وابریاربوو ؛ئازادی ساباتی هەمووان بێت !
لەساڵیادی تێرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، تەنها یادی خوێندکارێک ناکەینەوە، بەڵکو یادی شکانی شکۆ و ئازادییەک ، دوای ڕاپەڕین و ڕزگاری، وابڕیار بوو ، ببێتە ساباتی هەمووان دەکەینەوە.
هەرگیزلە پەرلەمان ئەو ساتەم بیر ناچێتەوە. چەند خوێندکارێکی هاوڕێی سەردەشت بەپەلە و بە هەناسەسواری، هاتنە لام وهەواڵی ڕفاندنی هاوڕێکەیان پێدام.. وەک ئەرکێکیی ئەخلاقی ،بێ دوودڵی پرسیاری ڕفاندنی( سەردەشت)م ئاراستەی وەزیری ناوخۆ کرد. پەرلەمان ئەوکات شوێنی هاواری خەڵک بوو، ئەمڕۆ لە پرسیار گەڕێ، کە نیە .پەرلەمان پەکخراوە و دەنگی میللەت کەنار خراوە.
با وەک وەفایەک بۆ خوێنی سەردەشت و بۆ مێژوو، وەڵامی ئەو کاتەی وەزیری ناوخۆ بڵاوبکەینەوە. با خەڵک بزانێت دەسەڵات چۆن لە ئاستی بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیانی هاوڵاتییەکدا، تاوانەکەی گوزارشت لەئازادی بیرورا بوو، خەمسارد بوو.
ئێمە دەمانویست لە نیشتمانێکدا بژین
هێزەکەی بۆ پاراستنی گەل بێت .
زپیندانی سیاسی تێدا نەبێت و کەس لەسەر بیروڕای جیاواز نەگیرێت.
تێرۆری فیکری و جەستەیی (غافڵکوژکردن) کۆتایی بێت.
لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مادام میتران پێی وتین:ئەگەر ڕێگای هەڵبژاردن و دیموکراسی بگرنە بەرو بەردەوام بن ، هەموو جیهان پشتیوانتان دەبێت . ئەفسوس، ئەمڕۆ لە جیاتی دیموکراسی،لە لێواری خەرەندێکی قووڵدا لە ناکۆکی و ململانێی لەگرێژنە دەرچوو داین کە هەموو کایەکانی ژیانی گرتووەتەوە،ئەگەر جارێکیتر دەرفەتی گۆڕانکاری ڕەخسا ، دەبێ بۆ ئەو بنەمایانەی سەردەشت و هاوڕێکانی پێیان وابوو شایستەی ئەم گەلەیە بگەرێینەوە .
هەزاران سڵاو بۆ ڕوحی سەردەشت عوسمان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی
