سەرۆک ، بۆ بێ هەڵوێست و بێ دەنگیت ؟؟!

کامەران عەزیز:kamaranAziz

سەرۆکی هەرێمی کوردوستان ، گەر بڕوای بە ژێردەستی میللی و سەرکوت و بێ مافی و ئازاد نەبونی تا ئێستای میللەتی کوردە .. ئەوا کار و ئەرکی هەر ئێستای سەرۆک دەبێت بۆ بە دەستهێنانی ئازادی و دیموکراتی بێت ، وە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ .. لەم ( پارچە بچوکەی کوردوستانە کەم ئازادەدا ) .. دەبێت ئازادی و دیموکراتی ، فراوان و فراوانتر بکات …!! تا خەڵکی کوردوستان بە ئازادی ڕابێت و گەرووی زیاتر فراوان بێت بۆ داواکاریەکانی ، تا بە دیموکراتی ڕا بێت بۆ هەموو چالاکی‌یەکی سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری و ڕۆژنامەگەری و ئاکسیۆن و خۆپیشاندانە رۆژانەکانی ، وە بۆ ئەوەی جارێکی دی بۆ مێژوو هیج دەستەڵاتێکی تری داگیرکار نەتوانێت لە کوردوستان ئەم میللەتە سەرکوت و ژێر دەستە بکات ..!!

لەم چەند ڕۆژەدا بە هەزاران پرسیار لە سەرۆک و دەستەڵاتەکەی کراوە و دەکرێ ، بەڵام سەرۆک وەک بایەک بە لای گوێی‌دا تێ دەپەڕ ببێ ..!! دەنگی لێوە نایە و هیچ وەڵامێکی ئەم پرسیارانە نایەتەوە ؟؟

هەر ڕۆژە لە شار و شارۆچکەیەک خەڵك خۆپیشاندان و پرسەو و ماتەمینی‌دەگێڕرێت ، بەڵام سەرۆک وونە و ورتەیەک لە لێویەوە نایە..! نازانین لە کوێ‌یە ..؟!! لە ناوەوە یان لە دەرەوەی ئەم وڵاتەیە ؟! .

هەرچی نوسەر و ڕۆشبیر و شاعیر و ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ و ئازاد و مرۆ دۆست هەیە ، هەست و پرسیارەکانی خۆایان بەیان کردوە … وە زۆربەی پارێزەر و ماف ناس و دادوەر هەیە هەڵسەنگاندن و پرسیار و لێکۆلێنەوەی یاساییان هەموو تۆمار کردوە ، تا بتوانن سەرچاوەی ئەم تاوانە بدۆزنەوە .. بەڵام دەستەڵات و میدیاکانی سەرۆک و حکومەت مێشێک میاوانیان نی‌یە .!!

وە لە نێو خێزانەکان و لە نێو پاص و تاکسی و ڕێگاو بان و زۆربەی تەلەفون و ماڵپەڕ و چاتی ئەلەکرۆنی‌دا ، باس هەر باسی ئەم تاوانە بەربەریەتەیە کەچی سەرۆک و پێوەندەکانی کپ و بێ دەنگن و نە بە خاس نە بە خراپ دەنگێکیان لێوە نایە ..؟!

هەموو خەڵک خەمبارە و بۆ ئەم لاوە تەعزێبارە بەڵام ، ( سەرۆک ) ، نە ڕەنگی دەبینین .. نە دەنگی دەبیستین .. نە هەست و شعور و خەمی هەست پێ دەکەین !!… بەڵام سەیرە هەر دوێنێ بە سەر پرسەی ئەم پرسە گەورەیەی ( سەردەشت عوسماندا ) نازانم لە کوێ‌وە ، نوێنەریەکی‌ گەیاندە ناوچەی پشدەر و و لە شاری قەڵادزێ بەشداری پرسەیەکی کرد..! بەڵام لەم پرسە جەرگ بڕڕ و پرسە گەورەیەی هاوڵاتیانی کوردوستاندا بە هیچ شێوەیەک بروسکەیەکی سەرۆک بونی نی‌یە ؟! ئەبێ نهێنی لەم وون بون و بێ دەنگی‌یەی سەرۆک لە چیدا بێت ؟!

