەبینین.

سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنوس لەساڵی ١٩٧٨ لە هەولێری پایتەخت لەدایکبووە، سەردەشت یەکێکە لەو ڕۆژنامەنوسانەی بەردەوام بە نوسینەکانی ڕەخنەی لە دەسەڵات و حکومەت گرتووە و بەر لە شەهیدکردنیشی چەندان جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی گرتن و کوشتن بووەتەوە، دواجار لەسەر نوسینی وتارێكی ڕەخنەئامێز لەسەر بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵات، بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درا و کۆتایی بە ژیانی هێنرا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.