سەردەشت عوسمان برینێکی هەتا هەتاییە !

تێرۆرکردنی سەردەشت عوسمان برینێکی هەتاهەتاییە لە ویژدانی هەموو مرۆڤێکی بەئاگاو خاوەن هەڵوێستدایە. چۆن دڵیان هات لەسەر چەند دێڕە نووسینێک شەهیدی بکەن؟ ئەو گەنجە هەرگیز شایەنی تێرۆر نەبوو. نەفرەت لە بکوژانی و ئەو عەقڵە خێڵەکییەی چەند دێڕێکی توانج و ڕەخنەسازی پێ قبوڵ نەکرا. ڕەنجی ئەو کەسانەش بێوەر بێت کە ئەو گەنجە پاکەیان هاندا، بەرەو ئەو چارەنووسە مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئێستا زۆرێکیان ناناسرێنەوە هێندە خۆگۆڕو بەرژەوەندخوازو خزمەتکاری پەیج و کەناڵی دەسەڵاتن.
ئەوەی جێگەی داخە بۆ من، ئەو هەلپەرستانەی ئەو کاتە بە ناوی ڕەخنەی سیاسییەوە هاتنە مەیدانەوە، دواتر تەسلیمی حزبە دەسەڵاتدارەکان بوون. دواتر بوون بە بەشێک لەو سیستمەی سەردەشتی تێدا شەهید کرا. ئەگەر سەردەشت عوسمان پێشبینی بکردایە؛ کە ئێستا ژنە مۆدێلی نەخوێنەوارو دەڵاڵی سێکس و هەڵدانی تۆڕەکان و سوپایەک لە مرۆڤی خۆگۆڕو بن پەیجی مووچەخۆر. بوونەتە زمانحاڵی ڕەخنە و نوێنەرایەتی نادادی و دژە گەندەڵی و ناسیۆنالیزمێکی ساختە دەکەن، بە دڵنیاییەوە بەو شێوەیەی ئەو کاتە ڕەخنەی توندی لە چەند توانجێکدا نەدەگرت.
لەدوای شەهیدکردنی کاکە سەردەشتەوە، دۆخەکە چوارهێندە ئاڵۆزو خراپتربووە، لە کاتێکدا گەنجانی خوێنەوار و خاوەن بڕوانامە بێکار و بێ هیوان، مەیدانی میدیا و سۆشەڵ میدیا بۆ سوپایەکی بێشەرم و ئاڕاستەکراو چۆڵ کراوە. شەڕی دوو ئیدارەیی بەردەوامە. دۆخی مووچە زۆر خراپترە. ئازادی ڕادەربڕین بەجۆرێک خنکێندراوەو مەترسیدارە، لەگەڵ ناوهێنانت لەناو گروپە ئاڕاستەکراوەکاندا ئیتر تۆ ناتوانی پاکی خۆت بسەلمێنیت. هەرگیز ناهێڵن ببیتەوە بە کەسێک کە خۆت بناسیتەوە.
وا ئێمەش دەژین، بۆ بینینی ئەم ڕۆژگارە پڕ لە ستەمەی دەسەڵاتی خێڵنشینی هەرێمی کوردستانی عێراق پێیدا گوزەر دەکات.
هەوار حەمە
Leave A Reply

Your email address will not be published.