به‌کرده‌وه لیژنه‌یه‌ک نابینین، کار له‌سه‌ر که‌یسی سه‌رده‌شت بکات : مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت مه‌سه‌له‌ی خه‌ڵکی کوردستانه
گفتوگۆی رۆژنامه‌ی رۆژنامه له‌گه‌ڵ به‌کر عوسمان برای شەهید سەردەشت عوسمان
رۆژنامە: دە هەفتە بەسەر تیرۆکردنی رۆژنامە نووس سەردەشت عوسمان تێدەپەری بکوژانی نەدۆزرانەوە؟
به‌کر عوسمان: زۆر به‌داخه‌وه به‌دوای زیاتر له 2 مانگ به‌سه‌ر تیرۆری سه‌رده‌شت تێپه‌ریوه، ته‌نیا وه‌عد و به‌ڵێن ئه‌بیستین. به‌ڵام به‌کرده‌وه هیچ شتێک نابینین. ئه‌و که‌مته‌رخه‌می و بێده‌ربه‌ستیه‌ی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌رامبه‌ر به دۆسیه‌ی سه‌رده‌شت جێگه‌ی ڕه‌خنه و نیگه‌رانی زۆری ئێمه‌یه. بێگومان ئه‌و بێده‌نگی و بێده‌ربه‌ستیه‌ی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌به‌رامبه‌ر گرنگترین مه‌سه‌له‌یه‌ک که ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی ژیانی ئینسان و کوشتن و تیرۆره، به‌ره‌وڕووی پرسیاری جدی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌کاته‌وه .
هاوکات ئه‌و حزب و هێزه سیاسیانه‌ی کوردستان، تاکو ئێستا به هه‌ڵوێستی ڕۆشن و ئاشکرا و به‌رپرسیارانه، وه‌ک پێویست هه‌ڵوێستیان نه‌گرتووه جێگه‌ی ڕه‌خنه‌یه. هه‌روه‌کو مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت مه‌سه‌له‌ی خه‌ڵکی کوردستانه، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به ناڕه‌زایه‌تی فراوان و سه‌راسه‌ری ئه‌و تاوانه گه‌وره و خوێنڕێژیه درندانه‌یان ئیدانه کرد. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه وه‌ک مه‌سه‌له‌ی ئازادی ده‌ڕبرین و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری، مه‌سه‌له‌ی ئاسایش و پاراستنی ژیان و سه‌ر و ماڵی هاولاتیان، مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگی کۆمه‌ڵگای کوردستانه و له‌سه‌ر مێزی هه‌ر حزب و هێزێکی سیاسی و جه‌ماوه‌ری کوردستاندایه. به‌بێ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له گرنگه‌کانی ژیانی خه‌ڵک، ئیدعا و به‌ڵێن و په‌یمانه‌کانیش بۆ خه‌ڵکی کوردستان ته‌نیا ڕیکلامێکی سیاسی ئه‌بێت .
رۆژنامە: لە سەر پێشنیاری سەرۆکایەتی هەرێم کرد لێژنەیەک بۆ لێکۆڵێنەوە لە تیرۆکردنی سەردەشت عوسمان پێکهێنرا سەرۆکایەتی پارلەمان لێژنەی ناوخۆ ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکانی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە ئایە ئەم لێژنانە هیچ سەردانێکیان کردوون بۆ زانیاری وەر گرتن؟
به‌کر عوسمان: نه‌خێر هیچ لێژنه‌یه‌ک له‌و لێژنانه‌ی ناوتان هێناوه سه‌ردانیان نه‌کردووین و هیچ که‌سێکیش زانیاریه‌کی به ئێمه نه‌داوه. ئه‌مرۆش به‌کرده‌وه لێژنه‌یه‌ک نابینین کار له‌سه‌ر که‌یسی سه‌رده‌شت بکات .
رۆژنامە: باس لەوە کرا کە برایەکتان ئەندامە لە لێژنەی لێکۆڵینەوە، ئێوە بەشدارن لە لێژنەی لێکۆڵینەوە؟
به‌کر عوسمان:له ماوه‌ی ڕابردوو له هه‌ندێک شوین و که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به‌باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دراوه ئه‌وه‌نده بایه‌خ به مه‌سه‌له‌ی تیرۆر و کوشتنی سه‌رده‌شت و لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون بۆ به‌دادگایی گه‌یاندنی تاوانباران نه‌دراوه. نازانم ئامانجی گرنگیدان و بایه‌خی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چییه؟ بۆیه لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم که شته‌کان به ڕاستی و وه‌کو خۆی به هه‌موو بگه‌یه‌نم .