گەر ئایەتوڵایەکی کۆنە پەرست .. شێخ و العەرەبێکی بێ هۆش .. سیاسەت مەدارێکی فاشی .. بازرگاندارێکی چاوچنۆکی نێو دەوڵەتی ،هەرئێستا زەنگێکی بۆ لێ بدا ، بێ سێ و دوو دەچێت بەرەوپیریان و لە فڕٶکخانە فەرشی سور لەبەر پێ‌ی گڵاویاندا ڕا دەخات و بە پێکەنینەوە پێشوازیان دەکات و نیوەڕۆخوان و ئێوارە خوان و شەوخوانیان بۆ ساز دەکات بەڵام لە بەرامبەر تاوانێکی گەورەی ڕۆژنامە نوسێکدا هیچ بەشداریەکی نی‌یە..؟؟!!

هەموو خەڵک لە چاوەڕوانی ئەوادەیە کە سەرۆک لە بێدەنگی‌یەوە بێتە دەنگ ..!! هەموو لە ڕاڕایی و پرسێکی قوڵدا دەژین و وەستاوین و چاوەڕێین .. وە پرسیار لە خۆمان دەکەین و دەڵێین ، تۆ بڵێ ‌ی سەرۆک سەرقاڵی ئەم کێشەیە بێت ؟ .. وە لە ڕێ‌ی ئەوە وەستابێت کە سەرچاوەی شێوەی تیرۆرکردنی ( سەردەشت ) بدۆزێتەوە و بە هەواڵ و مژدەیەکی خۆشەوە لە ڕێ‌ی میدیا کانەوە یان لە کۆبونەوەیەکی گەورەی جەماوەریەوە خۆی پیشانی هاوڵاتیان بدات ..؟؟! یان بە کێشەی خۆی نازانێت و دەیەوێت بە بێ دەنگی خۆی لەم کێشەیە دەرباز بکات ..؟!

نا بڕوا ناکام …!

لەوانەشە لەم تاوانە و پرسە گەورەیەدا نەیەوێت بێتە گۆ و وشەیەک بڵێت ، بییەوێت کات زوو بڕوات .. چونکە دەزانێت ڕۆشتنی کات خەڵک لەو حەماسەتەی ئێستای خاڵی دەکات و ئەویش وەک جاران بێ دوو دڵی دەست دەکاتەوە بە کاری سەرۆکایەتی خۆیی تەنها خۆی ..؟!

بەڵام سەیرە هەر لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ، لەبەر خاتری بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی ، ئامادەیە کێچێک لە هاوڵاتیان بکات بە فیلێک .. وە خۆی زۆر ناسک بکاتەوە و سەر و بنی زمانی هەر باسی تراژیدیای ئەنفال و کیمیایی و کووشتنی منداڵ و لاوی بێ تاوان بکات ..!! وە یان باسی زیندانی کردن و لە سێدارەدان و شەهیدکردنی هاوڵاتیان بکات کە بە دەستی ڕژێمێکی دڕندەو دیکتاتۆری وەک صەدام ڕووی داوە .. بەلام لە تیرۆر کردن و شەهید کردنی ئەم لاوە بێ تاوانە بێ دەنگە ؟؟!! وە باش دەزانێت کە سەردەشت وەک ڕٶژنامە نوسەکانی دی بە گولەی وێڵی ڕوداوێکی توند و تیژ نەکوژراوە … خۆ وڵات ئارامە و جەنگیش لە ئارادا نی‌یە تا بە پارچە هاوانێک لە کاتی بۆردومان کردنی شوێنێکدا کوژرابێت .. وە لە نێو زانکۆشدا ئەم لاوە هیچ کێشەیەکی تایبەتی و شەخسیشی نەبوە .. تا لە تۆڵەیدا تیرۆر کرابێت ..؟! سەرۆک ، ئەی دەبێت بە چی وە چۆن وە بە دەستی کێ کوژارابێت ؟؟!!

بەڵام خۆت باش دەزانیت ئەی سەرۆک … کە سەرۆکی وڵاتانی دی بۆ ئەنفلۆنزای بالندەیەک .. بەرازێک .. یان کوشتنی ئاسکێکی کێوی ..! وبڕینەوەی چەند دارێکی دارستان و کاراساتێکی سروشتی یان تەقینەوەیەک ….. هتد ، بە زوویی لە هەمان ساتی ڕووداوەکاندا بە وتەیەک خۆی پیشان خەڵکی دەدات و کۆمەڵگا لە ڕووداوەکە ئاگادار دەکاتەوە و خەڵکیش بە وەڵامی پرسیار و گومانەکانی لە لایەن سەرۆکەوە ئارام دەبێتەوە ..!!

