چەند دێڕێک لە یادی شەهید سەردەشت عوسمان، ئەو دەنگە ئازایەی کە قەڵەمی کرد بە چەک و ڕاستی کرد بە مردن

مژدە نەورەس:
من وەک گەنجێکی تازە پێگەیشتوو دوای شەهیدکردنی سەردەشت پرسیار دەکەم هیوادارم وەڵامم بدرێتەوە، “ئایا دوای کوشتنی ڕۆژنامەنووسێک بە دەستی حیزبێکی ڕزگاریخواز، هێشتا قسەکردن لەسەر ڕزگاری مومکینە؟ ئەم پرسیارە خۆی بەڵگەی قەیرانی پڕۆژەی نیشتمانیی کوردییە ئەگەر جواب نەدرێمەوە!
ئاخر کاتێک دەسەڵات لە ڕستەیەک دەترسێت زۆر شت ڕوودەدات ئێمە پەی پێنابەین، بۆ نموونە لە فەلسەفەی سیاسیدا، هانا ئارێنت دەڵێت توندوتیژی دەستپێکی نەبوونی دەسەڵاتە، نەک نیشانەی هەبوونی، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت بۆیە شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان نەک بەڵگەی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵکوو ئاشکراکردنی ئەو کاتە مێژووییە بوو کە دەسەڵات گەیشتە سنووری دواهەمین بەڵگەی و شەرعیەتی بنەماڵەکەی!
میشێل فۆکۆ لە دێڕێکیدا خوێندوومەتەوە دەڵێت دەسەڵاتی نوێ لەشی نامێنێت بۆ سزادان، بەڵکوو ڕۆح ڕام دەکات.
کەچی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستان وایانزانی بە ڕام کردنی ڕوحێک لە لەشێکی ٢٣ ساڵان دەتوانن دەنگێک ڕام بکەن، بەڵام نەیانزانی دەنگ خوێن نییە کە بڕژێت، بەڵکوو ڕووناکییە کە لە هەر برینێکەوە دەتروسکێتەوە. ئەمەش دەرهەق بەوەبوو لە وڵاتێکدا کە قەڵەم تاوانە و بێدەنگی فەرزە، سەردەشت تاوانی ئەوەی کرد کە مرۆڤ بێت لە سەردەمی نامرۆڤیدا.
هایدگەر دەڵێت مرۆڤ “بوونێکی بەرەو مەرگ”ـە، بەڵام سەردەشت پێی ڕاگەیاندین کە لە کوردستاندا، مرۆڤ “بوونێکی بەرەو کوژران”ـە.
هەر بۆیە سەردەشت لە سەرەتای ژیانیدا کوژرا، چونکە دەسەڵات لە کۆتایی ئابڕوو چوونی خۆیدا بوو، ئەوان نەیانتوانی لە ڕۆشنبیرییەکی لاوەوە ڕزگاریان بێت، چونکە تاریکی هەرگیز ناتوانێت چرایەک خۆش بکات بێ ئەوەی بسووتێت.
سەردەشت هۆمۆ ساکێری کوردستان بوو، کە ڕووتترین مرۆڤ بوو لە یاسا.
ڕوونە سەردەشت بوو بە “ڕووداو”، نەک “تاوان”. لە فەلسەفەدا دەڵێن “مرۆڤ ئەو کاتە دەمرێت کە لە بیر بکرێت”، بەڵام ڕێک پێچەوانە سەردەشت لە هەموو ئان و ساتێکدا لە هەموو هەڵبژاردنێکی ساختەی پارتی، بە هەر پەنابەرێکی نوێی هەرێم، بە هەر گوللەیەک کە لە دەمی ڕاستی دەردەچێت، لە دایک دەبێتەوە.
لای کامۆ وەهابوو شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەوەیە کە “نا” بڵێت، بەڵام لە هەمان کاتدا “بەڵێ” بۆ بنەمایەکی مرۆڤی بڵێت؛، سەردەشتی مەش “نا”ی بە دیکتاتۆریی حیزبی گوت و “بەڵێ”ی بە کەرامەتی مرۆڤی کورد گوت، ئەمەش دۆۆڕاندنی هەموو بنەماڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی هەرێمی لێکەوێتەوە.
لای نیچە، ئەخلاقی کۆیلەیی ئەوەیە کە لاوازی بکەیت بە پیرۆزی و بێدەنگی بکەیت بە دانایی، دەرکەوت ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە لە کوشتنی سەردەشتدا بێدەنگ بوو، خۆی تووشی ئەو ئەخلاقە کرد، چونکە دەسەڵات لە کوردستاندا فێری کردوون کە ترس بە ژیری تێکەڵبکەن!
حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت شارستانیەتێک لە هەولێر دروست بــکات کە لەژێر بناغەکانیدا، تەرمی سەردەشتی تێدایە!
سەردەشت ئێستا شەبەحی کوردستانییە، شەبەحێک کە لە هەر هەڵبژاردنێک، لە هەر کۆنفرانسێکی پارتەکەدا، لە هەر بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەردەکەوێت و دەپرسێت “بیرتان نەچووم؟
هەرێمی کوردستان ڕاستە کە چیاکانی بەرزن بەڵام سەقفی ئازادی تیایدا نزمە، ئێره شوێنێکە کە حیزب بووە بە خوداوەند!
مردنی سەردەشت فێری کردین کە دادپەروەری تەنها دادگا نییە، بەڵکوو یادەوەرییە، تا یادی سەردەشت زیندوو بێت، دادپەروەریی دەگونجێت هەبێت!
Leave A Reply

Your email address will not be published.