مامۆستایەکی زانکۆ:سەردەشت.. نمونەی قوتابیەکی باڵا
جارێکی تر شەهید سەردەشت ئێمەی لێرە کۆ کردۆتەوە، بۆ ئەوەی پێکڕا پەیمانی ئازادی و بەرگری لە مافی مرۆڤ و ڕادەر بڕین لەسەر گۆڕەکەی نوێ بکەینەوە.
شەهید سەردەشت وەک قوتابیەکی زانکۆ، جگە لە بەهرەمەندی لە پسپۆڕیەکەی خۆی، خوێنەرێکی زۆر وردی فکر و واقیعبینێکی چاوتیژ بو. دەمەوێت بڵێم پسپۆڕییەکەی خۆی کە زمانی ئینگلیزی بو، خستە مەیدانی کارەوە، مەیدانی کاری ئازادی و دادپەروەری و بەرگری لە مافی هاوتەمەنەکانی خۆی. لە ڕاستیشدا ئەرکی هەمو قوتابیەکی زانکۆ ئەوەیە، کە پسپۆریەکەی خۆی لە دەرەوەی زانکۆ بخاتە مەیدانی کارەوە.
ئەگەر بە ڕاستی زانکۆ و کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان لە خەمی پێگەیاندن و دروستکردنی نەوەی دواڕۆژ و گەنجی پڕ مەعریفە و سەرکردەبن، ئەوا دەبو گەنجێکی وەک سەردەشت وەک بیلبیلەی چاوان بپارێزن، نەوەک کاتێ هەڕەشەی لێکرا، پشتیان تێکرد و سەردەشت گوتەنی باکیان بە مردنی نەوەکانیان نەبو و ئێستاش نیە.
من لە ماوەی چەندین ساڵەی پیشەی مامۆستایەتیم لە زانکۆ، زۆر قوتابی زیرەک و بە توانام هەبووە، بەڵام زۆر بە دەگمەن تێیاندا هەبووە، کە خەمی بەرژەوەندیی گشتی و خەمی ئازادی و مافی گەنجانەیان هەبوبێ. من بۆ یەک جاریش سەردەشتم نەدیوە، بەڵام لە تێکستەکانی جگە بە توانایی لە پسپۆڕیەکەی خۆی، بیری قوڵ و مەعریفەیەکی فراوانی لە بوێری و هەڵوێستەکانیدا تواندۆتەوە.
بە ڕاستی بۆ ئەوەی زانکۆ بتوانێ قوتابیی باڵا و قوتابیی گەنجی سەرکردە بەرهەم بێنێ، دەبێ سەردەشت وەک قوتابیەکی دیاردە و نمونەی باڵا دیراسەی لەسەر بکرێ، بە تایبەتی لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی تایبەت بە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری، چونکە جگە لە وتارەکانی، گەر لە کارە ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕانەکانی سەردەشت ورد بینەوە، کە لە زمانی ئینگلیزیەوە وەریدەگێڕان، بەڕاستی کارەکانی لە هی کەسێکی بە تەمەنی ئەزموندار دەچن، نەوەک گەنجێک کە هێشتا زانکۆشی تەواو نەکردبێ.
ساڵانێکە زانکۆ بۆتە ئەدای قەرزی حیزب بۆ ئەندامەکانی. هەر ئەندامێکی بێتوانای حیزبی کە لە حکومەت پۆستی بۆ نامێنێتەوە، حیزب ڕێک وەک قەرزدانەوە دەینێرێتە بەر خوێندنی باڵا و دواتریش لە زانکۆ پۆستی گەورەی پێ دەدا، ئەویش وەک ئەوەی لە لق و مەڵبەند دەوام بکا، کاری دەبێتە حیزبایەتی نەوەک بەرهەمهێنانی مەعریفە و پێگەیاندنی قوتابیانی ئازا و ئازاد و ملکەچنەبو.
ئیتر کە پۆستە باڵاکانی زانکۆش درانە کەسانی حیزبی، بە دڵنیاییەوە زانکۆ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر هەژمونی حیزب، ئەو کاتەش زانکۆ سەردەشتەکان ناخوێنێتەوە و دەربەدەریان دەکا و قوتابیەکی بێ مەعریفەی شەقوەشێنی تەزویرچی دەکاتە نمونەی باڵای زانکۆ.
من لێرەوە دەستی پلە سێوێ و مام عوسمان ماچ دەکەم، کوڕێکی وەک سەردەشتیان پێگەیاند، کە پێش ئەوەی زانکۆ تەواو بکا، بووە مامۆستای هەمومان.
5/5/2024 – هەولێر