کاتى ئەوە هاتووە کەداوا لە سەرۆکی هەرێم بکرى دەست لە کار بکێشێتەوە..!
کارەساتی تیرۆری سەردەشت عوسمان بە جیا لەوەی راستیەکانی پشتی پەردەی دەسەلاتی ئاشکرا کردووە، تەواوی خەلکی کوردستانی هەژاندووەء نارەزایەتیەکی فراوانى لە بەرامبەر دەسەلاتدا هێناوەتە مەیدانەوە، بەلگەکان و رەوتی روداوەکەش بە بێ گومان و بێ لێکۆلینەوە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەم کارە لە ئەستۆ و لێپرسراویەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەسەلاتەکەیدایە، جگە لەمەش ئەوەى زیاتر لەمەزاجى خەلکدا بەرجەستە بۆتەوە ئەوەیە تیرورکردنی سۆرانی مامەحەمە و کەسانی تر لەهەمان ئەو چوارچێوەیەدایە کە نابێ رەخنە لە خانەوادەی بەرزانی بگێرێت و هەر کەسیکیش بەم کارە هەستا لە گەل رفاندن و تێرۆر بەروەروو دەبێتەوە، بەم جۆرە رەخنەگرتن لە بەرزانی و بنامالەکەی بە هیلی سوری نیوان ژیانء مەرگی ئازادی خوازان گۆردراوە.
لەلایەکی تریشەوە رەوتی نارەزایەتی بۆ بەرگری لەئازادی سیاسی و ئازادی رۆژنامەگەری و بیرورا دەربرین و بەرزکردنەوەی دروشمی بێ دەنگ نابین لەبەرامبەر دەسەلاتدا، کە داوای ئاشکرا کردنی تاوانباران و دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری ناوخۆ و بەرێوەبەری ئاسایش دەکرێت، ئەم هەنگاوە ئەگەرچى لەسەرەتای بەرەو روبونەوەی جەماوەریدا خۆی بە مانای بەر پرسیار کردنی دامودەزگاکانی دەسەلاتە لە رودانی تاوانێکی گەورەدا کە بەرامبەر بە دانیشتوانی کوردستاندا کراوە و دەکرێت. بەلام بەدوای پەرگرتنی ئەم نارەزایەتیانە گرنگترین خاڵیک کە لە ئێستادا بۆ بەرگری و پاراستنی ئازادی سیاسی و هاوکات بە قازانجی بەرینکردنەوەی نارەزایەتیەکانی ئیستا، گەشە پێدانیەتی لە شێوازی جۆراوجۆردا و هێنانەکایەی دروشمێکى رۆشنترە.
لە کاتێکدا ئەم رووداوە نا ئینسانیە کە کەوتۆتە بەر پرسیاریەتی دەسەلاتەکەی پارتى و لەپایتەختى هەریم و لەژیر سایەى سەرۆکایەتى مەسعود بەرزانیدا روویداوە ء بە رۆشنى هێرش ودەستدرێژیە بۆ سەر خەلکی کوردستان، لەجێی خۆیدایە داواى دەست لە کار کیشانەوەی سەرۆکى هەریم بکرێتە دروشمى نارەزایەتیەکانى ئیستا و لەپاڵ خواستى ئاشکراکردنى تاوانباران و سپاردنیان بەدادگایەکى ئاشکرا بەرزبکریتەوە.
بەو مانایەی کە مەسعود بەرزانی کەبە لە 70% ى دەنگدەران بۆتە سەرۆکی هەریم، ئەو ئەرکەى لەئەستۆیە کە لە هەر روداویکدا نوینەرى خواستى هەر ئەو خەلکەبیت. بەلام لەئێستا کە نارەزایەتی خەلکى کوردستان بەدژى دەسەلات و پارتەکەى هاتوتە کایەوە و بەرۆشنیش دیارە کەتاوانى تیرۆرى سەردەشت بەرهەمى نوسراوێکە کە لەسەر خانەوادەی مسعود بەرزانی نوسیویەتی و تیرۆرکردنەکەشی پەیوەستە بەو نوسینەوە، لەحالەتیکى ئاوادا کە پارتى ودەسەلاتەکەى پاش زیاتر لەهەفتەیەک هیچ ئەنجامیک بەدەستەوە نادەن و بەرائەتى خۆیان ناسەلمنێنن، خودى تاوانەکە و نارەزایەتى خەلک شەرعیەتى پۆستى سەرۆکایەتى دەخاتە ژیر پرسیارەوە. بەتایبەتیش لەهەروولاتیکدا کەلانى کەمى پرەنسیپى دیموکراسى رەعایەتبکرێ و ریز بۆ راى خەلکى دابنرێ، سەرۆکەکان وکاربەدەست و وەزیرەکان لەهەر فەزیحەیەکى مالى وئەخلاقیدا کە نەتوانن بەرائەتى خۆیان بسەلمینن، یان خۆیان دەست لەکاردەکیشنەوە وەیا بەراى گشتى ناچار بەم هەلویستە دەکریت. لەکاتیکدا تاوانى رفاندن و تیرۆرى سەردەشت عوسمان لەکردەوەیەکى مالى وئەخلاقى واوەترەو یەک کارەساتى کۆمەلایەتىیە کەسەرتاپاى دەسەلاتى خستۆتە ژیر پرسیارەوە و شەرعیەتى لەبەرپرسیاران سەندۆتەوە ودەنگى زۆرینەى دوینێى خەلکى بەتال کردۆتەوە. لەم روانگەیەوە خەلکى نارازاى یان دەبێت تەسلیم بە بینەوبەردەى دەسەلاتداران ببن و دواى کەفوکولیک بەدەستى خالى بچنەوە مالەوە و فایلى سەردەشت وەک فایلەکانى شاپۆرو قابیل و عەبدستار تاهیر شەریف و سۆرانى مامەحمە بچنە خانەى لەبیر چوونەوەوە، یان دەبیت لەدەورى خواستیکى بالاتر دریژە بەبزوتنەوەى نارەزایەتى خۆیان بدەن، لیرەشەوە خواستى دەست لە کارکیشانەوەى سەرۆک وەک دروشمیک بەدەستەوە بگرین. ئەمە لە کاتیکدایە کە بەدى هاتنى ئەم دروشمە جگە لەوەى خەباتى جەماوەرى هەنگاویگى گەورە لەدابین کردنی پاراستنی ئازادی سیاسی و ئەمنیەتی دانیشتوان دەباتە پیشەوە، هاوکات زەمینەیەکى لەبار بۆ کرانەوەى دەسەلات و ئیحترامگرتنى راى خەلکى لەلایەن دەسەلاتدارانەوە دەکاتە سونەتیک کەراستەوخۆ لێدانیکى گەورەیە لە فەزاى سەرکوت و تۆقاندن کەوەک بەشیکى جیانەکراوەى دەسەلاتى ئەحزابى میلیشیایى ژیانى هاولاتیانى پێ لەقالب دراوە.
14.5.2010