سەردەشت و زەمەنێکی وەستاو


شوان حەسەن:

ئەوە چەند ساڵە مام عوسمان بە بێ ئەوەی هیچ بڵێت بەسەر کۆی ئەو نووسین و دروشمانە بازیدا ،بەڵی لە بێدەنگیەکەی ئەودا شەهامەت دەبارێت.
دۆستۆیفسکی لە” یادەوەرییەکانی ژێر زەوی” پێمان دەلێت بۆ ئەوەی خاوەن شەهامەت بیت پێویست ناکات خوێندەواربیت، بەڵێ دۆستۆفسکی ئەوەش چاک دەزانێ مرۆڤی خوێندەواری خاوەن شەهامەت، شوێنێکی گەورەتر دەگرێت، بەڵام نەخوێندەواری هۆیەک نییە بۆ ئەوەی شەهامەت بدۆڕێنیت.
مام عوسمان جیاوازە، ئەو نایەوێت منداڵی خەڵکانیتر هەمان چارەنووسی جگەرگۆشەکەی ئەویان هەبێت، ئەو نایەوێت سەردەشتەکان زۆربن.
ئەو دەزانێت مەرگی جگەرگۆشەکەی بەسە بۆ ئەوەی ئەو تاوانبارانە بدرێنە دادگا و ئەو میللەتە بحەسێتەوە، ئەو باش دەزانێت جگەرگۆشەکەی خۆی کردە قوربانی بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر و پڕ سەروەریتر بۆ ئەوانیتر فەراهەم بکات.
ئەو دەزانێت كوڕەكەی بە مەرگی خۆی توانی لوتكەی دڕندەیی ئەو دەسەڵاتە بە ئێمە پیشان بدات، تا وەک خۆی گوتەنی” مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کەشایستەی ژیانە تراژیدیایەکەم بێت”. مام عوسمان دەزانێت دەرەقەتیان نایێت، بەڵام تەنها بەوەندەی کە نایانبورێت و بە سوڵحە عەشائیریەکانیان ڕازی نییە، بووە بە کێوێک و لە بەر بەرزی لە دوورەوە سەیری دەکەن،ئاخر ئەو دەسەڵاتە خێڵەکیە،
چۆن مەراق بەدەست ئەو دەشت و کێوە ناخوات، لە کاتێکدا توانیان ئەو کەڵە نوسەرە “غەمبار” تر بکەن و، بە سوڵحی عەشائیری بێ غەمی بکەن ، کە لە ڕێگای ڕوداوێکی هاتووچۆدا جگەرگۆشەکەیان تیرۆرکرد.کەچی نەیاتوانی پیاوێکی جوتیار بە دادگاییە خێڵەکیەکەی خۆیان کە باڵاترین دەسەڵاتە واتە بە” سولحی عەشائیری” ڕازی بکەن،ئەگەر ئەوە مەراق نەبێت بۆ دەسەڵاتێکی خێلەکی ئەی چی مەراقە؟دڵنییامە دۆستۆیفسکی دەیزانی ڕۆژێک مام عوسمانێک دێت تێروانینەکەی بۆ دنیا دەسەلمێنی ” شەهامەت پەیوەندی بە نەخوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرزنییە” بۆیە بەئارامی خەوت و تاکە داوای ئەوەبوو لە هاوسەرەکەی لە گۆڕستانی ئەدیبەکان نەینێژن.
ئەوانەی منداڵی خەڵک هاندەدەن بۆ زیادبوونی نموونەی سەردەشتەکان، چی یاریەک بەو زەمەنە دەکەن،کزەی جەرگم؟
چەند جار لە یادەکانت بە دڵێکی شکاو گەڕاومەتەوە ماڵەوە، ئاخر خەڵکانێک باسی تۆ دەکەن بوێری ئەوەیان تێدانییە، بچوکترین بەڵێن بدەن، تەنها بەڵێنک و بەس.
نامەوێت ناویان بینم،تۆ بۆخۆت سەیرێکی سایت و پەیچەکانت بکە، چۆن لەوێ دۆستی بکوژەکانت پێدەکەنن، دەبێت پرسیار لە تۆبکەم، ئەرێ بۆ و بەچی پیدەکەنن؟ دەبێت چۆن هاتبە ئەوێ؟
ناتوانم باسی کۆی یادەکانت بکەمەوە، تەنها یادێکت بۆ دەگێڕمەوە،لەوێ کەسێک قسەیدەکرد و گوتی: ئەو نوسینەی من، دوای چەند ڕۆژیتر لە ڕۆژنامەی…(ڕۆژنامەیەکی دەسەڵاتی گوتی، شەرم دەکەم ناوی بێنم، بەڵام ئەو لە یادەکە گوتی) بڵاودەکرێتەوە، لەبەر ئەوەی لێکوڵێنەوەکەی ئەکادیمی و گرنگە. بیانووی ڕۆشنبیرە ترسنۆکەکان، چەند ناشیرینە ھاوڕێم؟
هاوڕێم هەتا ئێستاش ئەو خەڵکە بوێری ئەوەی تێدانییە، بایکۆتی ڕاگەیاندنەکانی ئەو دەسەڵاتە بکات،لە بەرانبەر تۆیەک کە ” یەکەمین زەنگی کوشتنت لێدەدرێت” و شاریان بۆ چۆڵ ناکەیت، بۆیە دەڵیم ئای لەو زەمەنە وەستاوە؟چونکە هیچ نەگۆڕاوە، تا هەنووکەش ناتوانین بچوکترین هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرانبەر ئەو دەسەلاتە بنێنین و لە یادەکەت دەڵێن، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە دادگایی هەیە و ئەگەر ئەو دەسەلاتە…، سەیر نیە دوای ٢٩ ساڵ لە دزی و ناعەدالەتی ئەو دەسەڵاتە و لە دەستدانی هەموو بەها و شەرعیەتێک، پاش ١٠ ساڵ لە تیرۆکردنی تۆ، بە “ئەگەر” لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بدوێین.
تەنها هێندە دەڵێم لەیادی تۆ، ٢٩ ساڵە ویژدانم ئاسوودەیە،لەبەر ئەوەی قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو دەسەڵاتەم بە نوێنەری خۆم نەزانیوە و قەتیش دەنگم پێنەداون، نە یەک وشەم بۆ ڕاگەیاندنەکانیان نوسیوە و نەیەک قسەشم بۆ کەناڵەکانیان کردووە، هەرواش دەمێنمەوە، دڵم بە بوونی مام عوسمان خۆشەوە و لە شەهامەتی ئەو ووزە وەردەگرم.

Leave A Reply

Your email address will not be published.