“سەردەشت” تەنیا ناوێک نەبوو،سەرەتای وەرزێکی درێژی “سەربڕینی وشە” بوو

من نیشتمانێک پێ دەزانم…
تێیدا خۆر بە مۆڵەتی “خێڵ” هەڵدێت و
مانگیش پاسەوانێکی دەستەمۆی بارەگایە،
وڵاتێک کە تێیدا ئارامی لە دوای دیوارە بەرزەکانەوەیە و
“ئاغاکانیش” لەسەر زەوی خەریکی دابەشکردنی بەهەشتن.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا “قەڵەم” پێش ئەوەی فێری نووسین بێت،
فێری کڕنۆشبردن و ماستاوکردن دەکرێت،
قەڵەمێک کە مەرەکەبەکەی نەک هەر ڕەش نییە،
بەڵکو ڕەنگی ئەو شەرمەزارییەی گرتووە
کە لەبەردەم زەبری تفەنگدا دەبێتە مۆر و
واژۆ لەسەر سێدارەی هاوڕێکانی دەکات.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە “سەردەشت”ەکان تێیدا دەبنە قوربانیی وشەیەک،
بەڵام میلەتەکەی لەبەردەم تەرمی خوێناویی ئەودا،
دەچنە کەرنەڤاڵی بکوژەکان و
بە چەپڵەیەکی گەرمەوە بۆ “سەروەریی خێڵ” هەڵدەپەڕن!
میلەتێک کە یادەوەریی وەک پەپوولە کورتە و
خوێنی شەهیدی قەڵەم بە یەک “بڕە پارە” لەبیر دەکات،
تێیدا جەلادەکان دەبنە “پاڵەوان” و
قوربانییەکانیش دەبنە “پەڕەی ناو مێژوویەکی درۆزن”.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە “دیموکراسی” تێیدا تەنیا ڕیکلامی سەر شاشەیە،
وەک مکیاجێکی ئەستوور بە ڕوویەکی شێواوەوە،
بۆ ئەوەی دونیا وا بزانێ لێرە مرۆڤ نرخی هەیە،
کەچی لە ناوەوە… عەقڵیەتێک حوکم دەکات
کە هێشتا وڵات بە “موڵکی بنەماڵە” دەزانێت و
یاساش لێرە، وەک لاستیکێک وایە
تەنیا بۆ ملی هەژارەکان توند دەکرێت.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
تێیدا ئازادی تەنیا “خەونێکە” لە ناو زینداندا،
هەموو کەسێک مافی هەیە هاوار بکات،
بەڵام تەنیا لەناو بیرە قووڵەکانی بێدەنگیدا!
لێرە “سیاسەت” یانی بازرگانیکردن بە برسییەتی،
یانی گۆڕینی “نیشتمان” بۆ کۆمپانیایەکی گەورە
کە تێیدا گەل تەنیا “کۆیلەیەکی” بێمافە و
بەرپرسەکانیش خواوەندی سەر کورسییە جەنگاوییەکانن.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا پیرۆزییەکان کراون بە “کۆت” بۆ دەستەکان،
مێژوو کراوە بە “چەک” بۆ کوشتنی داهاتوو،
نیشتمانێک کە تێیدا مرۆڤ بووەتە “ژمارە”
بۆ پڕکردنی سندوقی هەڵبژاردنە ساختەکان،
تا دوای ئەوەش… بە هەمان دەستی ڕەنگکراوەوە،
دیسان بۆ نانی نیوەڕۆ بپاڕێتەوە!
ئای لەو نیشتمانەی من پێی دەزانم…
کە تێیدا وشە دەمرێت و “چەپڵە” دەژی،
حەقیقەت دەکرێتە قوربانی و “ڕیکلام” دەبێتە ئایین،
وڵاتێک کە تێیدا قەڵەم کۆیلەیە و
ئازادیش تەنیا ناوی سەر گۆڕی ئەو گەنجانەیە
کە نەیانویست بببنە بەشێک لەم “سێرکە” گەورەیەی خێڵ!
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا “سەردەشت” تەنیا ناوێک نەبوو لەناو خوێندا،
بەڵکو سەرەتای وەرزێکی درێژی “سەربڕینی وشە” بوو.
