جگەلە (پارتى)، تۆمەتبارکردنى هەر لایەنێک چەواشەکاریە

گۆران دوکانى:goran dukani

تائێستاشی لەگەڵدابێت ڕاگەیاندن و فەرمانبەرەکانى پارتى بە چەندین سیناریۆ و بڵاوکردنەوەى سیستەمى دیماگۆجیەت کەوتونەتە بەشینەوەى تۆمەت بۆ مێدیاى ئەهلى و تۆمەتبارکردنى چەندین لایەن و کەسایەتى سیاسی کە دەستیان لە پشتەوەى تیرۆرکردنى سەردەشت عوسماندا هەبوە، بەجۆرێک هەندێک لەو سیناریۆیانە بەدڵنیایەوە کە خۆشیان باوەڕیان پێى نیە نەک راِى گشتى هەرێم، لە هەمان کاتدا بە بڵاوکردنەوەى سێ بەیاننامەى مەکتەبى سیاسیان وئاسایشى گشتى(هەولێر) و سەرۆکایەتى هەرێم هەڕەشەى دەست بڕینو تۆمارکردنى سکاڵایان لەو کەسولایەنانە کرد کەتۆمەت دەخەنە پشت پارتى سەبارەت بەتیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان.

تیرۆرکردنى ئەو خوێندکارە ڕۆژنامەنووسە کەسەرۆکى هەرێم لەبەیاننامەکەیدا (تەنها بە قوتابی ناوى هێنا) ئەمە لە کاتێکدایە کارەکانى سەردەشت لەهەردوو مێدیاى (ئاشتى نامە وساماڵ پۆست وچەند ماڵپەڕێکى ئەلکترۆنى)دا دەلالەتە بۆ سەلماندنى ئەو ڕاستیەى سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووس بوە، بەڵام سەرۆکى هەرێم لەو بەیاننامەیەدا گەرەکیەتى لە ئەرزشى سەردەشت و خودى کەیسەکەش کە تایبەتە بەتیرۆرى ڕۆژنامەنووسان کەمبکاتەوە!.

لەلایەکى دیکەوە مەکتەبی سیاسی پارتى بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کەسەرلەبەرى پڕەلە هەڕەشەو بوغزوقینە، ئەمە جگەلەبەلاڕێدابردنى کەیسى سەردەشت بەتێکەلکردنى لەگەڵ ئەوڕووداو وکارە نا نیشتیمانیانەى کەلەڕابردوودا ئەنجام دراون،کەئەمەش خۆیلەخۆیدا سیناریۆیەکى دیکەى پارتیە بۆچەواشەکردنى خەڵک لە هەمبەرشاردنەوەى ڕاستیەکانى تیرۆرى ڕۆژنامەنووسان، من لێرەدا باس لەدیمەنى بەیاننامە جەنگاویە هەڕەشەئامێزەکەى مەکتەبی سیاسی پارتى ناکەم کەڕوبەڕوى سەدان ڕەخنەى جدى نوسەرو ڕۆژنامەنووسان بویەوەو بەس لەبەیاننامەى مەکتەب سیاسی حیزبێًک نەدەچوو کەشانازیەکى ڕەها بە ئاستى مەعریفەى خۆیەوەدەکات، وەلێ تەنها ئەوەندەنەبێت ئەگەر کەمێک بەووردى بڕوانینە ئەوبەیاننامەیە دەگەینە ئەوڕاستیەى کە پارتى بەر لەئاشکراکردنى بکوژانى سەردەشت عوسمان هەر لە ئێستاوە خۆى یەکلایکردۆتەوە کە ئەوان دەستیان لە تیرۆرکردنیدا نیە!، هەروەها لەوبەشەى بەیاننامەکەدا کە جەوهەرى هەڕەشەکانى تیادا چڕبۆتەوە دەڵێت: (هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوودا بوختانیان به‌ دام و ده‌ستگا ئه‌منیه‌کانی هه‌رێم و به‌ پارتیمان کردووه‌ و به‌ بێبه‌ڵگه‌ و هه‌روا له‌ خۆڕا، تۆمه‌تباریان کردوون ، راپێچی به‌رده‌م دادگا ده‌کرێن و لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت)، کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە هەموو ئەو هەواڵانەى بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بەوەى کە پارتى بەنیازە کەسانێک بێنێتە سەر تەلەفزیۆنەکان وسیناریۆیەک دروستبکات سەبارەت بەتیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان تاکو تاوانەکە لەسەرخۆى لابەرێت نزیکن لەڕاستیەوە؟!، دەنا چۆن بەرلەئاشکراکردنى بکەرانى ئەو ڕووداوە پارتى دەتوانێت سەتاسەت ئەستۆپاکى خۆى نیشان بدات؟!، (ئەمە لە کاتێکدایە کە دیارە خۆیان باش دەزانن زۆرترین پەنجەى تاوان بۆپارتى درێژدەکرێت،کە ئەمەش تەنها تۆمەتى بێبنەمانیە وەک دەزگاکانى ڕاگەیاندنى پارتى باسی لێوەدەکەن،بەڵکو گومانى هەمووئەو واقعە تاڵانەیە کە ئەمڕۆلەهەموو گومانەکانیدیکە گەورەترنوپارتى بەتۆمەتیان ناوزەد دەکات!).

