کاتێک قەڵەم دەبێتە مەترسی
شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان تەنیا تیرۆری جەستەی گەنجێکی خاوەن خەون نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕەها بوو دژ بەو “زمانە پاراوەی” کە دەیوێرا مۆنۆپۆڵی پیرۆزییەکانی دەسەڵات بشکێنێت. سەردەشت نیشانی دا کە لەم هەرێمەدا، مەودای نێوان “وشە” و “فیشەک” تەنیا چەند سانتیمەترێکە؛ ئەو کاتەی تەنز دەبێتە چەکێکی کوشندە و وێنای واقیعێکی تاڵ دەکات، دەسەڵاتی کوردی لەبری وەڵامدانەوەی لۆژیکی، پەنا بۆ بێدەنگکردنی ئەبەدی دەبات. ئەو، قوربانیی ئەو سیستەمە بوو کە هێشتا نەیتوانیوە لەوە تێبگات کە ڕۆژنامەنووس ئاوێنەیە، نەک دوژمن.میراتی سەردەشت و شکستی بێدەنگی
پاش تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو تاوانەدا، هێشتا خوێنی سەردەشت وەک پرسیارێکی بێوەڵام لە ویژدانی مێژوودا ماوەتەوە و بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندی نێوان قەڵەم و دەسەڵاتدا. بۆ نەوەی ئێمە، سەردەشت تەنیا ناوێکی ناو ئەرشیفی شەهیدان نییە، بەڵکو سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئازادیی لێرەدا بە “باجێکی قورس” دەبەخشرێت. تیرۆرکردنی ئەو، ترسی نەخستە نێو دڵی قەڵەمە بوێرەکان، بەڵکو دیواری بێدەنگیی ڕوخاند و سەلماندی کە دەکرێت مرۆڤێک بکوژرێت، بەڵام ناتوانرێت ئەو گوتارە بکوژرێت کە بۆنی ڕاستی و ئازادی لێدێت. سەردەشت مرد، بەڵام بوو بە وانەیەک کە فێری کردین ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئامادەیە لەپێناو تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکاندا، ژیانی خۆی بکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت.
سامان حەمەغەریب