کێ بەرپرسە لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان؟
بە پێی هەواڵە باوەڕپێکراوەکان ڕۆژی 4 ئەم مانگە بە شێوازێکی چەتەگەری و مافیایی و بە ماشێنیکی بێ ژمارەو بە ڕۆژی روناک وئاشکراو بە بەرچاوی خوێندکاران و پاسەوانانی کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدینەوە و پاش دەستەویەخە بونێکیزۆر، سەردەشت عوسمانی خوێندکارو ڕۆژنامەنوسیان بە زەبری چەک ڕاپێچی ناو ماشینەکەیان کردو ڕفاندیان بۆ شوێنێکی نادیار و رۆژی شەشی مانگ لە گەڕەکێکی شاری موسل تەرمەکەی فریدراوە.
هەڵبەت کوشتن و تیرۆری سەردەشت نە یەکەم تیرۆر و نە دوا تیرۆریش بوەو دەبێت کە لە سایەی دەسەڵاتە پڕ ئاسایش و دیموکراسی یەکەی پارتی و یەکێتی روودەدات لە کوردستان بە گشتی و هەولیر و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بە تایبەتی.
بۆ هەر کەسێکی ئازادیخواز ،چ لە ناوەوەی کوردستان بێت یاخود لە دەرەوە، کە ئەم هەواڵە دەبیستێ دەست بەجێ کۆمەڵی بەڵگە کە ئەم شێوازی تیرۆرە لەگەڵ خۆی هەڵیگرتوە ناچاری دەکات بەر لە دۆزینەوەی تاوانباران،پەنجە ڕاکیشێ بۆ تۆمەتبارکردنی پارتی و ئیسلامی یەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەو بیان کاتە قەفەسی تاوانباری یەوە.
بەڵگەیەکیان ئەوەیە کە وەک لە هەوالەکەدا هاتووە چۆنە ئەم کۆمەڵە چەکدارە بە ڕۆژی ڕوناک توانیویانە بچنە ناو کۆلیژەوە و دەستەو یەخە ببن لەگەڵ سەردەشت و بە زۆری چەک بیکەنە ناو ماشینەکەیانەوە پاشانیش بەناو9-10 بازگەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەری بکەن و بچن لە موسل لاشەی کوژراوی فرێ بدەن.
کێ دەتوانێ کارێکی وا بکات لە شارێک دا کە پارتی ڕۆژانە خۆی بانگەشەی بونی ئاسایش و ئازادی و دیموکراسی و باس لە چاو کراوەیی دەزگا جاسوسی و چەکدارەکانی تری دەکات!!
بەڵگەیەکی تری ڕاستی ئەوەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا دەیان کەسی ڕۆژنامە نوس و کەسایەتی ناکۆکی سیاسی بە پارتی و ئیسلامی یەکان لە ژێر دەسەڵاتی پارتی تیرۆر کراون بەڵام تا ئێستا تیرۆریستانیان دەسگیر نەکردوەو، خۆ ئەگەر دەستگیریشیان کردبێت ئەوە سزایان نەداوە.لەوانە تیرۆری ئارام و ڕووف کامل و ڕیناس و شاپور و قابیل و سۆرانی مامە حەمەو عبدالستار تاهیر شەریف و دەیانی تر.
بەڵام لەم لاوە هەر هەوڵێکی تیرۆر درا بیت لە دژی خودی سەرانی دەسەلات ئەوە بێ سێ دوو دۆزیویانەتەوەو بکەرانیان دەستگیر و زیندان وبە سزای توندو لە سیدارەدان گەیاندوە. نمونەی ئەم زیرەکی و چاو کراوەیی و بێ خەوی یەی دەزگا بەرپرسیارەکانی پارتی لەم بارەیەشەوە دیار و ئاشکران.
بەڵگەیەکی واقعی تر کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە هەمووی چەند ڕۆژێک تێپەری کردوە بەسەر بانگەشەی بکوژو ببڕی مەلاکانی یەکگرتوی ئیسلامی و یەکیتی مەلایانی پارتی و یەکێتی و ئیسلامی یەکانی تر و هێشتا قیڕە قیڕیان لە گویماندا دەزرینگێتەوە کە لە بلندگۆی مزگەوتەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ترەوە دەیان قیراندو هەڕەشەی کوشتن و سزادانی کەسانی ڕۆشنبیر و ئازادیخوازیان دەکرد بە بەرچاوی پارتی دەسەڵاتدارەوە، بەڵام تا ئیستاش نەمان بیست شایەدی دادگایی کردن و سزادانی ئەم بانگشەکارانەی تیرۆر نەبوین لە لایەن پارتی یەوەو تا شایەی تیرۆری سەردەشت عوسمانینیش بوین و ئەم کەیسی تیرۆرەش وەک کیسەکانی تر دزە بە دەرخۆنە دەکریت.
جا ڕەنگە بە ڕواڵەت وا بێتە پێش چاو کە بانگشەی مەلاکان بۆ کوشتنی کەسانی ڕۆشنبیر، بە تایبەتی ئەوانەی ڕەخنە لە ئیسلام و ئیسلامی یەکان دەگرن چ پەیوەندی بەم ڕووداوی تیرۆرەوە هەیە!!.