تەنانەت هەموو ئەو شکو گومانانەى کە پارتى تۆمەتباردەکات بەتیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان سەدبەرامبەر گەورەترن لەئاست ئەو سیناریۆیانەى کە پارتى دروستیان دەکاتو لایەنەکەنى دیکەى پێ تۆمەتباردەکات!، ئەوە پارتیە کەبکەرانى کردەوەیەکى تیرۆرستى وەک یەکى شوبات وگروپێکى تیرۆرستى وەک گروپەکەى شێخ زاناو شتگەلێکی دیکەى لەژێردەست قوتار نابێت، ئەوە هەرپارتیە لە ڕابردووداو تا ئەمڕۆش شانازى بەوەدەکات کەئەوان لەڕێگەى هێزەکانیانەوە خەریکە ئارامى وئاسایش بۆشارێکى پڕکێشمەکێشى وەک موسڵیش دەگێڕنەوە!،کەچى عەجەب بەڕۆژى ڕوناک و بەناو ئەو هەموو ترافک لایت و کامێرانەى سەر ڕێگاى مەسیفدا خوێندکارێکى ڕۆژنامەنووس دەڕفێندرێتو پاش تیرۆرکردنى بەچواربازگەدا دەبرێتە موسڵ ولەوێ تەرمەکەى فڕێدەدرێت؟!، بۆ پۆلیسێک؟ بۆ مروورێک؟ بۆپاسەوانێکى بەردەم کۆلێژەکە؟ تەنانەت بۆ هاوڵاتیەکى ئاسای نەهاتە جواب لەکاتى ڕفاندنەکەیدا ئەگەرئەمە پلانێکى پێشوەختەى بۆدانەڕێژرابێت؟!، وەبۆچى دواى تیرۆرکردنەکەشی جگە لە شایەد حاڵەکان کە بەسەرچاوە قسە بۆ ڕۆژنامەکان دەکەن هیچ دامودەزگایەکى ئەمنى هەولێر ڕونکردنەوە ولێدوانێکى ڕوون نادەن فزەیان لێوەنایەت کەهەرهیچ نەبێت کەمێک گومانەکان لەسەرخۆیان بڕەوێننەوە؟!،هەموو لایەک پەنجەى گومان بۆ دەزگاى پاراستنى پارتى ڕادەکێشێت،کەچى عەجەب ڕای گشتى هەرێم وروژاوە وبەدەیان خۆپیشاندان ئەنجام درا بۆپرۆتستۆکۆدنى تیرۆرى سەردەشت وچەندین بەرپرسوڕێکخراوى نێودەوڵەتى هاتونەگۆ،تەنانەت سەرۆکى هەرێمو سەرۆکى حکومەتو تەواوى بەرپرسانى باڵاى ئەم هەرێمە دێنە قسە، کەچى مەسروربارزانى سەرۆکى ئاژانسی پاراستن بێدەنگى هەڵبژاردوە؟!.

