سەرئەنجام پارتى مەسەلەکەى ڕوونکردەوە!
هەرچەندە سەرۆکى پارتى بەلێنیدابوو بەزوویى هەموو هەوڵێک دەخرێتەگەڕ بۆ لێکۆلینەوە لە تاوانى فڕاندنو تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمانو دۆزینەوەى تاوانباران، بەڵام دواى زیاتر لە هەفتەیەک دواکەوتن، سەرئەنجام ڕۆژى 13ى مانگ مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لەلایەک و دەزگاى پاراستنى پارتى لەلایەکى ترەوە، سەروبەرى مەسەلەیەکەیان خستە دەستى خەڵکى کوردستانەوە. هەرچەندە ناوى هیچ لایەن و کەسێکیان نەبردوە، بەڵام ناونیشانەکەیان بە ڕۆشنىو بە خەتێکى ڕەش لەسەر کاغەزى سپى خستۆەتە بەردەستى خەڵکى کوردستان.
با پێکەوە سەرنجى ئەم ناونیشانو بەڵگانە بدەین!
بەڵگەى یەکەم: ڕۆژێک پێش بەیاننامەو ڕونکردنەوەکەیان، باوکى جگەرسوتاوى سەردەشت عوسمانیان “میواندارى” کرد بۆسەر تەلەفزیونەکەیان، نەک بۆ ئەوەى ئەگەر زانیاریەکى هەبێت یان سەرەداوو شوێنپیەکى ئەو جانەوەرانەى لابێت کە ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە، بەڵکو بۆ ئەوەى لەژێر زەختو فشاردا بڵێت هیچ سەرەداوێک دیارنیەو نابێ کەس تاوانبار بکرێتو… لە کاتێکدا هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە بەڕێز کاک عوسمان لانى کەم وەکو هاوڵاتیانی ترى کوردستان ئەزانێ کە کوڕەکەى وتارى نوسیوەو باسى گەندەڵى دەسەڵاتو ئیمپراتۆریەتى سەرى ڕەشى کردوە، پاشان هەڕەشەى لێکراوە، پاشان وەکو خۆى لە وەسیەتنامەکەیدا باسى کردوە، لاى ڕاگرى کۆلیجو بەرێوەبەرى پۆلیسى هەولێر شکاتى کردوەو دواى بێئومێدبوون لەوانە، وەسیەتنامەى نوسیوە. هەروەها گومان لەوە نیە کە بەڕێز کاک عوسمانیش وەکو هاولاتیانى تر ئاگادارە کە سەردەشت لەبەردەم کۆلیج بەزۆرو لێدان بۆناو سەیارەیەک راپێچ کراوەو ئاسایشى ئەوێ کاردانەوەى نیشان نەداوەو بەناو ئەو هەموو سەیتەرانەدا بە ئاسانى دەرپەڕێندراوە بۆ موصل. بەڵام ئەو ناتوانێ ئەم ڕاستیانە بڵێت، بۆ ئەوەى ژیانى باقى خێزانەکەى نەخاتە مەترسیەوە. خەڵکى کوردستان زۆر لە کۆنەوە بەم سیناریۆیانە ئاشنان، سەردەمانێک رۆڵەکانى ئەم کۆمەلگایەیان بە ئاشکرا دەکوشتو پاشان باوکیان ناچار دەکرد ستایشى بکوژەکانو “سەرۆکى فەرماندەى” بکوژەکان بکات. ریسوایى و داڕزینى ئەم ڕەوشتە بەجێگاى خۆى، بەلام ئەگەر ئەمە 20 سال لەمەوبەر کارەسات بوو، ئەمڕۆ ئیتر دوبارەکردنەوەى مەهزەلەیە. ئەمە بەڵگەیەکەو ناونیشانى تاوانبارانمان پێدەڵێت.
بەڵگەى دووەم: پارتى نەک هەر زۆر توڕەیە، بەڵکو توشى هیستریا بووە لەم ڕووداوە، بەڵام نەک لە تیرۆرو فڕاندنى سەردەشتو لە بکوژەکانى، بەڵکو لەو جەماوەرە خرۆشاوەى کە بە ناڕەزایەتى دەربڕین دژى ئەم کارە قێزەونەو بەرزکردنەوەى خواستى ناساندنى تاوانبارانو ڕێزگرتن لە ئازادى ڕادەربڕین، و بە دژایەتى تیرۆرو تیرۆریزم “ئاسایشى هەرێمى کوردستانیان خستۆتە مەترسیەوە”!!
