لە یادی ١٦ ساڵەی تیرۆری سەردەشت عوسمان، پەیامێک

ئەمڕۆ باس لە بیرەوەری و خەباتی هاوڕێ سەردەشت عوسمان دەکەین، ئەو ڕۆژنامەنووسەی کە ١٦ ساڵ پێش ئێستا لە کوردستان بە هۆی ئەوەی ڕاستی دەنووسی و ڕەخنەی لە دەسەڵات دەگرت، تیرور کرا, وە تا ئێستا هیچ دادپەروەرییەک کە ھەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا داوای دەکەینەوە لە پەیوەند بە تاوانبارانی کوشتنی سەردەشت بەدی نەکراوە و تاوانباران بەبێ سزا ماون. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە سیستەمی دەسەڵات خۆی نادادپەروەرەو بەرامبەر دادپەروەری و ڕاستی وەستاوە.
سەردەشت تەنها ڕۆژنامەنووسێک نەبوو، بەڵکو دەنگێکی ناڕازی بوو لە پێناو کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش وە ھەموو ئەوانەی کە بەژیان لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ناڕازیبوون دەسەڵاتێک کە ژیانێکی شاھانەی بۆ کەمایەتیەکی دەستڕۆشتووی کۆمەڵگا درووست کردووە و ملیۆنەھا خەڵکیشی لە ھەژاری و نەداریدا ڕاگرتووە و لە ھەمان کاتدا بەسەرکوتی ئازادی و زیندان و کوشتن ھەوڵی ڕاگرتن و ھێشتنەوەی ئەم دەسەڵاتە دەدات.
ئەو دەیزانی کە تەنھا نووسین و ڕەخنەو دەرخستنی دزێویەکانی ئەم دەسەڵاتە بەس نیە بەڵکو بۆ بەدیھێنانی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی سەردەشت باسی شکاندنی بتەکانی دەسەڵاتی دەکرد، بە واتایەکی تر لابردنی گشت سیستەمی حکومداریەکەیان، بەم مانایە ئەو دەنگێک بوو وە بانگەوازی خەباتێک بوو دژی سیستەمی سەرمایەداری کە نادادپەروەری و زوڵم درووست دەکات وە ئەم بتانەش نوێنەرایەتی دەکەن. لە ژێر ئەم سیستەمەدا، گەیشتن بە دادپەروەری ئیمکانی نییە، چونکە هێز و سامان و دەسەڵات لە دەستی ئەوانەدایە کە خۆیان بەشێکن لە ئەم نادادپەروەرییە.
ئەمەی سەردەشت دەیویست، ژیانێکی باشتر بوو بۆ کرێکاران و هەموو خەڵکی کوردستان. بەڵام ئەو زوو تێگەیشت کە بەبێ گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بەبێ شۆڕش دژی ئەم سیستەمە، ناتوانرێت ئەو ئامانجە بگەیندرێت. بۆیە، بیر و پەیامی ئەو هەنووکەش زەندووە و دەبێتە سەرچاوەی هێز بۆ هەموو ئەوانەی کە بۆ ئازادی و دادپەروەری خەبات دەکەن.
سەرەڕای ئەوەی من ھەموو پەیام و نووسینێک، ئەوانەی بۆ یادی سەردەشت بڵاویان کردۆتەوە بەرز دەنرخێنم، بەڵام من پێم وایە تەنها بەردوامیدان بە یادکردنەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتیمان ھەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا بەس نیە ، بەڵکو پێویستە خەباتەکەی بەردەوام بکەین. دادپەروەری بۆ سەردەشت و بۆ هەموو قوربانییانی زوڵم، تەنها کاتێک دەهێنرێتە دی کە ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت, بەڵام ئەم سیستەمە خۆبەخۆ ناگۆڕدرێت. بزووتنەوەی سوسیالیستی ڕێکخرا و ملیۆنی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش دەتوانێت ئەم زوڵم و ستەمە بۆ یەکجاری کۆتایی پێبھێنێت و دنیایەکی باشتر و شایستە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بەدیبھێنێت. ژیان و خەباتی سەردەشت عوسمان بانگەوازتان دەکات ھەڵسوڕاوی ئەم مەیدانە بن و خشت لەسەر خشت ڕێکخراو و بەھێزی بکەن.
بەرز و بەڕێزبێت یاد و خەباتی سەردەشت عوسمان.
ڕێنوار جەبار
٥ ی ئایاری ٢٠٢٦
Leave A Reply

Your email address will not be published.