ڕۆژنامەنووسان: دەبێت درێژەپێدەری ڕێبازەکەی سەردەشت عوسمان بین

لە ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسماندا ڕۆژنامەنووسان دەڵێن: بێدەنگی بەرامبەر تیرۆری سەردەشت عوسمان تیرۆر و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنووسانی بەدوای خۆیدا هێنا، دەشڵێن: “دەبێت درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە خەباتە بین، لەسەر جەختکردنەوە لە ئازادیی و دلێری.”

١٦ ساڵ بەر لە ئێستا ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی لاو، کە هەزاران خەونى گەورەی بۆ ئازادیی و ڕۆژنامەگەریی لەسەردا هەڵگرتبوو، لەسەر وتنی ڕاستی و هاواری ئازادیی، لەلایەن دەسەڵاتەوە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بە چەند فیشەکێک، ئازادیی و خەون و ژیانیان لێ سەندەوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێم و هێزە ئەمنییەکان، بکەرانی ئەو کارە قێزەونەیان ئاشکرا نەکردووە، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی بۆ ڕۆژ نیوز دووان.

فەرەیدون بێوار

فەرەیدون بێوار، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان یەکەم تیرۆر نیە لە هەرێمی کوردوستان، لە دوای ساڵی ١٩٩٢ زنجیرەیەک تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بە دوای یەکدا هاتووە، تاوەکو ئێستا ئەو تیرۆرانەی ئەنجام دراون، بکەر و هۆکارەکانیان ئاشکرا نەکراوە، سزا نەدراون و نەدراون بە دادگا، هەمیشە ئەو تیرۆرانەی ئەنجام دەدرێن نادرێن بە دادگاکان دەسەڵاتی لە پشتە، تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمانیش دەسەڵاتی لە پشتە.

دەشڵێت: دەسەڵات لەبری ئەوەی تۆمەتباران بە سزا بگەیەنێت و بیانداتە دەست دادگاکان، بەداخەوە تۆمەتیان خستەپاڵ کاتێک حزب یاخود جوت بنەماڵە دەکەونە مەترسییەوە، پەنا دەبەنە بەر تیرۆر، هەڕەشە، لێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێکی مەدەنی و دیموکراسایمان نیە، یاسا سەروەر نییە، لە لایەن بنەماڵەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، دەبێت چاوەڕێی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی دیکە بین.

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژە بەوەش دەکات، کە دابەش بوونی حزبیی لەناو میدیاکاندا هەیە، لەلایەن دەزگا میدیایەکانەوە وەک پێویست بایەخ بە یادی شەهیدان نادرێت و سەرکۆنە ناکرێت، دەبێیت ئەم کەیسانە لە دادگاکاند، بە زیندوویی بمێنێتەوە.

ئاڵا ئەحمەد

ڕۆژنامە نوس ئاڵا ئەحمەد، دەڵێت: سەردەشت عوسمان یەکێک بوو لە دەنگە بوێر و ئازادەکان، هێمایەک بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان، بە تیرۆر کردنی سەردەشت عوسمان، پێمان دەوترێت هەر دەنگێکمان بە دڵ نەبێت، کپی دەکەین.

 دەشڵیت: لە هەر جێگەیەک ڕۆژنامەنووسێک بۆ لایەنی دەسەڵاتداری ئەو ناوچایەیە کار نەکات، یان دووردەخریتەوە یان زیندانی دەکرێن، چەندین ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان لە زیندانەکانن، ئەمەش مانای وایە کە ئازادی ڕۆژنامە گەریی لە تەواوی هەرێمی کوردوستان لە مەترسیدایە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەش کرد، یادکردنەوەی شەهیدانی تیرۆر دەبێت درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە خەباتە بین، لەسەر داواکردنی ئازادیی و دلێری، چونکە کپکردنی دەنگی من کپ کردنی دەنگی تۆشە، ئەگەر چی دەنگ و ڕەنگیشمان جیاوز بیت، پێویستیشە ڕۆژنامەنووسان کاربکەن بۆ ئازادی جەستەیی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی کراو.

ئەرکان محەمەد

هەرلەمبارەیەوە ئەرکان محەمەد، ڕۆژنامەنووس وتی: ئەمڕۆ ١٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەرتیرۆر کردنی سەردەشت عوسماندا، تیرۆرکردنەکەی زەنگێک بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنە گران تا بێدەنگ بکرێن، سەردەشت عوسمان ئەو ڕێگایەی پێیدا تێپەڕی، ئێستا دەیان ڕۆژنامەنووسی گەنج لە سەر ڕێبازەکەی بەردەوامن، بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەو زۆنە بە فەرمی بکەری ئەو کارەیان ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، کە هێزە ئەمنیەکان و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بەرپرسی یەکەمن.

ئەرکان محەمەد وتیشی: کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان تاوەکو ئێستا لە زیندانەکاندان، سەرەڕای کەمکردنەوە و بڕیاری فەرمی بۆ کەمکردنەوەی سزاکانیان و ئازاد بونیا، هەر جارە و بە بیانویەک بڕیاری ئازادبوونەکەیان دوا دەخرێت، ئەمەش پەیامێکە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازانی دیکە، گەر بە زمانی ڕەخنە بدوێن بە هەمان ئاقاردا دەڕۆن.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: لە ساڵیادی تیرۆر کردنی شەهیدانی تیرۆر، بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان بەشدارن، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە، پێویستە بەشێوازی دیکە لە سەرجەم ناوچەکان چالاکی ڕێک بخرێت بۆ هۆشیار کردنەووەی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەم کردە تیرۆرییە دووبارە نەکرێتەوە.

سەرچاوە:رۆژنیوز

Leave A Reply

Your email address will not be published.