هەفتەیەک تیپەڕى و پارتى بۆى پینەنەکراوە!

کاردانه‌وه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری یه‌کپارچه‌مان پێویسته‌004

ڕێبوار ئەحمەد:

هەفتەیەک بەسەر ڕفاندن‌و تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانى خوێندکارو ڕۆژنامەنوسدا تێپەڕى، بەلام سەربارى بەلێنەکانى مسعود بارزانى‌و بەرهەم صالح‌و دامودەزگاکانى تریان، هێشتا هیچ ڕونکردنەوەیەکى واقعى لەو بارەیەوە نەدراوە. لەڕاستیدا ئەگەر تۆزقاڵێک ڕاستى‌و حەقیقەت لە بەلێنەکانى ئەو جەنابانەدا هەبوایە، هەفتەیەک کاتێکى زۆرە بۆ دانى لانى کەم یەکەمین ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوێک کە کۆمەلگایەکى بەتەواوى خرۆشاندوەو بە ڕیزى هەزارانکەسى هاوڵاتیان داواى ڕوونکردنەوە دەکەن.

لانى کەم ئەگەر بەڕاستى تا ئێستا بکوژانى ئەم لاوە ڕۆژنامەنوس‌و ڕەخنگرەى پارتى‌و دەسەڵاتى کوردایەتى نەزانراویش بوایە، ڕوونکردنەوەو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ کە ئایا جگە لە پارتى‌و دەسەلات کێ دەتوانى لەناو شارى هەولێردا سەیارەى جام تاریک لێبخوڕێت؟ بۆچى کاتێک لەبەردەم کۆلیج‌و بەپێش چاوى ئاسایشەوە ئەم لاوەیان پەلکێش کردوەو ئاسایش کاردانەوەى نەبووە؟ چۆن کرا ئەم سەیارەیە کەسێکى ڕفێنراو بەو هەموو سەیتەرەیەى پارتیدا دەرکات بیگەیەنێتە موصل؟…و چەندین پرسیارى دیکەى لەم بابەتە کە لەلایەن دەیان هەزار هاولاتى‌و دەیان دەزگاى ڕاگەیاندنەوە ئاراستەى پارتى‌و مسعود بازانى دەکرێت، کات‌و لێکۆلینەوەى ناوێت، بۆ لایەنێک ئەگەر پێى خۆى لەناو تاوانەکەدا نەبێت، ڕونکردنەوەى ئەمانە کارێکى سادەیە.

ئەگەر جگە لەوان کەس بۆى هەبێت سەیارەى جام تاریک لێبخوڕێت، ئەوە ڕاگەیاندنى ئەمە بە قازانجى خۆیانە. ئەگەر کارنەدانەوەى ئاسایشەکانى بەردەم کۆلیج لە بێدەربەستى خۆیان بووە، ئەوە دیسان ڕاگەیاندنى ئەمەش ئەگەر بە بەڵگەى واقعیەوە بێت سەدقات لەوە سوکترە کە ئەو ئاسایشانە ڕاسپێراوبوون بۆ نیشاننەدانى کاردانەوە. خۆ ئەگەر دەرپەڕاندنى سەیارەیەکى جام ڕەش بە کەسێکى ڕفێندراوەوە لە هەموو سەیتەرەکانى پارتى، دیسان ناکارامەیى سەیتەرەکان بێت، ئەوەش هەزارجار ئەهوەنترە لەوەى کە خەڵک بیری لێدەکاتەوە. با مسعود بازانى فەرمان بدات ئەم پرسیارانە وەلامبدرێنەوە، پاشان باسى لیژنە بکات بۆ لێکۆلینەوەو دۆزینەوەى تاوانباران.

هەموو خەڵکى کوردستان ئەو ڕاستیە ئاشکرایە دەزانن، کە ئەمە یەکەمجار نیە کە ڕەخنەگران لە گەندەڵى‌و تاڵانچیانى کۆمەڵگاى کوردستان‌و ئیمپراتۆریەتى بنەماڵەکان دەکوژرێن، عەبدولسه‌تار تاهیر شەریف چەند ڕۆژ دواى گفتوگۆ ڕەخنەگرانەکەى لە پارتى‌و بارزانى بەر دەستڕێژى گولە دراو کوژرا، سۆرانى مامە حەمە هەر به‌و جۆره‌و ئه‌وه‌ سه‌رده‌شتیش نموونه‌یه‌کی تره‌…بڵێى باندێکى خۆڕسک‌و خواكردى بێ پەیوەند بە دەسەڵات‌و دام ودەزگا سەرکوتگەرەکانى ئێستا، په‌یدابووبێت بۆ ئه‌وه‌ی هەرکەس بە بنەماڵەى بارزانى بڵى پشتى چاوت برۆیە بیکوژێت؟!