نه‌خێر هیچ که‌سێکی ئه‌ندامی خێزانه‌که‌مان ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوبراو نییه. به‌دوای پێکهاتنی لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له که‌یسی سه‌رده‌شت، ئه‌و برایه‌م خرایه نێو لیژنه‌که. له‌یه‌که‌م رۆژدا ئێمه داوای هێنانه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و برایه‌مان له نێو لێژنه‌که کرد و قه‌بول کرا. له‌و کاته‌دا ئه‌و برایه‌م له باری ڕوحی و عاتفی و ده‌رونییدا له بارێکی زۆر خراپ‌دا بوو، به‌شدار بوونی له نێو لێژنه‌که کاریگه‌ری زۆر خراپتری ئه‌بوو به‌سه‌ریدا. هه‌روه‌ها دانانی ئه‌و برایه‌م بۆ نێو لیژنه‌که به داوای ڕوسمی و کتابی ڕه‌سمی، وه‌ک ئه‌فسه‌ری ئاسایش بووه. پرسی نوێنه‌رایه‌تی خێزانی سه‌رده‌شتی بۆ نێو لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه باس نه‌کراوه، ئه‌و کاره هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به نوێنه‌رایه‌تی خانه‌واده‌ی سه‌رده‌شت نه‌بوو. هاوکات پێکهاته‌ی لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه لێژنه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌منییه، له نێو لێژنه‌یه‌کی ته‌واو ئه‌منی جێگه‌یه‌ک بۆ نوێنه‌رایه‌تی خانه‌واده‌یی و عاتفی نابێت .
رۆژنامە: بۆچی داوای هەڵوەشاندنەوەی لێژنەی لێکۆڵینەوە تان کرد؟
به‌کر عوسمان: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه له‌سه‌ره‌تاوه تاکو ئێستا هیچ کار و شتێکی دیار نییه. ڕاگرتنی خانه‌واده و هاوڕێیانی سه‌رده‌شت له‌م ئازاره بێ‌ئامان و بێئاکامه، زۆر سه‌خت و ناخۆشه. دره‌نگ که‌وتنی ئه‌نجامی کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه رۆژ له‌دوای ڕۆژ ناخۆشتر و ئازاری زیاتری هه‌یه بۆ سه‌رمان. بۆیه ئێمه داواکارین له جیاتی لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی تاکو ئێستا، داوای پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی نوێ ئه‌که‌ین که له ڕۆژنامه‌نووسان‌و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و لایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستان و ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان که به‌رگری له ئازادی ده‌ربڕین ده‌که‌ن پێک بێت. دیاره له لیژنه‌یه‌کی له‌و جۆره‌دا نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ش وه‌ک که‌س‌و کاری سه‌رده‌شت مانای ده‌بێت .
رۆژنامە: دروست کردنی پەیکەری شەهید سەردەشت بە کوێ گەیشت و تۆ پێشتر لە روونکردنەوەیک رات گەیاند پارێزگاری هەولێر رێگرە لە درووست‌کردنی؟
به‌کر عوسمان: کاری په‌یکه‌ره‌که به هاوکاری دڵسۆزانه‌ی کۆمه‌ڵیک هونه‌رمه‌ندی ئازادیخواز خه‌ریکه ته‌واو ئه‌بێت. به‌ڵام سه‌باره‌ت به مۆڵه‌تی دانان و شوێنێک له نێو شاری هه‌ولێردا. پارێزگاری هه‌ولێر به ڕه‌سمی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه :
“تاکو ئێستا لێکۆڵینه‌وه له‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌کلا نه‌بۆته‌وه و تاکوو لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه ئه‌نجامی کۆتایی خۆی نه‌داته ده‌ره‌وه، ئێمه مۆڵه‌تی ئه‌و په‌یکه‌ره ناده‌ین له نێو شاری هه‌ولێر”
به ڕای من ئه‌وه به‌کرده‌وه ڕێگریی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی دانانی “په‌یکه‌ری ئازادی بۆ سه‌رده‌شت عوسمان”ه له نێو شاری هه‌ولێر. چونکه دانانی ئه‌و په‌یکه‌ره په‌یوه‌ندیه‌کی به لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه نییه. به‌ستنه‌وه‌ی دانانی په‌یکه‌ره‌که به لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه، زۆر نادروسته و هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له نێوان په‌یکه‌ره‌که و لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌دا نییه. بیانوویه‌که بۆ ڕێگه‌نه‌دان به دانانی په‌یکه‌ری ئازادی له‌لایه‌ن پارێزگای هه‌ولێر و ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری هه‌ولێر.