من وڵاتێک پێ دەزانم…
کە دوای ئەو، سەدان سەردەشتی تر لە تاریکیدا خنکێنران،
کەچی شەقامەکان هەر هەمان بۆنی “کڕنۆش”یان لێ دێت و
ئەو دەستانەی کە دەبوو یەخەی بکوژ بگرن،
خەریکی گوڵبارانکردنی کاروانە ڕەشەکانی خێڵن!
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا تیرۆرکردنی گەنجێک، دەبێتە “هەواڵێکی ئاسایی”،
وەک هەواڵی کەشوهەوا یان نرخی دراو لە بازاڕدا.
دوای سەردەشت… قەڵەمەکان نەک هەر نەتەرسان،
بەڵکو زۆربەیان چوونە ناو “ڕێزکانی جاشایەتی” و
فێر بوون چۆن وێنەی جەلادەکان بە مۆم و گوڵ بڕازێننەوە.
لێرە “مردن” بووەتە پیشەی ئەوانەی ڕاستگۆن،
و “ژیان”یش بووەتە خەڵات بۆ ئەوانەی
زمانیان لەژێر پێڵاوی بەرپرساندا فەرش کردووە.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا خوێنی “سەردەشتەکان” دەبێتە مەرەکەبی ڕیکلام،
بەرپرسەکان لە ساڵیادی کوشتنیاندا،
بە جلی ڕەش و ڕوویەکی خەمناکەوە دێنە سەر شاشە،
باسی “ئازادیی ڕادەربڕین” دەکەن و
لە پەناوە… پەت بۆ گەروویەکی تری ئازاد دەهۆننەوە!
من وڵاتێک پێ دەزانم…
کە تێیدا عەقڵیەتی سیاسی، “تەور” دەشارێتەوە لە پشت “تەسبێح”،
و بە ناوی “پیرۆزیی نیشتمان”ەوە،
نامووسی نووسین و شکۆی مرۆڤ هەراج دەکەن.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە “خێڵ” تێیدا بووەتە خاوەن مەقەستێکی گەورە،
هەر زمانێک درێژ بێت بۆ حەقیقەت، دەیبڕێت،
هەر چاوێک دوورتر لە کورسیی ئەوان ببینێت، دەیقوڵێنێت.
لێرە دوای هەموو تیرۆرێکی قەڵەم،
میلەت بە کۆمەڵ دەچنە “حەجی سیاسی” بۆ بارەگاکان،
وەک ئەوەی خوێنی ڕژاوی سەر شەقام،
تەنیا “ئاوێکی ڕژاو” بێت و شایەنی ئاوڕدانەوە نەبێت!
من وڵاتێک پێ دەزانم…
کە تێیدا جەماوەر، بکوژەکانی خۆیان خۆش دەوێت،
چەپڵە بۆ ئەو دەستە لێ دەدەن کە نانی لێ بڕیون و
هاوار بۆ ئەو دەمە دەکەن کە فێری درۆکردن بووە.
من نیشتمانێک پێ دەزانم…
کە تێیدا “دیموکراسی” وەک بووکەڵەیەکی سەر شانۆیە،
تەنافەکانی لە دەستی خێڵدایە و بە ئارەزووی خۆی دەیدوێنێ.
لێرە ئازادیی دوای سەردەشتەکان،
بووەتە ئازادیی “برسی بوون” و ئازادیی “کۆچکردن”،
یان ئازادیی “بێدەنگ بوون” لە ئاست ئەو هەموو غەدرە.
من وڵاتێک پێ دەزانم…
کە تێیدا نیشتمانپەروەری یانی: “ببە بە بەشێک لە گەندەڵی”،
ئەگەرنا تۆ “ئاژاوەگێڕیت” و
جێگەت یان ژێر خاکە، یان سوچی تاریکی زیندانەکان.
ئای لەو نیشتمانەی من پێی دەزانم…
کە تێیدا خوێن نابێتە شۆڕش، بەڵکو دەبێتە “مێژوویەکی لەبیرکراو”،
کە تێیدا قەڵەمەکان بوونەتە “کۆیلەی مۆدێرن” و
دیموکراسیش تەنیا “ڕیکلامێکی بێڕەنگە” بۆ شاردنەوەی
ئەو هەموو جەهل و تاریکییەی کە خێڵ و سیاسەت
بەسەر ئەم خاکەدا دایانپۆشیوە!
کورتەیەک لە قەصیدەی:نیشتیمانی خێڵ
نوسینی:ئومێد خالید عومەر
Leave A Reply

Your email address will not be published.