تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، هەوڵێکی پووچەڵ بۆ تیرۆر کردنی ئازادی رادەربرین!

ناسک ئەحمەد:nask ahmad

کارەساتی تیرۆرکردن و کوشتنی وەحشیانەی لاوێکی بیست ساڵانە، رۆژنامەنووسێکی ئازادیخواز و قەڵەمێکی ئازا برینی بیست ساڵ لە سەربرینی ئازادی رادەربرین و تیرۆرکردنی ئازادیخوازانی لە کوردستان لە جەستە و دڵماندا جاریکی تر هەڵکەند ، ویژدانی هەزاراران ئینسانی جووڵاند ، سەدان قەڵەمی هێنایە نووسین ، دەنگی هەزاران گەرووی هەڵبڕی و هەزاران ئینسانی هێنایە مەیدان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی ووشەو بەیان.

تیرۆرستان و نەخشەدارێژەرانی تیرۆری سەردەشت، سەردەشتی خۆشەویست ومنداڵی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان ئاشکراو رۆشنە و وەک رۆژی رووناک دیارە. ئەمرۆ هیچ کەسیک بە ئەندازەی سەرە دەرزییەک شکی لەو راستییە نەماوە کە یارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی دەزگا جاسوسییەکەی بە ناوی پاراستن هەڵسا بەم کارە ترسنۆکانەیە. بەییاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیعتراف وداننانیکی ئاشکراو و شەفافە بەم راستیەدا.

کوشتنی سەردەشت عوسمان، هەوڵە بۆ کوشتنی ئازادی و ترووسکایی نێو دڵی ملێۆنەها لاوو گەنجی کوردستان ، هەوڵە بۆ کووشتنی ئەو هاوارە قووڵ و ئەو دەنگە بەرزەی کە لە کوردستان بۆ ئازادی هاوار ئەکات . ئەیانەوێت بە تیرۆرکردنی سەردەشتەکان دەنگی ئازادی، دەنگی یەکسانی، هاوار بۆ ژیانیکی شایستەی ئینسانی و باشتر لە گەرووی کۆمەڵگەی کوردستاندا خەفە بکەن و نەوەیەکی بێدەنگ و رازی بە هەژاری و کۆنەپەرستی و قەڵەم فرۆش و سەرلەخوار و دەبەنگ بەرهەم بێنن. ئامانج لەم کارە نەک هەر بێدەنگەکردنی رۆژنامەنووسان و خەفەکردنی ئەندێشە وبیرکردنەوەیان و شکاندنی قەڵەمەکانیانە، بەڵکو تۆقاندنی هەموو خەڵکی کوردستان و بێدەنگەکردنی هەرکەسیکە کە داوای گۆرین دەکات، کە داوای گوزەرانیکی باشتر ، کاری شیاو، مووچە و مەسکەنی گوونجاوو، ئازادی رادەربرین، مافی ژن و لاو و سیستمێکی مۆدێرنی خۆیندن دەکات. بەم کارە پارتی و دەسەڵاتداران دەیانەویت هەژموونی بێ ئەملاولای دەسەڵاتیان مسۆگەربکەن و وەک هێزێکی بەلامونازیع و قابیلی نەگۆر لە مەیدانداندا بن و ئازادی دەسەبەسەراگرتنی پارەو پوولی کوردستان و سیاسەتکردن و قسەکردن بۆ خۆیان پاوان بکەن. هەرکەسیک بە شانوباهوویاندا هەڵدا ئەوا لە نازو نیعمەت و ژیانی شاهانەدا دەیژێنن و دەرگا و مینبەری تەلەفویۆن و رۆژنامە و گۆقارەکانی بۆ دەخەنە سەرپشت. هەر کەسێکیش قەڵەمەکەی پێنەفرۆشتن و لە ئاست ناحەقی و نا یەکسانی و بە هەژارراگرتن و سەرکوتکردنی جەماوەری خەڵکی کوردستان بێدەنگ نەبوو، لە پالڕ بەرەی خەڵک و جەماوەردا راوەستا، ئەوا پاسەوانانی دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکانی دەسەڵات بۆی لە مەیداندان، یان شار بەدەری ئەکەن، یان دەبێ لە ژیاندا نەمێنێ.

سەردەشت ئەو دڵە ئازایە بوو، کە تا دوواین ساتی ژیانی چۆکی دانەداو پر بە گەرووی هاواری ئازادی کرد، بە مەرگی خۆشی هەزاران هەزار گەرووی بۆ ئازادی کردەوە، کە ئەمرۆ وەک سەردەشت هاواری ئازادی دەکەن و دەجەنگن. تیرۆرکردنی سەردەشت عەسمان مێژووی پێش خۆی گۆری و دووارۆژیکی تری نیشان خەڵکی کوردستان دا. بەستەڵەکی بێدەنگی پچراند و مەسەلەی بەرگری لە ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربرینی کردە مەسەلەی هەموو تاکێکی کوردستان. هاتنەمەیدان و بێدەنگەنەکردنی جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لەم تاوانە گەورەیەی کە بەرامبەر رۆڵیەکی کرا توانی ئەو مەرام و نیازە چەپەڵەی کە لە پشت پیلانی رفاندن و تیرۆرکردنی سەردەشتەوە بوو پوچەلڕ بکاتەوە. ئەگەر لەلای پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنەگرتن لە بنەماڵەی بەرزانی و دەسەڵاتیان هێلی سووریان بێت کە بۆ ئازادیخوازان و خەڵکی کوردستانیان دەستنیشانکردووە، ئەوا ئێمەش پێتان دەڵێین کە رفاندن و تیرۆرکردن و چاووسوورکردنەوە لە سەردەشتەکان هێڵی سوورمانەو بۆتان نییە بەسەریدا برۆن. ئەمە بریار و مەبەستی سەرەکی هاتنەمەیدانی خەڵکی کوردستانە لە مەلەفی سەردەشت عوسماندا. ئەم بریارو قانوونەی خەلکی کوردستان کە لە هەموو خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانیاندا دووپاتی دەکەنەوە ، پەیام وئاگادارکردنەوەیەکە بۆ هەموو دەسەڵاتداران و پارتە سیاسیەکان لە کوردستان.

مەرگ بۆ تیرۆر و تیرۆرستان!

ژیان بۆ سەردەشت و سەردەشتەکان!

15 ی مەیی 2010

Leave A Reply

Your email address will not be published.