لە کۆمەڵگایەدا کاتێک کۆمەڵێ مەلای کۆنەپەرست و دەستەو تاقمی ئیسلامی تیرۆریست بە هەزار یەک شێوە لە مزگەوتەوە تا قوتابخانەو پەیمانگاو فەرمانگەو بازار و شوێنی گشتی بە ئازادانە باسی سەرکوت و خەفەقان و کوشتن و سزادان و تیرۆر دەکرێت و سی دی و کاسێتی وتارەکانی ڕۆژانی هەینی مەلا کۆنەپەرست و تیرۆریستەکان پەخش دەکرێتەوەو دەسەڵاتیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات و لە ڕیشەوە دەریان ناکێشێت بگرە ئاویان دەکاتە ژێرەوە تا باشتر چەکەرە بکەن و ببوژینەوە ئەوە ئیتر هەموو ئەم لایەنە کۆنەپەرستە یەکتری تەواو دەکەن و دەبنە سەرو بنی یەکتری.
سەرنج بدەن !لە چەند ساڵی ڕابردوو دەیان و بگرە سەدان ڕۆژنامەنوس و نوسەرو کەسایەتی ئازادیخواز و چەپ و کۆمۆنیست، لە لایەن خودی دەسەڵات و داواکاری گشتی سەربە دەسەڵات و مەلاکان و سەرانی ئیسلامی یەکان، ئەگەر تیرۆریش نەکرابن ئەوە دەرگای دادگا بێ دادەکەی پارتی و یەکیتی یان لێگیراوەو دادگا کراون و زیندان کراون، یاخود ناچار بە هەڵاتن کراون .دەیان نمونەی ئەو کەسە ئازادیخوازانەمان لەبەر دەستە کە لە لایەن سەرانی پارتی و ئیسلامی یەکان و دەزگای ئەوقاف و یەکیتی مەلایانەوە هەڕەشەیان لێکراوەو دادگا کراون، یان ناچار بونە ڕابکەن و کوردستان بەجێ بێڵن.
هەموو ئەم هیرَشانە تەنها بە بەهانەی ئەوەی ئەم کەسە نوسەرو ڕۆژنامەنوس و رۆشنبیرو چەپانە ڕەخنەیەکیان لە ئیسلام و ئیسلامی یەکان و داب و نەرتی باوو یان گەندەڵی و سەرکوتی پارتی و یەکیتی و ئیسلامی یەکان گرتوە .
بۆیە هەر بەم بەڵگە سیاسی یە واقعیانە تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان پارتی لێی بەرپرسە و لە باری نەدۆزینەوەی بە پەلە و ئاشکرای تاوانبارانی راِستەقینە ئەوە پیویستە هەر پارتی تاوانبار بکرێت .
بەڵام واقعێک هەیەو پێویستە ئاماژەی پێ بدەین ئەویش ئەوەیە کە لەهەر شوێنکی جهان کە دەسەڵات ڕۆڵی هەبێت لە تیرۆر کردن دا و مەبەستی نەبێت تاوانباران و تیرۆریستان بدۆزرێتەوە ئەوە هەرگیز ئاشکرا نابن و ناکرێن و بە سزا ناگەن، چونکە بێگومانە کاتێک دەسەڵات هەستێ بە ئەنجام دانی کارێکی تیرۆریستی ئەوە وا پێێ هەڵدەستێ کە هیچ سەرەداوێکی نەدۆزریتەوە.
بەڵام ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەی چارە چی یە؟
ئێمە کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەمێکە ڕامان گەیاندوەو دەڵێین کە تیرۆر دیاردەیەکی سیاسی و عەمەلی بزوتنەوەیەکی لۆمپەنی سیاسی یەو فەردی نی یە.بۆیە هەر دیاردەیەکی سیاسی دەبێت لە سیاقی مێژویی خۆی بە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوپەڕی رادیکال وەڵامی بدرێتەوەو پەرچە کرداری لە بەرانبەر بکریت تا لە ڕیشەوە دەربکێشرێت.
بۆیە لە ڕیشە دەرکێشانی دیاردەی تیرۆریش ئەمڕۆ لە گرەوی بەڕێخستن و گەشەو هەڵدانی بزوتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی مۆدیرن و سکولار دایە کە ڕابەری یەکەی بە دەست بزوتنەوەی کۆمۆنیستی مارکسەوە بێت کە دابینی خواستی بە یاسایی و بە کردەوەی ئازادی بێ قەید و شەرتی سیاسی هەمەلایەنە بکات .دیارە ئەمەش بەدی نایەت بە بێ بەدی هێنانی بە کردەوەی خواستی جیایی دین و، هەر ناسنامەیەکی تری قەومی و تایەفی و عەشیرەتی ، لە دەوڵەت و خوێندن و فێرکردن و وشک کردنی هەموو ئەو سەرچاوانەی کە تیرۆریزم سەری لێی هەڵداوەو گەشەی کردوە.
7-5-2010