کەواتە گەر سەرۆک سەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردوستان بێت ، لە ڕووداوەکاندا دەبێت دەنگی هەبێت ..! سەرۆک گەر سەرۆکی بەڕێوەبردنی وڵات و بەردەوامی ژیان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کوردوستان بێت، دەبێت لە ڕووداوەکاندا دەنگی هەبێت ..! سەرۆک گەر سەرٶکی دەستەڵاتێکی پێشکەوت و مەدەنی بێت ، دەبێت ڕۆژانە لە ڕووداوەکاندا هەڵوێستی بێت ..!! سەرۆک گەر بڕوای بە چەوسانەوە و سەرکوت و ئازاردان نی‌یە ئەوا دەبێت بە گژ هەموو جۆرێکی ئازادان و ئەشکەنجەیەکدا بچێت و هێڵی سوری بۆ دابنێت ..! سەرۆک گەر بڕوای بە پشێوی و ئاژاوە و نا ئارامی نی‌یە دەبێت هەموو هەلوێست و وشە و وتەکانی هەلوێستی _ ئارامی ببەخشێت …! سەرۆک گەر بڕوای بە مافی ئازادی و دیموکراتی و عەدالەت و یەکسانی هەیە لە نێو هاوڵاتیان و گشت حیزب و ڕێکخراوەکاندا ئەوا دەبێت بە شەهامەتەوە پارێزگاری لەو یاسایانە بکات کە دەتوانێت سەرۆک و دەستەڵاکەی لە گەڵ هاوڵاتیەکدا هەمان مافی یەکسانی یاسایی هەبێت …!!

ئەی سەرۆک …. چٶن لە کاتی هەڵبژاردنی ئەمساڵدا شەهامەتت نواند بۆ گٶڕێنی تەنها وشەیەک لە ( پێشمەرگەوە بۆ میلیشیا ) لە تەلەفزیۆن و میدیاکانەوە بە تووڕەیی و دەم لەرزینەوە هێڵی سورت بە زاند و هێڵی سورت بۆ نوسەرەکەی داناو و هەڕەشە ی دەرکردنە دەرەوەت لەم وڵاتە وێرانەیە لێ کرد …!! هەر ئاواش شەهامەتی سەرۆکایەتیت بۆ وشەکانی ڕۆژنامە نوسی لاو (سەردەشت ) بنوێنە و ، بە لەگەڵ بون لە گەڵ نەبونی ، وتەی خۆت بڵێ .. بە دژایەتی یان بە پارێزگاری لێکردن لەم لاوە ، وەک سەرۆکێکی ئازادی خواز وتەی خۆت بڵێ ..! بۆ ڕفاندن و شێوەی تیرۆرکرنی وتەی خۆت بڵێ ..! وە بۆ دروستی و نا دروستی نوسینەکانی ئەم ڕۆژنامە نوسە سەرنجی نەترسانەی خۆت بدە ..!!

ئەزانم سەرۆک … تۆش تیرۆرکردنی ئەم لاوە هەراسانی کردویت و خەوی لێ زڕاندویت ..!! لەبەر ئەوەی ، بوەتە کێشەی هەموو خەڵک و خەڵک خرۆشاوە بەرەو ڕووی دەستەڵاتت بۆتەوە .. وە قورسایی و ڕێزی پەڕلەمانەکەت ، هاوڵاتیان بە بنی پێڵاوەکانیان پێوانەیان کرد ..!! ئەمەیە وات لێ دەکات کە بە دوای وەڵامێکدا بگەڕێێت کە هاوڵاتیان بتوانن بڕوای پێ بکەن ..!! بە دوای وەڵامێکدا دەچیت ، کە بە تەوای پرسیار و گومان لە زهن و مێشکی خەڵکدا بسڕێتەوە..!! بە دوای وەڵامێکدا دەچیت ، کە بتوانێت سەرۆکایەتی هەڵبژاردنێکی دیی ، بۆ داهاتوت مسۆگەر بکات..! بۆیە ئەم وەڵامە کاری چەند کاتژمێرێک و چەند ڕۆژێک نی‌یە..!!

13.05.2010

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.