ڕۆنووس:سەردەشت عوسمان، مرۆڤێک لە یادکردنەوە گەورەتر

وتاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ كە بۆ یادی چواردەهەمین ساڵی تیرۆركردنی جوانەمەرگ برای بەرێز دكتۆر جەعفەر عەلی لەیادەكەدا خوێندویەتیەوە..
سەردەشت عوسمان، مرۆڤێک لە یادکردنەوە گەورەتر
ئەمڕۆ (٥/٥/٢٠٢٤)، چواردە ساڵ بەسەر یادی تیرۆری سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری دوا قۆناغی خوێندنی بەشی ئینگلیزی کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدیندا تێدەپەڕێت، هەر ئەمڕۆش دوای چواردە ساڵ، هێشتا سەردەشت، لە هەموو کاتێک زیادتر، نە تەنیا لە خێزان و بنەماڵەکەی، بەڵکو لە ڕۆح و ژیانی تەواوی ئازادیخوازان، هەر مرۆڤێکی بڕێک لە ویژدان و ئەخلاقی مرۆیی تێدا بێت، نزیکتر و گەورەترە.
ڕۆژی ڕفاندن و دواتریش تیرۆری ئەو گەنجە ڕۆژنامەنووسە، لە مێژووی ئێمەدا، خاڵێکی جیاکەرەوەیە لە نێوان جیهانێکی تاریک و داخراو، کە هەوڵدەدات فیشەک بە گەرووی ئازادیدا بکات و پەنجە سرکەکانی نووسین بشکێنێت، لەگەڵ جیهانێک، کە بە کەمتر لە ئازادی و داننان بە بوون و کەرامەتی وەک مرۆڤێکی ڕێزلێگیراو، ڕازی نابێت. ڕاستە پەلامار بۆ سەر ئازادی و کەرامەتی ئینسان، تەنانەت تیرۆر و سووکایەتیش بە بەها و پیرۆزییەکانی نیشتمان و نەتەوە، مێژوویەکی کۆنتر لە تیرۆری سەردەشت عوسمانی هەیە، بەڵام هەندێجار ڕووداوێک، تراژیدیایەک لە نێو ڕووبەرێکی تراژیدی گەورەتردا، دەبێتە پنتێکی گرنگی وەرچەرخان و ئاوڕدانەوەیەکی جددی لە خۆمان و ئەو جیهانەی لە ناویدا دەژین، ئاوڕدانەوە لە بوونی مرۆیی و ماف و ئازادیمان، لە کەرامەت و فۆرمی ژیان و گەورەیی ئەو مەترسییانەی دەشێت ڕووبکاتە ماڵی هەر یەکێکمان، هەر قەڵەمێکی ئازا، هەر دەنگ و هاوارێک بۆ ئازادی.
بە دیدی ئێمە، تیرۆری سەردەشت، ئەم پنت و خاڵی وەرچەرخانە بوو، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو ڕۆح بوو، ڕۆحێک دەخوازێت لەسەر خوێن و تیرۆر بژی، ڕۆحێکیش سرک و یاخی، ئامادە نییە لە بەرانبەر هیچ نرخێکدا، دەستبەرداری ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆیی خۆی بێت، ئەو ڕۆحەی قوربانی بە گەورەترین سەرمایەی خۆی دەدات و دوای تیرۆرکردن و مەرگیش، وەک سیمبول و هێمایەکی زیندوو لە یاد و دڵی کۆی ئازادیخوازان و مێژووی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
تیرۆری سەردەشت هەڵگری زیاد لە پرسیار و گومانێکە، ئەو لە ناوەڕاستی پایتەختدا و بە ڕۆژی ڕوناک، لە کاتی دەوامی فەرمی و چەند کیلۆمەترێک دوور لە باڵەخانەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، دەڕفێنرێت و، بە نێو شار و بەو بازگانەدا دەبرێتە دەرەوەی شار، کە هەر هەموویان چاوی دەسەڵاتی حیزبی و پاسەوانی حیزبن. دوای ئەوەش، نەک هەر بە نامرۆڤانەترین شێوە تیرۆری دەکەن، بەڵکو دوای تیرۆرکردنیشی، سیناریۆ بۆ فراوانکردنی بازنەی تیرۆرەکە دادەڕێژن و دەخوازن کەسایەتی سەردەشت و بنەماڵەکەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەرچی زیادتر پڕ زام و برین بکەن، سیناریۆیەک، جگە لە قوتابیانی دەسەڵات و ئەقڵە فاشیستەکانی مێژوو، جگە لە جەللادانی شمشێر بەدەست و بەردەم مەقسەڵەکانی تاوان، نە لە کەسێکی دیکەدا ئامادەیی هەیە، نە لە جێگەیەکی دیکەدا بوونی ماوە.
