بنەماڵەى کۆنەخواز و ترسنۆک، سەردەشت عوسمانى ئازادیخوازى تیرۆرکرد..
دواى تیرۆرکردنى رۆژنامەنوس سۆرانى مامە حەمە لە کەرکوک و دیزە بەدەرخۆنە کردن و ونکردنى ئەو کەیسە لەلایەن دەسەڵاتى کوردییەوە، رێگەى بۆ ئەوە خۆشکرد کە ئەمجارەش رۆژنامەنووسێکى دیکەى ئازادیخوازو بوێرو جەربەزە، بە شێوەیەکى دڕندانەو ترسنۆکانە، لە شێوەى تیرۆرى دەوڵەتدا، بە شێوازى تێهەڵدان لە رۆژى نیوەڕۆدا و بە بەردەم ئەو هەموو زێرەڤانییەوەو لە بەردەم دەرگاى کۆڵێژداو لە پایتەختى کوردستانى باشووردا و پاشتر ڕفاندنى و تیرۆرکردنى و گواستنەوەى بۆ شارى موسڵ بۆ ئەوەى ئەم کارە تیرۆرستییە دڕندانەیە لە جوگرافیاى کوردستان و ونکردنى، ئەوا ئێستا بۆ هەموو کەسێکى نەزان و کاڵفامیش ئاشکرایە کە ئەمجۆرە بەرنامەڕێژییە کارى دەزگا ئەمنییەکانى حزبى کوردییەو حزبى دەسەڵاتدار ئەم پلانەى داڕشتووەو ئەمێستاکەش لێى بێدەنگەو زۆر شەرمنانە لە میدیاکانى خۆیەوە بە سەرە قەڵەم و کورتە هەواڵێکى تیژ تێپەڕ باسى لێوە دەکات و هیچى تر..
بەداخەوە، حزبێکى گەورەو خاوەن خەباتى چەکدارانەو شۆڕشگێڕى چەندان ساڵەو خاوەنى چەندان قارەمان و شەهیدەو، ئاوەها لە وشەى رۆژنامەنوسێکى لاو بترسێت، لە برى وەڵامدانەوەو چاکسازى کردن لە دەزگا گەندەڵ و مشەخۆرو جەردەکانى خۆیدا، لە برى تەسلیم کردنى گەندەڵکاران و ماشەرەوەکانى سامان و پارووە نانى خەڵکى کوردستان بە دادگا بارگاوییەکانى بە ئایدیۆلۆژیاى حزبى و خزم خزمێنەو مەحسوبییەت..
لە برى ئەوەى خزمەتگوزارییەکانى باشتر بکات و بێکارەبایی و بێسووتەمەنیمان چاکتر بکات.. لەبرى ئەوەى حزب لە حکومەت جیا بکاتەوەو هاووڵاتى بە نیشتمانە هەتیوەکەى ئاشت بکاتەوە.. لە برى ئەوەى ڕوو لە مرۆڤدۆستى و خوداپەرستى و دادوەرى و شەفافییەت و دیموکراسى و ئازادى ڕادەربڕین و بوژاندنەوەى ژیانمان و گەڕاندنەوەى پێکەنین و متمانەو خۆشى و ئینتیما بۆ نیشتمان و حکومەت و خاک و ژیانمان بۆ بگەڕێنێتەوە.. لەبرى ئەوەى هەوڵ بدات دووبارە یەکترمان خۆش بوێت و هاوکارو هاوڕێی یەکتر بین.. ڕامان بێنێت لەسەر لێبووردەیى و یەکتر قبوڵکردن و بە ئاشتى ژیان و پێکەوە ژیانى جیاوازەکان قبوڵ بکەین.. کەچى خۆى لە رۆژنامەنوسێکى لاو تۆقیوە، لە قەڵەمێکى ئازادو ئازا دەترسێت..
ئەم دەسەڵات و حزب و بنەماڵە تۆتالیتارو خۆسەپێنە کوردییە، دەیەوێت ئێمەى تاکى کورد، ترسنۆک و بودەڵ و دزو درۆزن و لەشفرۆش و داوێن پیس و دەستپیس و جاسووس و راپۆرت نوس و هەواڵدزو مەسینەدانەرو سەرشۆڕو ملکەچى پارەو سەیارەو سۆزانى و سەماکەرو مرۆڤى بێنرخ و هیچ و پووچ بین.. دەیەوێت دەستەمۆ بین بۆ ئەوەى مەرامە گڵاوەکانمان پێ مەیسەر بکات و تەمەنى گەندەڵى و دزینى سامان درێژتر بکاتەوە.. دەیەوێت هەتاکو مەحشەر و رۆژى قالوبەلا مۆنۆپۆڵکردنى کورسى و داهات و بودجە بە کارو کردەوەى خۆى و بنەماڵەکەى خۆى بزانێت.. دەیەوێت لە پلەى خوداو یەزدان و خواوەندەکاندا هەتاکو رۆژى بێکۆتا هەر سەرمەدى و ئەزەلى بمێنێتەوە..
بەڵام خەیاڵى خاوە، لە سەدامى دیکتاتۆر تەمەن درێژترو بەهێزترو فیرعەونترو کەڵەگاتر نابن.. ئێوە لەوەوە پەڕۆیەک دادڕن و فێر ببن کە دیکتاتۆرییەت بێکۆتا نییە.. هەتاکو کەى نوسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنوسان دەکڕن و دەیانکەن بە کۆیلەى خۆتان و بنەماڵەکانتان.. ئایدیۆلۆژیاکانتان بنەبڕ بووەو ئەگەر پارەتان نەبێت کەسێک نییە قەناعەتتان پێ بهێنێت.. ئەو دەزگاو ڤێلاو سەیارەو سەماکەرانەى بۆ ئەو خۆفرۆشانەتان کڕیون بەپارەى میللەت، هەتاکو مەحشەر بە پێوە ناوەستن، ئێوە لە بورجى بابلیشدا بن کۆتاییتان دێت.. ئێمەش پشوومان درێژەو ئازادو ئازاین..
هەموومان سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمانین، ئەگەرچى ناوەکانمان بە پیتى( س) یش دەست پێنەکات.. دروشمى ئێمەى کوڕى سپینۆزاو ماندێلاو گاندى ئەوەیە کە (کەم بژی بەڵام کەڵ بژی).. سەرمان بۆ ئێوە و پارەکانتان شۆڕ ناکەین.. ئێوەیەک کە 36 هەزار براتان لە براکوژیدا کوشتبێت دەتوانن دوو یان سێ و چوار رۆژنامەنوسیش بکوژن.. بەڵام ئێمە دەبینە جۆردانۆ برۆنۆو ژان دارک و عەبدولخالق مەعروف و ئۆڵف