لەلایەکى دیکەوە ئەوگومانانەى کەلاى خەڵکى بونەتە یەقین سەردانەکەى مەسروربارزانى سەرۆکى ئاژانسی پاراستنە بۆکۆلێژەکەى سەردەشتو قسەکردنیەتى بەزمانى ئینگلیزى!،جارێ بەرلەباسکردنى ئەوسەردانە پێویستە ئەوە بڵێین لەچی کونجێکى ئەم دنیایەداڕویداوە بەرپرسی دەزگایەکى موخابەراتى حکومەتێک نەک حیزبێکیش سەردانى دەزگایەکى مەعریفى وەک زانکۆ بکات و کۆڕ و سیمینارى بۆ سازبکرێت؟!، ئەوپرسیارە جەوهەریەى کەلێرەدا دروست دەبێت ئەوەیە ئایا مەبەست لەو سەردانە چیبوە؟! بۆچى مەبەستێک بەرپرسی دەزگایەکى وەک پاراستن سەردانى زانکۆ دەکات؟!، مەبەست لەقسەکردنى بەزمانى ئینگلیزى چیبوە؟!، بۆچى دواى ماوەیەک خوێندکارێکى ئەو کۆلێژە تیرۆردەکرێت؟!.

خاڵێکی تر کە لێرەدا جێگەى باسکردنە ئەوەیە بەستنەوەى تیرۆرکردنى قوتابیەکى ڕۆژنامەنووس بەکۆمەڵێک کارى نانیشتیمانی کە حیزبە کوردیەکان لەسەردەمى شاخدا کردویانەو ئەگەر بێتەسەر باسکردن(خودى پارتى پشکى شێرى لەوکارە نانیشتیمانیانەدا بەردەکەوێت)، هۆکارێکی ترى شاردنەوەى خودى تاوانەکەیە، یاخود ڕوونتر بڵێین بە لاڕێبردنى کەیسى تیرۆرکردنى سەردەشتە، کە ئەمەش جۆرێکى دیکەیە لەو شڵەژانەى کە ڕوبەڕوى پارتى بۆتەوە و لەماوەى نزیکەى ئەم بیست ڕۆژەدا لایەن و گروپ و کەسەیاتى سیاسی نەماوە تۆمەتبارى نەکەن بە تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان، تەنانەت یەکێتیش کە دۆست و حیزبە ستراتیژ و حاکمەکەى خۆیانە!.

لەلایەکی ترەوە ئەو هەموو فەرمانبەرەى پارتى کە هاتونە تەسەرخەت لەڕێگەى ڕاگەیاندنەکانى حیزبەکەیانەوە سەبارەت بەتیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان خۆیلەخۆیدا جێگەى گومانە،بێسەروبەرەیەکى گەورە بەلێدوانوقسەو ڕوونکردنەوەکانیانەوە دیارە،بەشێکى زۆرى ئەوقسانەشى کەدەیکەن یان ئەوڕەخنانەى کەدەیگرن بە ئاشکرا دیارە کە لەکوێوە سەرچاوەیان گرتوە، زۆربەى بۆچونەکانیشیان لەیەکترى جیاوازە، بۆ نموونە لەماوەى نزیکەى ئەم بیست ڕۆژەدا کە تێپەڕبوە بەسەرتیرۆرکردنى سەردەشت عوسماندا بەس خۆیان واتە(پارتى)یان تۆمەتبارنەکردوە، لایەن نیە بەحیزبی و ناحیزبى، ئۆپۆزسیۆن، گروپە تیرۆرستە ئیسلامیەکان، کەسایەتى لایەنە سیاسیەکان، تەنانەت لە هەندێک ماڵپەڕدا دەروێشەکانى پارتى (میدیاى ئەهلیان تۆمەتبارکردوە بەکوشتنى سەردەشت عوسمان!)، تەنانەت ئەو شڵەژانەیان وایلێکردن ڕەخنەى توند لەو خۆپیشاندانە جەماوەریانە بگرن کەسازکران ولە هەموو چین وتوێژە جیاجیاکان پێکهاتبو! پارتى بەجۆرێک چەواشەکاری بڵاودەکردەوە کە گوایە ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریە بەرفراوانە لەلایەن کەسانێکەوە ئامادەکراوە کە کاریان ئاژاوەگێڕیە!.

