لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا، داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەوانانی زیندانی و باشتر کردنی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین دەکەین.

١٦ ساڵ بەر لە ئێستا، ڕۆژنامەوان سەردەشت عوسمان لەبەردەم زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر فڕێندراو و دواتر بە کوژراوی تەرمەکەی لەسەر ڕێگای موسڵ دۆزرایەوە. لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی کارە ڕۆژنامەوانییەکانی دەکەینەوە. بە بەرزی لە تێکۆشانی ناوبراو دەڕوانین بۆ فراوانکردنی مەوداکانی ئازادی ڕادەربڕین و زمانی ڕەخنەیی.
سەرباری پاتەکردنەوەی هاوخەمی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT، پابەندی خۆمان بۆ دەستهەڵنەگرتن لە دۆسیەی سەردەشت ڕادەگەیەنین و بەڵێن دەدەین کە ڕژدتربین لە بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە هاوکار و هاوڕێ ڕۆژنامەوانەکانی سەردەشت عوسمان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە ئەنجامدەدرێن.
لە کاتێکدا یادی سەردەشت دەکەینەوە، کە نزیکەی شەش ساڵە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی، لە زینداندایە و بە بڕیاری نادادپەروەرانە حوکمدراوە. تاوەکو ئێستاش دیار نیە کە ئایە دۆسیەی تری بۆ دەکرێتەوە یاخود ئازاد دەکرێت!. لە ئێستادا بەهۆی نادادی و سەربەخۆ نەبوونی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا، ماوەی ١٥ ڕۆژە، شێروان شێروانی مانی لە خواردن گرتووە و داوای دادپەروەری دەکات. بەهۆی سەختی مانگرتنەکەیەوە، بارودۆخی تەندروستی باش نیە. دەبێت دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی ناوبراو. هەروەها، ڕۆژنامەوانانی پارێزگای سلێمانیش ڕووبەڕوی کۆسپ و تەگەرە و سەختی دەبنەوە و لەکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکاندا دەستگیردەکرێن، میدیاکانیان دادەخرێن و سزادەدرێن. زیاتر لە هەشت مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر پەلاماردانی دەزگای میدیایی زووم نیوز و سەرباری شکاندنی کەلوپەلەکانییان، تاوەکو ئێستا ئامێرەکانییان بەتەواوی پێ نەدراوەتەوە. ڕۆژنامەوانان لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە دەستگیردەکرێن و لیکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت بە بێ ڕوونکردنەوەی هۆکاری دەستگیرکردنییان و ئازار دەدرێن. چەندان ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن و تۆمەتی جیاجیان خراوەتە پاڵ.
لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی تەواوی ڕۆژنامەوانانی تیرۆرکراو، زیندانیکراو و ئەشکەنجەدراو، لە شازدەهەمین ساڵیدای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا، داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە تاوانبارانی دۆسیەی سەردەشت ڕووبەڕوی دادپەروەری بکرێنەوە. ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی و ڕۆژنامەوان و چالاکانی مەدەنی تر لە زیندانەکان ئازادبکرێن و ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT
Leave A Reply

Your email address will not be published.