ێکخراوی ئازادبوون، بەشداری یادی شازدە ساڵەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان دەکات
دەقی وتارەکە؛
لە یادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا داوای ئازادی بۆ شێرۆان شیروانی دەکەین
١٦ ساڵ پێش ئێستا، لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، دەستی ڕەشی تیرۆر گەیشتە گەنجێک کە چەکی دەستی بۆ هێنانەدی دادپەروەری تەنها پێنوس بوو. سەردەشت عوسمان، خوێندکاری زانکۆی سەڵاحەدین بوو، ڕفاندن و تیرۆرکردنی تاوانێک نییە لەیاد بکرێت. ئەمڕۆش بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی یادی کەینەوە و گیانی بەرز ڕابگرین و تیرۆر و تیرۆرستان شەرمەزار بکەین.
ئامادە بووانی بەڕێز دەبوو تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان و ئەو ناڕازەیەتیانەی بەدوایدا هاتن ببووایەتە پەندو عیبرەت هەم بۆ تیرۆرستان و هەم بۆ دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەتا هەڵوەستەیەک بکەن لە ئاست پێشێلکاریی و تاوانکاری دژی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیروراو ئازادی رۆژنامەوانی بەداخەوە ئێستا کە یادی گیانبەختکردنی سەردەشت عوسمان دەکەینەوە ماوەی () شێروان شێروانی لە زیندان راگیراوە.
تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لە ٤ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠دا، بەکوشتنی فیزیکی گەنجێک و رۆژنامەنوسێک کۆتایی نەهات بەڵکو هەرێمی کوردستانی لەناوخۆی کوردستان تووشی نائۆمیدی و ترس و دڵەڕواکێ کرد و لەئاستی نێودەوڵەتیش ئابڕومەندی هەرێمی خستە ژیر پرسیارەوە، بەڵام ئەو هەوڵە ترسنۆکانەیە هەرگیز نەیتوانی و ناتوانێت مەرگی سەردەشت عوسمان و ڕەخنەو نووسینە تەنزئامێزەکانی، لە بیرخەڵک بەرێتەوە بەڵکو هێزوو ووزەی بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر تیرۆردا بەهێزتر دەکات و تیرۆرستان و پێشێلکارییەکان شەرمەزار دەکات و بوێری زیاتر بەخەڵکی کوردستان دەبەخشێت. هاواکت تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و ڕۆژنامەنوسان هەموو ئەو سنوورانەی بەزاند کە دەسەڵاتداران وەک هێڵی جیاکەرەوە و پیرۆزیی بەدەوری خۆیاندا هەڵیانچنی بوو.
سەردەشت عوسمان هیچ تاوانێکی نەبوو تەنها خەونی هەبوو و ویستی بەڕاشکاوی بڵێت: منیش مافم هەیە لەم نیشتمانەدا، بەڵام بەفیشەک وەڵامیدرایەوە. ئەوەی کە دوای ١٦ ساڵ، هێشتا بکوژانی ڕاستەقینەی ئاشکرا نەکراون و لە پشت پەردەی پارێزبەندیی سیاسییەوە شاردراونەتەوە، ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە عەقڵییەتی حوکمڕانی لەم وڵاتەدا هێشتا بەزمانی چەک قسەدەکات و دوور لەهەر بنەمایەکی دەوڵەتداری و یاسا سەروەری نەک هەر بکوژی سەردەشت عوسمان بەڵکو بکوژی ژنان و بکوژی شەهیدان و تۆمەتبارانی ئەنفال و کیمیابارانیشی داڵدەداوە.
ئامادەبوانی بەرێز :
ناکرێت یادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان بکەینەوەو چاو لە زیندانی کردنی رۆژنامەنوسانی تر (شێروان شێروانی و هاوڕێکانی) بنوقێنین. شێروان شێروانی، میراتگری دەنگی ئازای سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمەو کاوە گەرمیانیە، ئەویش باجی پیشەی ڕۆژنامەنوسی و گەڕان بەدوای زانیارییەکاندا دەدات.
ئەگەر ١٦ ساڵ لەمەوبەر بەگوللە هەوڵیانداوە دەنگی ئازادی کپ بەکەن ئەوا ئێستا دادگاکان بۆ مەرامی تایبەتی قۆرخ دەکەن و هەیبەتی یاسا و دادگاو دادوەران دەهێننە خوارەوەو قسەی بنەماڵەکان بەسەر دادگاکاندا دەسەپێنن. زیندانیکردنی شێروان شێروانی و درێژکردنەوەی ماوەی سزادانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لە وشە و پێنوس و دەنگی ئازاد دەترسێت. چونکە باش دەزانن کاتێک پێنووس وکامێراکان بەدەست مرۆڤی ئازادیخوازەوە بن، زیاتر گەندەڵی و نادادپەروەرییەکانیان نیشانی خەڵک دەدات.
ئەگەرچی ١٦ ساڵە سەردەشت لە ژێر خاک و شێروان و هاورێکانی لە پشت دیوارەکانی زیندانە بەڵام دەنگیان بڵندەو پەیامەکانیان بەهەرنرخێکی گران بێت دەگاتە هەمووان. ئەگەر هێشتا دەسەڵاتداران لەپەیامی ئازادیخوازان ناگەن ئەوا بەدڵنیایی ڕۆژێک دێت پەیامەکان دەگەن و قسەکان دەبن بەکردار و کردارەکانیش زیندانەکان دەکەن بە چاوەرو بە هەزاران جێگرەوەی سەردەشت، و سۆران و کاوەو شێروان دەبن بەدادوەر.
لەم یادەدا، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نەک هەر ئیدانەی تاوانەکە بکەن بەڵکو گوشار بکەن و هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە؛ لە پێناوی شکۆمەندی هەموواندا.
دۆسیەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وەکوو برینێکی سارێژنەبوو بە کراوەیی بمێنێتەوە و کار بۆ ئازادکردنی مرۆڤە بێتاوانەکانی وەک شێروان شێروانی و هەموو زیندانیان بکرێت. کە لەسەربنەمای رادەربرین و ئازادی سیاسی دەستگیرکراون.
سەردەشت عوسمان تەنیا ناوێک نییە لە مێژوودا، بەڵکوو ویژدانێکی زیندووە کە هەموو ساڵێک لە ٤ی ئایاردا ڕوومان تێدەکات و لێمان دەپرسێت: ئایا هێشتا ناتوانن بڵێن (نا) ؟ شێروان شێروانیش لە زیندانەوە پێمان دەڵێت: ئەوانەی دیواری زیندانیان بۆ ئازادیخوازان دروست کردووە، خۆیان خۆیان لەزیندانێکی گەورەتردان و بوێری ئەوەیان نییە ئازادبن.
سڵاو بۆ گیانی پاکی سەردەشت عوسمان، و سەربەرزی بۆ شێروان شێروانی و هەموو ئەو پێنووسانەی ناشکێن.
ڕێکخراوی ئازادبوون