بەڵگەى سێهەم: پارتى هەڕەشەیەکى زۆر توندى کردوەو بەڵێنو بڕیاریداوە کە تاوانبارانو ئەوانەى لە “یاسا” دەرچونە دەداتە دادگا، بەڵام نەک تاوانبارانى فڕاندنو تیرۆرى سەردەشت، بەڵکو ئەوانەى کە بەڵگەیان پێیەو دەیانەوێ شوێنپێى بکوژەکان هەڵگرن.
بەڵگەى چوارەم: پارتى بڕیاری داوە کە ئیتر ئەویش بێدەنگ نەبێتو ئەوەى پێویست بێت بیڵێتو ئەوەى پێویست بێت بیکات، بەڵام نەک لە دژى بکوژانو تاوانبارانى ئەم تاوانە چەپەڵە، بەڵکو لەدژى ئەوانەى کە خرۆشاونو لە دژى ئەوانەى کە خواستى ئاشکراکردنى تاوانبارانو سزادانیان بەرزدەکەنەوە.
هەر هاوڵاتیەکى سادە ئەو بەڵگانە لێکبداتەوە دەتوانێ ئەنجامگیرى خۆى لێبکات. سەربارى ئەوانەش، پارتى لە مدیاکانیەوە توڕەیى خۆى لەوە دەردەبڕێت کە ئەم ڕووداوە بەڕاى ئەو “بچوکە” بۆ ئەوەندە گەورە کراوەتەوە. بەلام ئەمەیان ئیتر لە دەسەڵاتى کەسدا نیە. ئەمە بەڵگەى ناکۆکى معیارو پێوەرەکانى خەڵکى کوردستانو پارتیە بۆ ئەندازەگرتنى ئەم کارە رەزیلانەیە. پارتى ئەمەى پێ ڕووداوێکى بچوکە. ناحەقیشى نیە چونکە هەرگیز ناوچەکانى دەسەڵاتى پارتى ئەم جۆرە ڕووداوانەى لێ نەبڕاوە. لەم ڕووانگەیەوە پارتى ئەم ڕاپەڕینەى خەڵکى کوردستان دژى تیرۆرى نوسەران بە بێمانا دەزانێو دەڵێ دەبێ نەفەستان درێژبێتو ئارام بنو چاوەڕێ بن تا دەزگا پەیوەندیدارەکان بە خوێنساردیەوە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن. وەکو ئەوەى کە بکوژانى سۆرانى مامە حەمەو عەبدلستار تاهیر شەریفو سەدان تیرۆرى دیکەى پێشووتر، لەلایەن پارتىو ئەو دەزگا پەیوەندارانەوە چاک ئاشکرا کرابێت!!
من چەند ڕۆژ لەمەوبەر ئەو ئاگاداریەم دا بە خەڵکى کوردستانو پێشبینى ئەوەم دەکرد کە ئەگەرى ئەوە هەیە لە ژێر زەختى خرۆشانى خەڵکدا، سیناریۆیەک بۆ خۆڵکردنە چاوى خەڵک سازبکرێت. ئێستا لە ڕاگەیاندنى پارتیدا شەبەحى ئەو سیناریۆیە بەدیدەکرێت. ڕۆژى 13ى مانگ ڕاگەیاندنى پارتى دەستى کرد بە بڵاوکردنەوەى گومانى ئەوەى کە ئەم تاوانە نەگریسە لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە ئەنجامدرابێت کە کەمپین لەدژى تاوانەکە بەرپادەکەن. ئەوکات تەنها بەڵگەیان ئەوەبوو کە ئەگەر وانەبێتو پێشتر هەم نەخشە بۆ تاوانەکەو هەم نەخشە بۆ کەمپینەکەى، ئامادە نەکرابێت، چۆن وا خێرا ئەم هەموو کاردانەوەیە بەڕێخرا؟! بەڕاستى لەچاو ئەو هەموو بەڵگەو سەرةداوانەى تر، مەگەر تواناى مەزەنەى بەهێزى پارتى سەرنجى بڕواتە سەر بەڵگەى لەم جۆرە!! بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆ هەر بەم تواناییەوە تاوانبارانى تیرۆرەکانى پێشوتر دەستنیشان نەکران؟
سەیر ئەوەیە لەبەرامبەر ئەم هەموو خرۆشانەى خەڵکى کوردستاندا، حکومەتو دامودەزگاکانى جگە لە مەحکومکردنێکى ڕواڵەتى ڕووداوەکە، ئێتر هیچ کاردانەوەیەک لەخۆ نیشاننادەنو ڕوونکردنەوەیەکیشیان لەم بارەیەوە نیە، بەڵام لە برى حکومەت مەکتەبى سیاسى پارتىو لەبرى ئاسایش دەزگاى پاراستن دێنە وەڵامو هەڕەشە دەکەن. لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە دەیان پرسیارو بەڵگە لەسەر رووداوەکە لە هەزاران گەروەوە ئاراستە دەکرێت، پارتى گوێى خۆى لە هەموویان خەواندوەو هیچ وەڵامێک ناداتەوە، کەچى لەبرى ئەوانە چەند خاڵێکى لاوازى لەو دنیا ڕاگەیاندنو نوسینە بەدەستەوە گرتوەو بە حەماسەوە رەتیاندەکاتەوە، کە ڕەنگە هەر بۆ یەکجار لە بێدیقەتیدا بە مەبەستەوە بێت یان بێمەبەست لە دەمى یەک کەسێکەوە ووترابن. وەکو ئەوەى سەردەشت لەناو کۆلیج دەرکراوە، یان لە سمینارى مەسرور بارزانیدا ئامادەبوەو رەخنە توندى لێگرتووە. بەلام جیاوازى چییە لەنێوان ئەوەى لە ناو کۆلیج دەرکرابێت یان لەبەردەم کۆلیج بەبەرچاوى خەڵکو ئاسایشەوە پەلکێش کرابێت؟ جیاوازى چیە لەنێوان ئەوەى لە سمیناردا ڕەخنەى گرتبێت یان لە ووتاردا؟ بۆ وەلامى ئەمانەى دووەم نادەنەوە؟!