بەڕاستى ئەم حیزبانەى بزووتنەوەى کوردایەتى میژوویەکى ڕەش‌و پڕ تاوانکاریى‌و تیرۆریزمیان هەیە، لە شاخ‌و لە شار هەزاران کەسیان بە دیلێتى‌و بە دەستی بەستراو لە خوێندا غەرق کردووە، ناشرینترین‌و دڕندانەترین تاوانیان بەرامبەر نەیاران‌و ڕەخنەگرانى سیاسى خۆیان کردووە، ڕیسواترین داستان‌و بوختانیان بۆ پینەوپەڕۆى تاوانەکانى خۆیان هەڵبەستووە. بەلام ئەم تاوانە ناشرین‌و دڕندانەیەیان بەرانبەر سەردەشت عوسمان نەک هەر لە ئاستى کوردستان بەلکو لە هەموو جیهاندا ڕیسواو ڕەزیل بووە. ئەمڕۆ بارزانى‌و دەسەڵاتى کوردستان خۆى لەبەرامبەر زەخت‌و فشارێکى ئەوەندە گەورەدا دەبینێت، کە ناتوانن وەکو هەمیشە گوێى خۆیان لە بێزاری‌و خواستى خەڵک بخەوێنن، بۆیە بەمەبەستى کاتکڕین بۆ کۆنبونى مەسەلەکەو هێوربوونەوەى خەڵک، بەڵێنى لێکۆڵینەوەو پێکهێنانى لیژنەى تایبەت دەدەن، بەڵام ئەمانە خۆڵکردنە چاوى خەڵکە، ئەوان ئەگەر مەبەستیان ڕوونکردنەوەى ڕاستى بوایە بۆ خەڵک ئەم هەموو بێنەوبردەیەى نەدەویست. ئەوپەڕى ئەوەى لەم دەسەڵاتە میللیشیایانە چاوەڕى دەکرێت، ئەوەیە کە لەژێر زەختێکى زۆرو بەردەوامى خەڵکدا، سیناریۆیەک بەناوى ڕوونکردنەوە ساز بکەن.

بۆیە سەرنجى خەڵکى کوردستان، خوێندکاران‌و لاوان، ڕۆژنامەنوس‌و ڕۆشنبیران، ژنان، کرێکاران، وهه‌موو لایەنەکانى دژى تیرۆرو بەدەنگهاتوو بەرانبەر تیرۆرى سەردەشت عوسمان، بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە هوشیارانە ئاگادارى پیلانەکانى دەسەڵات‌و پارتى بن. لەوە زیاتر نابێ کات بدرێت بە بارزانى‌و دەسەڵات تا ڕاستى مەسەلەکە بۆ خەلک ڕوونبکەنەوە، دەبێ دەستبەجێ وەڵامى پرسیارەکانى خەڵک بدەنەوە، دەبێ هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەى لەبارەى ئەم مەسەلەیەوە دەکرێت ئاشکراو لەبەرچاوى خەڵک‌و میدیاکان بیت، دەبێ نوێنەرى حزبە ئۆپۆزیسیۆن‌و ڕێکخراوە جەماوەریى‌و دامەزراوە مەدەنیەکان لەناو لیژنەکانى لێکۆڵینەوەدا هەبن.

نابێ خەڵکى کوردستان باوەڕ بە هەموو سیناریۆیەک بکەن کە بەناوى ڕونکردنەوەى ئەم مەسەلەیەوە بڵاودەکرێتەوە. ئیتر وا دیارە توڕەیى‌و بێزارى خەڵک گەیشتۆتە ئاستێک دەیەوێ‌و، ئەگەر بڕیارێکى هەمه‌گیر بدرێت، دەتوانرێت سنورێک بۆ ملهوڕى‌و تیرۆرو کوشتارى نوسەران‌و ڕەخنەگرانى دەسەڵات دابنێت، لەوەش زیاتر سنورێک بۆ گەندەڵى‌و تاڵان‌و مشەخۆرى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دابنێت. بەڵام ئەمە چاوکراوەییەکى زۆرى دەوێ. پێویستى بەوەیە ئەو هێزەى هاتۆتە مەیدان، مەیدان بەجێنەهێلێت تا بە خواست‌و مەبەستە واقعیەکانى خۆى دەگات.

هەفتەیەک تێپەڕى‌و وەڵامى پرسیارەکانى خەڵک دیار نییە. کاتى ئەوە هاتووە ئەمجارە خەڵکى کوردستان لە سەراسەرى ووڵاتدا پێکەوە دەستدەنە هەنگاوێکى یەکپارچە، بۆ نمونە مانگرتنێکى سەراسەرى‌و یەکپارچەو هاوکات لە هەموو کوردستاندا، هاوکات لە هەموو وڵاتانى ترى دنیا کە ئیمکان دەبێت بۆ پشتیوانى لەو حەرەکەتە سەراسەریەى کوردستان، کارى پێویست لە چەشنى بەرپاکردنى میتنگ بکرێت.

ئەمە کارێکە دەبى حزب‌و لایەن‌و دەزگاو دامەزراوەکانى بەدەنگهاتوو لە دژى تیرۆرو ڕەشەکوژى بە گشتى‌و ڕفاندن‌و تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان بە تایبەتى، هاوئاهەنگى لەسەر بکەن‌و بڕیارى لێبدەن، ئەگنیا مەترسى ئەوە هەیە ئەم حەرەکەتە پێش ئەوەى بە ئەنحامێکى گونجاو بگات، بە پیلان‌و دەستیدەستى پێکردن یان ئەوپەڕى بە سازکردنى سیناریۆى چەواشەو ناڕاست، خاوبێتەوە. بۆ بەرگرى لەم مەترسیە دەبى هەنگاوى بەپەلە هەلبگێرێت. ئەم دەستیدەستى پێکردنەى ئەوانەى لەبەرامبەر پرسیارو داواى ڕوونکردنەوەى خەلکدا قەراریانگرتووە، نیشانەى ئەوەیە کە مەبەستیان نیەو ڕەنگە بۆیان نەکرێت ڕاستيەکان بۆ خەڵک ڕوونبکەنەوە. خەلک دەتوانێت‌و دەبێ بە زەخەتى خەبات‌و هاتنەمەیدانى زیاترى خۆى پەردە لەسەر ڕاستیەکان هەڵماڵێت.

ڕیسوایى‌و مەرگ بۆ هه‌رچیه‌ک کە مانەوەو بەڕێوەچونى پێویستى بە تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانەکانە.

10-05-12

Leave A Reply

Your email address will not be published.