بۆ نابێ لەیادی تێرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا خەمباربین؟
کاتێک وێنەی سەردەشت عوسمانی مەزنمان پێش چاوان دەکەوێ، نابێ ڕێگە بەخۆمان بدەین، نیشانەی فرمێسکی لەسەر دانێین، نابێ لەگەڵ باسی ئەودا خەمبار بین یان لێگەڕێین وەک هەر ڕووداوێکی تری ناخهەژێن لاواز ببین، چونکە ئەمە نە ئامانج و ویستی سەردەشت بووە نە زیگناڵی ئەوانەش کە تێرۆریان کرد هی ئەوەیە مرۆڤی ئازادیخواز سەریان بۆ دانەوێنێ، بەڵکوو پێویستە بە سەری بڵند و خەندە و هیواوەوە کاردانەوەکان بۆ وێنە و نووسین و هەر لەسەر وەستانێک پێشان بدرێن.
گەر بە هەر هۆکارێک کەسێک ناتوانێ لەیادی ئەو تاوانەدا کاردانەوەی هەبێ، خۆ دەتوانێ لەنێو ناخی خۆیدا ھاوارێک بۆ گەورەیی ئەو زاتە بکات و بڵێ: بەڵێ بۆ ئازادی، بەڵێ بۆ پاراستنی شکۆی سەردەشتەکان و هەر مرۆڤێک، بڵێ: بەڵێ بۆ ژیانێک کە پاراستنی شکۆم تێیدا بەدی دێت!
“سەردەشت عوسمان” تەنها ناوێک نییە تێرۆر کرابێ و واتای گریان و بەزەیی پێداهاتنەوە بێ نا، ئەو ڕێک پێچەوانەکەیەتی، ئەو “هێمایە”، هێمای سەربەرزکردنەوە و باوەڕبەخۆبوون و بەپێوە وەستانی هەر کەسێکە، کە دەیەوێ ئازادانە و شکۆمەندانە بژیی!
فرمێسک و بەزەیپێداهاتنەوە خۆی بۆ ئەوانەیە، کە لە ناوی سەردەشت عوسمان و هەر کەسێک دەترسن، ھاوار بۆ ئازادیی و پاراستنی شکۆی تاک دەکەن!
بەڵێ سەردەشت عوسمان هێمای سەربەرزکردنەوە و پاراستنی کەرامەتی تاکە، ئەو بەگیانی خۆی بە ھەمووانی گوت:
سەربڵند بکەن و کەرامەتتان بپارێزن، ئەو پێی گوتین: پاراستنی شکۆ و ژیانێک بە سەری بڵندەوە لە هەموو شتێکی تر گرنگترە، پێی گوتین: تەنانەت گەر مرۆڤ شکۆی پارێزراو نەبێ، مردن بۆی باشترە!
دەزانن ئەو ئەوەی بە بەپێکەنینەوە پێ گوتین، نەکو بەگریانەوە؟!
چونکە مرۆڤ ناتوانێ شکۆی بەفرمێسکەوە لەپێش تاوانکاراندا بپارێزێ.
بۆیە سەردەشت و ویستەکەی بەگریان و سەرداخستن و بڵاوکردنەوەی وێنەی کەوتووی ئەو دەکەوێ و ئامانجە گەورەکەش بەوە زیانی پێ دەگات.
بە سەربەرزکردنەوە و پاراستنی شکۆمان، ڕۆحی سەردەشت و سەردەشتەکان شاد دەبێ و هاوار بۆ ئازادیەکەشی هەر بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە!
سەردەشت عوسمان تۆ ھەمیشە لێرەیت، تۆ ھەر بە بڵندی ماویتەوە و دەمێنیتەوە، تاوانبارانیش بۆ ھەمیشە لەگەڵ هەستی ترس و تۆقیندا دەژیین.
‘چەند بچووکن ئەوانەی لەبەرانبەر نووسین و پرسیاردروستکردندا دەست بۆ چەک دەبەن’.
