بەنەریتبوونى تیرۆرکردنى رۆژنامەنوس

گۆران فەتحی:goranFathe

لەهەواڵەکانی چەند کەناڵێکى ئاسمانی کوردیدا خوێندکارە تووڕەکانی زانکۆی سەلاحەدین بینی، باسیان لەچۆنێتى لێدان و رفاندنی هاوڕێیەکان دەکرد کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەئاشکراو لەبەردەم کۆلێژەکەیان بەئۆتۆمبێلێک رفاندبوویان، هەندێکیان باسیان لەوەکرد کوڕە خوێندکارەکە هیچ کێشەیەکى نەبووە، ئەوەندە نەبێت وەرگێرٍانی بۆ چەند رۆژنامەیەک کردووە.

هەواڵەکە نیگەرانی کردم و لەدڵى خۆمدا وتم چۆن دەبێـت گەنجێک بەو شێوەیە لەبەردەم زانکۆیەکى هەولێردا ئاوا بەئاسانى لێیبدرێت و بفڕێنرێت.

لەو بڕوایەدا بووم رفێنەرەکان دواتر گەنجەکە ئازاد بکەن و خەیاڵم بۆ ئەوە نەدەچوو، ئەو گەنجە بکوژن و دواى دوو رۆژ لەرفاندنى تەرمەکەى لەموسڵ فڕێبدەن.

ئەو رۆژنامەنوسە لاوە کە هێشتا ژیانێکى زۆری لەبەردەمدا بوو، خوێندکارێکى خوێن گەرمی دوا قۆناغی کۆلێژى ئەدەبیات – بەشی ئینگلیزی بوو، ئەوەى کردبووشی تەنها وەرگێران بوو، لەبوارى رۆژنامەنوسیشدا لەسەرەتای کارکردنیدا بوو، باشە مەترسی ئەو بۆ سەر کێ بووە وا بەو شێوە دڕندانەیە تیرۆری بکەن.

ئەى ئەوانەى ئاوا بەئاسانى و لەناو جەرگەى شارى هەولێرى تۆکمە لەرووى ئاسایشەوە کێبوون ، کە وا بەکاملی ئیسراحەتەوە لەبەردەم کۆلیژەکە ئەو گەنجە رۆژنامەنوسەیان رفاندو گەیاندیانە موسڵ و لەوێ دەستى رەشیان لێ وەشاند..

ئەى کوا هێزى ئەمنى، کوا دەسەلاتی حکومەت و ئاسایشی ئەو پایتەختەى هەرێم کە هەمیشە لاف و گەزافی ئارامی و باڵا دەستى هێزی ئاسایشی بۆ لێدەدرێت.

باشە رفێنەران و بکوژان بۆ چەند رۆژێکى دواى یادی ئازادی رۆژنامەگەریى جیهانییان هەڵبژارد بۆ تیرۆرکردنى سەردەشت، ئایە ئەوە زەنگێکە بۆ رۆژنامەنوسان و نووسەرانى ئازادیخواز لەم هەرێمەدا، بەوەى مەسەلەى ئازادى و شکاندنى تابۆکان بڤەیە و نابێت کەس خۆى لەقەرەى بدات.

تیرۆرکردنى سەردەشت هەموو رۆژنامەنوسان و راگەیاندکارانى سەرسام کرد، کەوتنە ئیدانەو بەیاننامەى نارەزایەتى دەرکردن بۆی..بەڵام ئایە ئیدانەو بەیاننامە رێگرى دروست دەکات لەبەردەم دروست نەبوونەوەى حاڵەتى ترى لەو جۆرە.

بۆ تیرۆرکردنى سۆرانى مامە حەمەو عەبدولستار تاهیر شەریفیش ئیدانەو بەیاننامە دەرکرا ئەى چی لەمەسەلەکە گۆڕاو کوان بکوژانى ئەوان.. ئایە بکوژانى سەردەشتیش بەهەمان جۆرى بکوژانى سورانء عەبدولستار یاسا بێتوانا دەبێت لەدەستگیرکردن و دۆزینەوەیان .

دەبێت رۆژنامەنوسان خۆپیشاندانی نارەزایەتى ئەنجام بدەن و فشار بخەنە سەر دەسەڵات بۆ دۆزینەوەى بکوژانی سەردەشت و بکوژانى سۆران و عەبدولستار تاهیر شەریفیش بۆ ئەوەى کوشتنى رۆژنامەنوس لەم هەرێمە نەبێتە نەریتێکى باو و نەبێتە کارێکى ئاسایى.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.