ناوەندی ئەندێشە:سەردەشت عوسمان؛ دەنگێکی نەمر و گۆڕێکی پڕ لە قسە

لێرە لەم بۆنە جیاوازەدا؛ یادێکیتری خەمناک لە ئارادایە، سبەینێ دەبێتە ١٦ ساڵی ڕێک بەسەر تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی جوانەمەرگ سەردەشت عوسمان تێدەپەڕێت.
لێرە دەڵێین؛ ئەم گوتارەمان تەنیا بۆ یادکردنەوەی جەستەیەک نییە کە ١٦ ساڵ لەمەوبەر بە فیشەکی ترسنۆکان ساردکرایەوە، بەڵکو بۆ بەرزڕاگرتنی ڕوحێکە کە هێشتا بەناو کۆڵانەکانی ئەم نیشتمانەدا دەگەڕێت. ١٦ ساڵ تێپەڕی بەسەر تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم، سەردەشت عوسمان، بەڵام بکوژان نەیانزانی کە بەو فیشەکانە، سەردەشتیان لە قوتابییەکی زانکۆوە کردە شوناسی ڕۆژنامەگەری نەوەیەک.
خوشکان، برایان.. سەردەشت تەنها ڕۆژنامەنووسێک نەبوو، ئەو دەنگی ئەو “خوێنە گەرمە” بوو کە لە دەماری گەنجانی ئەم وڵاتەدا دەکوڵێت.
گەنج لای ئێمە تەنها ژمارەیەک نییە لە ئامارەکاندا، بەڵکو گەورەترین هێزی کۆمەڵایەتی و بزوێنەری سەرەکیی هەر گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانەیە.
گەنجانی ئێمە، کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەم کۆمەڵگەیەن، خاوەنی ئەو ئیرادەیەن کە دەتوانێت دیوارە ئەستوورەکانی ستەم تێکبشکێنێت. خوێنی سەردەشت گەواهیدەری ئەوەیە کە گەنج دەتوانێت لەناو جەرگەی ترسدا، بەرزترین دەنگی هەبێت.
ئازادیخوازان.. ئەگەر دوێنێ سەردەشت عوسمان بە فیشەک بێدەنگ کرا، ئەوا ئەمڕۆ جەلادەکان بە هەمان عەقڵییەت و بە شێوازێکی تر دەیانەوێت دەنگی ئازادی کپ بکەن.
لەم کاتەدا کە ئێمە یادی سەردەشت دەکەینەوە، هاوڕێ و هاوپیشەی ئەو، ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، لەناو زینداندا و لە پشت دیوارە ساردەکانەوە، ١١ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە
. شێروان بە جەستەیەکی لاواز بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی بۆ ئەوەی پەیامی مەزڵومییەتی خۆی و هاوڕێکانی بە گوێی جیهان بگەیەنێت.
دۆخی تەندروستی ئەو ناجێگیرە و داوای پشتگیری لە ئێوە و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکات. شێروان شێروانی درێژەپێدەری هەمان ئەو ڕێگەیەیە کە سەردەشت پێیدا ڕۆیشت؛ ڕێگەی نەچەمانەوە لە ئاست زوڵم.
ئێمە لێرەوە دەڵێین: پاراستنی ژیانی شێروان، پاراستنی کەرامەتی قەڵەم و ئازادییە، و نابێت ڕێگە بدەین کارەساتێکی تری هاوشێوەی سەردەشت دووبارە ببێتەوە.
ئامادەبووانی خۆشەویست..
پەیامی ئێمە بۆ بکوژان و ئەوانەی لە پشت پەردەوە فەرمانیان دا: وەک چۆن مێژوو سەلماندوویەتی، هیچ ستەمێک هەتا سەر نییە.
با وا نەزانن کە تێپەڕبوونی ساڵەکان، تاوانەکەیان دەشۆرێتەوە یان دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی کەیسەکە.
ئێمە لێرەوە، لە یادی ١٦ ساڵەی ئەم کارەساتەدا، بەو پەڕی تەحەداوە دەڵێین: دۆخەکە هەروا نامێنێت! ڕۆژێک دادێت، نەک وەک خەون، بەڵکو وەک حەقیقەتێکی حەتمی، بکوژان و داڵدەدەرانی بکوژانی سەردەشت لە بەردەم دادگایەکی دادپەروەری گەل و ویژدانی مێژوودا ڕادەوەستن.
ئێمە لێرەین چونکە پەیوەستین بەو بەڵێنەی بە سەردەشتمان داوە. پەیوەستین بەو “عەشقەی” ئەو بۆ ئازادی هەیبوو. تەحەدای ئێمە لەوەدایە کە نەیانهێشت سەردەشت لە زانکۆ بڕوانامە وەربگرێت، بەڵام ئێمە ئەمڕۆ لە زانکۆی ئازادیی ئەودا دەرس دەخوێنین. ئێمە بێدەنگ نابین، و هەموو گەنجێکی ئەم وڵاتە، سەردەشتێکی زیندووە کە خەون بە نیشتمانێکی بێ جەلادەوە دەبینێت.
سەردەشت گیان.. ١٦ ساڵە تۆ لە ناو دڵ و ویژدانی گەنجانی ئەم وڵاتەدا دەژیت. خوێنی تۆ هێشتا گەرمە و برینەکەت هێشتا دەکوڵێت، تا ئەو ڕۆژەی دادپەروەری باڵ دەکێشێت بەسەر ئەم خاکەدا.
سڵاو لە ڕوحی پاکی سەردەشت عوسمان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و قەڵەم. سڵاو بۆ ئیرادەی شێروان شێروانی و هەموو زیندانیانی سیاسی. هەر شەکاوە بێت ئاڵای ئازادی و دادپەروەری.

ناوەندی ئەندێشە
٤\٥\٢٠٢٦

Leave A Reply

Your email address will not be published.