پارتى هەر وەکو نەریتى هەمیشەیى ئەم حزبانەى بزووتنەوەى کوردایەتى، لەو کاتەدا کە خەلک لەسەر تاوانکارییو تاڵانو بڕۆو پاوانکردنى هەموو شتێکى کۆمەڵگا یەخەیان دەگرێت، ئەوان لەوەڵامدا دەکەونە مەدحو سەناى خۆیانو شانازیکردن بە دەسکەوتەکانیانەوە. ئەمە وەلامیانە بۆ ئەو جەماوەرە خرۆشاوەى گومانى گەورەیان ئەوەیە سەردەشت لەسەر ئەوە تیرۆر کرابێت، کە ووتارى دەربارەى پاوانکردنى داهاتو سامانى کۆمەڵگا لەلایەن بنەماڵەى سەرۆکى پارتیەوە نوسیوە.
مسعود بارزانى شانازى بەوەوە دەکرد کە لەلایەن لەسەدا حەفتاى خەلکى کوردستانەوە هەلبژێردراوە بۆ سەرۆکى هەرێم، بەلام ئێستا هاوکات کە خۆى لەو جێگاوشوێنە دەبینێتەوە، لەولاوە مەکتەبى سیاسى حزبێک بە سەرۆکایەتى ئەو، هەروەها دەزگایەکى موخابەراتى حزبیى کە لە دەرەوەى یاساکانى حکومەتەکەى خۆیان دروست بووە، دیسان هەر بە سەرۆکایەتى ئەو، هەڕەشە لە خەڵکى ڕاپەڕیوى کوردستان دەکات. لە کاتێکدا ئەگەر بەپێى ئەو پرەنسیپەى بکردایە کە هەڵبژێردراوى خەڵکە، دەبوو لە جیاتى هەڕەشە، بیگوتایە بەو هۆیەوە کە سەردەشت وتارى ڕەخنەگرانەى لەسەر من نوسیوەو ئێستاش ئەو جەماوەرە بەرینە پێیانوایە ئەو لەسەر ئەو وتارانەى تیرۆرکراوە، کەواتە پێیانوایە لەسەر من تیرۆرکراوە، بۆیە ئەگەر نەمتوانى بکوژانى ئاشکرابکەم لە پۆستى سەرۆکى هەرێم ئیستقالە دەدەم.
بەلام لە کوردستاندا هەڵبژاردنیش وەکو هەموو چەمکەکانى ترى دیموکراسى، کارتۆنیە، دەسەڵاتو هەموو پۆستەکان میلیشیایین، چاوەڕوانى لەو جۆرەش لە دەسەڵاتى میلیشیایى خەونە. تاقە ڕێگا ئەوەیە خەڵکى کوردستان بە هۆشیارىو یەکگرتوویىو چاوى کراوەوە، پەرە بە خەباتى ڕەواى خۆیان بدەن، مەیدان بەجێنەهێلن تا خواستەکانیان جێبەجێ دەبێت، لە ووتارى پێشوترمدا لەسەر شێوەى خەباتو خواستەکانى ئەم بزووتنەوەیە قسەم کردوە بۆیە پێویست نیە لێرە دووبارەیان بکەمەوە.
سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەى “لەبەرامبەر تیرۆرى رۆژنامەنوسان بێدەنگ نابین”!
ریسواییش بۆ تیرۆریستان
15-5-2010