ڕۆحی سەردەشت، ڕۆحێکی گەورەتر لە دەستەمۆبوون بوو، ڕۆحێکی ناڕازی و یاخی، ناڕازی لە بێدادی و یاخی دژ بە ستەم و ستەمکاری، ڕۆحی سەردەشت، لە ڕۆحی ئەو جەنگاوەرە ڕاستەقینە دەچێت، کە دەزانێت بەرپێکانی مینڕێژ و چواردەوری بە تەلی دڕکاوی قینی خێڵەکیانە و دژە ئازادی تەلبەند کراوە، بەڵام ئەو دەخوازێت لە نێو ئەو تاریکی و دڕک و دونیا ژەنگ گرتووەدا، شەڕی ئازادی و بوونی مرۆیی خۆی و شکاندنی تەلیسمە پڕ تەم و دڕکاوییەکانی دەوری کۆمەڵگە بکات. ئەو بە هەموو هێزییەوە هەوڵیدەدا سنورە پیرۆزکراوەکانی حیزب، سیاسەت و غروری خێڵەکیانە تێکبشکێنێت، ئەو سنورانەی لە دونیایەکی مۆدێرندا، هەوڵدەدات مرۆڤەکان بباتەوە نێو دونیا تاریک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خێڵەکییە بچووکەکانی خۆی و تەواوی کۆمەڵگە و ژیان و ئازادی مرۆڤەکانیش لە نێو ئەم دونیا و پرەنسیپە بەسەرچووانەدا دیزاین بکاتەوە.
سەردەشتی ڕۆژنامەنووس، ئەو قەڵەم و پەنجە سرکانەی نووسین بوو، کە بوونی خۆی بە شەڕی بە چۆکداهێنانی ئەو گوتار و چیرۆکە کۆمەڵایەتییە سواوانەی مێژوو بەخشی، شەڕێک هەڵگری مژدەی گەورەی ئازادی و بچووککردنەوەی ڕووبەرە تاریکەکانی مێژوو بوو. کاتێک سەردەشت لەگەڵمان بوو، خۆی و هێزی قەڵەمەکەی، هێزی ئەم گۆڕەپانە و ململانێ سەختە بوون، ئێستایش و دوای خۆی، ڕۆحی زیندووی ئەو و ئەخلاقی ئەو، ڕوناکی وشەکانی و ئازایەتی و هەڵوێستەکانی، لە پشتی هەموو قەڵەمێکی بە هەڵوێست و هەموو مرۆڤێکی جەنگاوەری دژ بە تاریکی و ستەم، وەک قەڵا دێرینەکەی هەولێر بە گەورەیی و نەمری وەستاوە و چیرۆکی هێز و ئازایەتی بە هەمووان دەبەخشێت.
لە کۆتاییدا،
سڵاو بۆ ڕۆحی سەردەشت و کۆی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین، کە دەستی غەدر و ستەم، جگە لە فیشەک و خوێن، وەڵامێکی دیکەی پێنەبوو بۆ وشە و نووسینەکانیان.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ
“ڕۆنووس”
5/5/2024
Leave A Reply

Your email address will not be published.