مرۆڤی کورد لێرەدا بووە بە تاقیکارییەکی دائیمی بۆ مردن

مژدە نەورەس:
لە هەرێمی کوردستاندا، کوشتن نەک کۆتایی هاتنە بە ژیانی کەسێک، بەڵکوو دەستپێکی چۆنیەتی گفتوگۆی دەسەڵاتداران و حزبە سیاسییەکانە کە لە ڕێگەی تەرمەوە قسە دەکەن! لەم هەرێمە کاتێک دەسەڵات لە زمانی ویژدان دادەماڵدرێت، پەنا بۆ لەش دەبات، چونکە لەش دواهەمین کاغەزی نووسینی فەرمانەکانیەتی، ئەمەش ئەوەیە کە ئاگامبێن پێی دەڵێت دۆخی ئیستیسنا، کە لەلای ئێمە بووە بە یاسای ڕۆژانەی ژیانی کوردی. بەڵام پێویستە ڕوون بکرێتەوە بۆ دەسەڵاتداران کوشتنی سیاسی لە کوردستاندا تەنها لابردنی جەستە نییە لەکۆمەڵگادا، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر، واتا هەر نەفییەک لە تاکێک نەفییەکی دووەمی بەدوادا دێت کە نازانرێت کێیە، بۆیە هەر گوللەیەک کە لە دەمی ڕاستیدا دەردەچێت، خۆی دەبێت بە بانگەوازێک بۆ هەزار دەنگی نوێ!
ئەو دەسەڵاتەی لە هەرێم حکومڕانی چەک بەدەستە عەقڵیەتێکی زۆر ژەنگهەڵگرتووی لە سەریدا هەڵگرتووە چونکە ئەوانە تەنها لە ڕێگەی توانای کوشتنەوە دەتوانن خۆیان بسەلمێنن، بەڵگەش لە شەڕی براکوژی تا دەگاتە شەڕی دەنگ و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران و نەک هەر خەڵکی، بەڵکو لەدیارترین نموونەی بڕین و کوشتاری لە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکەی لالەزار ئەوپەڕی عەقڵیەتی ژەنگ هەڵگرتووی حیزبەکانی دەرخست کە ئەوان دەست لە خزم و ئامۆزاکانیشیان ناپارێزن، چ جای بگاتە جەستەی خەڵک، کە تەنها لەلایان ژمارەیە نەک مرۆڤ، ئەمەش بەڵگەی نەگەیشتنی ئەو دەسەڵاتەیە بە لۆجیکی حکومڕانی مۆدێرن.
کێشەکە ئەوەیە لای دەسەڵاتداران قوربانیەکان ناویان نییه بەڵکو ئێستا بە ژمارە بانگ دەکرێن، کاتێکیش دەسەڵات قوربانییەکانی دەکات بە ژمارە، ڕووداوەکان ناودەنێت”ڕووداوی نادیار”، تاوانەکان دەکاتە “تاوانێکی نەناسراو”، ئەوە لە ڕاستیدا ڕووخساری مرۆڤایەتی لە کوردستاندا دەسڕێتەوە و سنووری ئەخلاقی هەرە بنەڕەتیی بوون دەشکێنێت. کە بۆ ملکەچکردنی تاک بە تاکی کوردە.
کێشەکە ئەوەیە لەم هەرێمە و جوگرافیایە حیزب بووە بە یاسادانەر و یاساپارێز و یاساشکێن لە یەک کاتدا، ئەمە ڕەوایەتی حکومڕانی لەکوێدایە؟
کوشتن لە کوردستاندا ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە بەڵکوو “پڕۆسەیەکی سیستەماتیک”راوە کە لە ڕێگەی ترسەوە کۆمەڵگای کوردی ڕام دەکات، ئەمە توندوتیژییەکە کە لە مێشکی تاکەکان ئاسایی کراوە، و ئاساییکردنی توندوتیژییش، خۆی جیا لەوەی تاوانە، توندترین جۆری توندوتیژیشە. مرۆڤی کورد لێرەدا بووە بە تاقیکارییەکی دائیمی بۆ مردن. هەر کوژراوێک بۆ تاقیکاریی لە کوردستاندا، شایەتێکە لە دادگای مێژوودا کە حوکمەکەی هەرگیز هەڵناوەشێتەوە، چونکە شایەتیی خوێن بەهێزترین جۆری شایەتییە.
Leave A Reply

Your email address will not be published.