ریکخراوی یونسکۆ: هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئاشکراکردنی راستییەکانی چارەنووسی سەردەشت عوسمان
بۆ یەکەمین جار دوای (١٥) ساڵ لە تیرۆرکردنی رێکخراوی یونسکۆ لەبارەی سەردەشت عوسمان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە: یەکێک بوو لەو دەنگە ئازادانەی بەدوای راستییەکاندا دەگەڕا و بە گیانی خۆی باجی بۆ دا، دەقی بەیاننامەکەیە:
ئەمڕۆ یادی پازدەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس ( سەردەشت عوسمان )دەکەینەوە، کە یەکێکە لەو دەنگە ئازادانەی کە بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕا و بە گیانی خۆی باجی بۆ داوە. هەروەک لە یادی بەڕێزیان، بانگەوازی خۆمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێکیان بدەن بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی چارەنووسی، و چارەنووسی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها دڵنیابن لەوەی تاوانباران، هەرکەسێک بن، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی ڕێکخەرانی ئەم چالاکییە دەکەین، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین لە بیستنی دەنگی خۆیان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە، چ ناوەندی و چ ناوچەیی.
سەردەشت عوسمان وەک زۆرێک لە هاوکارەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان نموونەی ئازایەتی ڕۆژنامەوانی بوو. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە عێراق زیاتر لە ٥٣٧ ڕۆژنامەنووسی لەدەستداوە – ژمارەیەکی دڵتەزێنە کە ڕەنگدانەوەی ئەو تەحەدایە سەختانەیە کە ئەوانەی لەم بوارەدا کاردەکەن بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
یونسکۆ بەردەوامە لە داواکردن لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ڕۆژنامەنووسان و سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بە بێسەروشوێنکردن و تیرۆرکردنەوە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بکەن، بەمەبەستی دڵنیابوون لە پرەنسیپی بێ سزایی.
ئەمڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی سەردەشت عوسمان وەستاوین، لەگەڵ بنەماڵەی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئازیزانیان لەدەستداوە، و هەستی هەم خەم و هیوایان لەگەڵدا هاوبەش دەکەین- خەم بۆ ئەو دەنگە بوێرانەی لەدەستمان داوە، هیوادارین ڕۆژێک دادپەروەری خزمەت بکرێت. لە 3ی ئایاری 2025 لەگەڵ سەرۆکی حکومەت لە بەغدا یادی قوربانیدانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەریمان کردەوە.
ساڵی ڕابردوو لە پارکی ئازادی پەردە لەسەر “مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت” لادرا، بە ئامادەبوونی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەسەر ئەم یادەوەرییە ناوی سەردەشت عوسمان لەگەڵ ناوی ڕۆژنامەنووسانی دیکە، بۆ ڕێزگرتن لە قوربانیدانەکانیان نووسراوە. ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووسێک بووە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا کوژراوە و شایەنی ئەوەیە لە هەموومان داوای ڕاستی و دادپەروەری بکەین.
ئێمە وەڵامی حکومەتی عێراق بەرز دەنرخێنین کە ڕوونی کردەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژنامەنووس بە دەستی گروپە تیرۆریستییەکان کوژراون و لە کۆی زیاتر لە ٣٠٠ دۆسیە تەنها ٩ دۆسیە لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا داخراون. هیوادارین شەفافیەت و هاوکاری زیاتر لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەبێت، پەیامەکەش ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
تەنها دوو ڕۆژ دوای ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری، پرسیارەکانی یونسکۆ سەبارەت بە چارەنووسی ڕۆژنامەنووسانی کوژراو بێ وەڵام ماونەتەوە، ئەمەش پێویستی پابەندبوونی زیاتر بە پاراستنی ئازادییەکانی ڕاگەیاندن بەهێزتر دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری ساڵی 2025، عێراق لە کۆی 180 وڵات لە پلەی 155 دایە. سەرەڕای هەندێک هەنگاوی ئەرێنی، هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ ماوە بەرەو ژینگەیەکی میدیایی ئازاد و سەلامەت.
ڕاپۆرتەکانی یونسکۆ لەسەر ئەم بابەتە لەسەر حەوت بنەمای سەرەکی دامەزراون کە بریتین لە ئازادی ڕادەربڕین وەک مافێکی بنەڕەتی، فرەیی میدیا، سەربەخۆیی میدیا، سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، گۆڕینی دیجیتاڵی و ئازادی ڕادەربڕین، هەروەها ڕۆڵی میدیا لە گەشەپێدان و دیموکراسیدا.
لێرەوە داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەنگاوی کۆنکرێتی بن بۆ دامەزراندنی ژینگەیەکی یاسایی و سیاسی و ئابووری کە ئازادیەکان بپارێزێت و ئازادیی کاری میدیایی گەرەنتی بکات و ڕۆڵی چاپەمەنی وەک لقی چوارەمی حکومەت بەرز بکاتەوە کە بەشدارە لە بنیاتنانی دەوڵەت و بەدیهێنانی دادپەروەری.
لە دڵەوە هیوادارین ساڵی داهاتوو بگەڕێینەوە بۆ ئەم شوێنە، لەگەڵ تاوانباری تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە دادگاییکردندایە. ئەمەش دەبێتە پەیامێکی هیوا بۆ هاو ڕۆژنامەنووسەکانی و نیشانەیەکی ڕوون دەبێت کە دادپەروەری ئەگەر دوابکەوێت هەرگیز نامرێت.
سوپاس بۆ هەمووتان
دکتۆر دیا السارای
بەرپرسی پەیوەندییەکان و بەرنامەکانی یونسکۆ