بێدەنگى سەرۆك !

shwan sdeqشوان سدیق: هەولێر

چەند رووداوێكى نەخوازراو و نامۆ روویان داوە، لە هەرێمى كورستان لە ئێستا و رابردوودا، لەلایەن دەسەڵاتەوە، هیچ روونكردنەوەیەكى لەسەر نادرێت، ئەوە خۆى بۆ خۆى دەزگاكانى پەیوەندیدار بە كاروبارى ئەمنى دەخاتە ژێر رۆشنایی پرسیارەوە و هەموو تاكێكى كۆمەڵگاش بۆی هەیە یان هەقى خۆیانە گومان لەو بێدەنگییەى دەسەڵات بكەن.

كە بۆچى لە هەرێمى كوردستان، ئەوان خۆیان بە خاوەنى ئەو پرسانە نازانن، یان روونكردنەوەى لەسەر نادەن، بۆ ئەوەى لاى خەڵكى روونببێتەوە كە حكومەتى هەرێم. حكومەتى هەموو خەڵكە و جیاوازى لە نێوان هیچ پێكهاتەو بۆ چونگەل و ئایدۆلۆژییایەك ناكات و لەپێناو بەدیهێنانى مافى خەڵك و ژیانبینى تێدەكۆشێت.

ئەم بێدەنگییەى دەسەڵاتیش بە پلە یەك سەرۆكى هەرێم لێی بەرپرسیارە و هەموومان مافى ئەوەمان هەیە داواى روونكردنەوەى لێبكەین، چونكە ئەو باڵا دەسترین دەسەڵاتە لە هەرێمى كوردستان و بە زۆرینەى دەنگى خەڵكیش بووە بە سەرۆك.

مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان، كە ئەمە قسەى خۆیەتى لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا، لەگەڵ دەزگا حكومییەكان، دەڵێت “من سەرۆكێكى هەڵبژێردراوى خەڵكم واتە سەرۆكى ئەو كەسانەم كە دەنگیان پێداوم هەروەها خۆیشم بە سەرۆكى ئەو كەسانەش دەزانم كە دەنگییان پێنەدوام”، ئەم وتانەى سەرۆك جێگاى دڵخۆشین بۆ خەڵكى كوردستان، بەتایبەتى چینێكى باڵا دەستى كۆمەڵگا كە ئێستا ئۆپۆزسیۆنن و نوێنەریان رەوانەى پەرلەمانى كوردستان كردووە.

بەڵام بێدەنگى سەرۆك خەڵك نیگەران دەكات، لەوەى كە تا ئێستاكە لەسەر بچوكترین پرس تا گەورەترین پرس كە كوشتنى قوتابیەكى گەنجە لە هەولێرەوە بڕفێندرێ و رەوانەى موسڵ بكرێت و لەوێوە تەرمەكەى بهێنرێتەوە بۆ ئەو جێگایەى كە سەرۆك بەرپرسییەتى. گومان لە ئەم بێدەنگییەى دەكرێت.

خۆ ئەگەر هەر ئاوا بڕوات، بێدەنگیەكەى سەرۆكى هەرێم لە ئیٍَساتدا. وەڵامى ئەوەمان دەداتەوە، كە ئەو ناتوانێت ئەو هاوسەنگییەى لە نێوان پێكهاتەكانى كۆمەڵگادا هەیە رایبگرێ و لەگەڵ خەمى خەڵكەكەى ژیان بكات.

خەڵكى كوردستان تا ئێستاكەش كوشتەى دەستى ئازارەكانى بەعسى عێراقین نەوەكانى رابردووى ئێمە هەمیشە بەو خەیاڵەوە دەژیان كە رۆژێكى ئاوا دروست بێت، سەرۆكەكەت بە كوردى قسە بكات و سەرۆكەكەت بۆ خەڵكى كوردستان فرمێسك بڕێژێت، یان لە خۆشییەكانت بەشداربێت.

سەرۆكێكت هەبێت لاى بێگانەكان ئەوانەى كە چاویان بە كوردبوونى خەڵكى كوردستان هەڵنایە شانازى پێوە بكەیت، بەڵام حەیف وا دەردەكەوێت ئەو خەونەیان نەهاتە دیی و ئەمڕۆ سەرۆك دەیەوێت خۆى بەجیا پیشان بدات!!

هەموو تاكێكى ئەم كۆمەڵگایە بۆى هەیە بپرسێت بۆچى سەرۆك بێدەنگە چونكە مەسعود بارزانى هەڵبژێردراوى خەڵكە و نابێت بە تەنیا پارتییەكان، شانازى پێوە بكەن، مافى ئەوەشیان هەیە رەخنەى توندیش لەسەرۆك بگرن، چونكە ئەگەر بە دەنگى ئەو خەڵكە نەبوایە ئەوا بەدڵنیاییەوە بارزانى هەڵنەدەبژێرا بۆ سەرۆكى هەرێم.

ئەگەر لەڕوانگەى مافى دەنگدان و خۆكاندیدكردن و هەڵبژێراو دەنگدان بڕوانین، بۆ سەرۆكی هەرێم بێت یان ئەندام پەرلەمان، ئەوا هەقە هەردوولایان بێنە ناو خەڵكى و بزانن لە ناو كۆمەڵگادا ژیان چۆن دەگوزەرێت، خەڵكیش ئەو مافەى هەیە كە بزانێت ئەوان چۆن دەژین، تاچەند ئەو كارانەى دەیكەن لە بەرژەوەندى ئەواندایە، خەڵكى كوردستان بۆشیان هەیە لە دواى گەڕانەوەى سەرۆك لەسەفەرەكانیدا دواى ئەوەى لێبكەن چەندت خەرجكردووە، ئینتاج و بەرهەمى گەشتەكەت بۆ ئێمە چی بووە لەو سەفەرەتدا، چونكە سەرۆك و پەرلەمانتاریش بە دەنگى خەڵك رۆیشتوونەتە سەر كورسى دەسەڵات و رۆژێكیش دێت، هەر بەدەنگى ئەو خەڵكە ئەوان یەكلاى دەكرێنەوە داخۆ دووبارە كورسى دەسەڵات دەبیننەوە یان لا دەبرێن.

بەڵام ئەمڕۆ خەڵك دەپرسێت بۆ سەرۆك خۆى جیادەكاتەوە لە ئێمە و نایەوێت هیچ هەڵوێستێكى وا نیشان بدات؟ كە ئاگایى لە دۆخى سیاسی و كۆمەڵایەتى و ئابورى و ژینگە و زۆر شتى ترى كوردستان نییە، یان ئەگەر ئاگاشى لێبێت، بۆچى وەڵامى ئەو گومانانە ناداتەوە كە لاى خەڵك گەڵاڵە بوون و ئەو بێدەنگە لێیان؟!

Leave A Reply

Your email address will not be published.