کەم نین ئەو سیناریۆو فریودانانەى حیزبەکوردیەکان بەگشتى و(پارتى ویەکێتى) بەتایبەتى بۆچەواشەکردنى ڕاى گشتى، بۆنموونە ئەم شڵەژانو پەلاماردانەى پارتى لەئێستایدا هەمان سیناریۆى کەیسی ئازادکردنى (تارق رەمەزانى) فڕۆکەوانمان بیردێنێتەوە کە ڕاگەیاندنەکانى یەکێتى هەر ڕۆژەى سیناریۆیەکیان دروست دەکرد بۆشاردنەوەى چۆنیەتى ئازادکردنى ئەو فڕۆکەوانە کەدواجار بە هەموو ئەو بەڵگەو دێکۆمێنت و سەرچاوە هەواڵیانە هەرهەمان ئەو مێدیا ئەهلیانەى کەئەمڕۆ لەلایەن ئەو لەشکرە ڕاگەیاندنانەى پارتیەوە پەلاماردەدرێن و تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەسترێت سەلماندیان کە بەبڕیارى خودى تاڵەبانى فڕۆکەوانەکە ئازادکراوە، یاخود خیانەتێکى گەورەى وەک (31ى ئاب) کە تا ئەمڕۆشى لەگەڵدابێت زۆرینەى ئەندامان و لایەنگرانى پارتى بەتایبەتیش (پارتیەمحافزکارەکان) بدوێنە نەک هەر بەخیانەتى نازانن، بەڵکو شانازیشى پێوەدەکەن!.

دواجار هەموو ئەوگومانانەو دەیان بۆچون و شرۆڤەى دیکە دەمانگەیەنێتە ئەوڕاستیەى جگە لەپارتى تۆمەتبارکردنى هەرکەسایەتى ولایەن و حیزبێکی دیکە چەواشەکاریە تا ئاشکراکردنى بکوژانى لەلایەن دادگایەکى سەربەخۆى بێلایەن، هەروەها دەستگیرکردنى بکوژەکانى لەلایەن هێزێکى ئەمنى سەربەخۆوە نەک ئەو هێزە ئەمنیەى کەئەمڕۆ هەرخۆى بەشێک لەگومانى تیرۆرکردنى ئەوخوێندکارە ڕۆژنامەنووسەى لەسەردروست بوە!،چونکە ئاشکرایە و هیچ گومانى تیادانیە نەک بەتەنهاسەبارەت بەدۆسیەى شەهید سەردەشت بەڵکو لەوکاتەوەى دەسەڵاتى کوردى وبەتایبەتیش پارتى شانازى بەسەربەخۆبونی دادگاکانو دامودەزگائەمنیەکانەوە دەکات،سەدان بەڵگەى حاشاهەڵنەگر دەلالەتن بۆسەلماندنى ئەو ڕاستیەى کەدادگاکانى ئەم هەرێمە سەربەخۆو بێلایەن نین و لەژێر ڕەحمەت و هەیمەنەى حیزبدا بەڕێوەدەبرێن، زیندوترین بەڵگەش بۆسەلماندنى ئەم ڕاستیە تا ئەمڕۆش گشت دادوەرەکانى خانەى دادى شاروشارۆچکەکانى ئەم هەرێمە، هەروەهابەرپرسانی ئاسایش و پۆلیس بەتەسکیەى حیزب دادەنرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.