ڕێگر‌ی و نه‌دانی مۆله‌تی دانانی په‌یکه‌ره‌که له نێو شاری هه‌ولێر جێگه‌ی ڕه‌خنه و ناڕازیه‌تی زۆره. به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه ئه‌که‌م و داواکارم کاربه‌ده‌ستان و پارێزگای هه‌ولێر ئه‌و داوایه‌م له‌وه زیاتر دوا نه‌خه‌ن. هه‌موو ئازادیخوازان و رۆژنامه‌نوسان و ئه‌وانه‌ی له پشتی دانانی ئه‌و په‌یکه‌ره‌ن ئه‌رکیانه هه‌وڵه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌کار له پێناوی دانانی په‌یکه‌ره‌که و لابردنی ڕێگریه‌کان.
رۆژنامە: پارێزگاری هەولێر دەڵی تا ئێستا نازانری سەردەشت لە سەر چی کوژراوە بۆیە نابێت لە ئێستادا پەیکەری بۆ درووست بکرێت؟
به‌کر عوسمان: دانانی “په‌یکه‌ری ئازادی بۆ سه‌رده‌شت عوسمان” له نێو شاری هه‌ولێردا پرۆسه‌ی دادگایکردنی تاوانباران و بکوژانی سه‌رده‌شت نییه تا پێویستی به ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه بێت.
سه‌باره‌ت به هۆکاری تیرۆری سه‌رده‌شت، ئه‌وه بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان و دونیا ڕۆشنه. سه‌رده‌شت وه‌ک رۆژنامه‌نوسێکی بوێر ته‌سلیمی هه‌ڕه‌شه و سه‌کوتکردن نه‌بوو، ده‌ستبه‌رداری نوسین و ڕه‌خنه‌کانی له نایه‌کسانی و نا عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵگای کوردستان نه‌بوو. له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ڕه‌خنه‌کانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێ‌کرا که ڕێگه‌ی هه‌ناسه‌دانی له شاری هه‌ولێر پێنادرێ، به‌دوای ئه‌وه‌ی به هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی وه‌ڵامی هه‌ره‌شه‌که‌ران و بکوژانی خۆی ئه‌داته‌وه به پێداگری له‌سه‌ر ڕه‌خنه و نوسین و کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌ره‌وڕووی ئه‌م کاره‌ساته بۆوه.
دووایین وتاری سه‌رده‌شت به ناوی ” یه‌که‌مین زه‌نگی کوشتنم لێدرا ” که له‌سه‌ره‌تای مانگی یه‌کی 2010 له چه‌ند سایتێکی کوردی بڵاوکراوه‌ته‌وه. وه‌ک به‌ڵگه له‌سه‌ر ڕه‌ش و سپی هۆکاری شێوه‌ی کوشتنی سه‌رده‌شت ئه‌داته ده‌ستمان.
ئه‌رکی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان و لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه و حکومه‌ت ئاشکراکردن و دادگایی‌کردنی تاوانبارانه. نه‌ک مه‌حدودکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌کانی سه‌رده‌شت.
هه‌ر هاوڵاتیه‌ک مافی خۆیه‌تی هه‌ر کاتێک په‌یکه‌رێک یا سیمبۆلێک بۆ ڕوداو و مه‌سه‌له‌ی گرنگی کۆمه‌ڵگا و ژیانی خه‌ڵک دروست بکات، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه هه‌یه له سه‌ر شوێنی گونجاو بۆ کاره‌که ڕێک بکه‌ون، نه‌ک ڕه‌تکردنه‌وه و ڕێگر‌ی دانان بۆ پرۆژه‌ی تایبه‌تی یا کۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌مرۆ ماف و ئه‌رکی هه‌موو ئه‌و که‌س و ڕێکخراو و ناوه‌ندانه‌یه که خوازیاری دانانی په‌یکه‌ری ئازادی سه‌رده‌شت عوسمانن، ده‌نگی ناره‌زایه‌تی خۆیان به‌رزبکه‌نه‌وه له به‌رامبه‌ر ڕێگر‌ی به‌رده‌م په‌یکه‌ره‌که.
رۆژنامە: لەیەکەم رونکردنەوەی لێژنەی لێکۆڵینەوە تیایدا هاتبوو کە گولە بە سەری کەوتوە و پێش کوشتنی ئەشکەنجە نەدراوە؟
به‌کر عوسمان: 5 حه‌فته به‌ر له ئێستا وه‌ڵامی ئه‌و ڕونکردنه‌وه‌یه‌م داوه‌ته‌وه و ڕونکردنه‌وه‌ی پێویست و ڕۆشنم له‌سه‌ری داوه. ئه‌وه‌ی که وتوومه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه که که‌سوکار و خانه‌واده و هاوڕێیانی سه‌رده‌شت و که‌سانێکی زۆر به چاوی خۆیان دیویانه. هیچ شتێکیش ناتوانێ ئه‌و حه‌قه‌قه‌ته‌ی به چاوی خۆمان دیومانه به شتێکی‌تر بگۆرێت.
یه‌کێک له که‌موکورتیه‌کانی ئه‌و ڕاپۆرته ئه‌وه‌یه که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناچێته سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کانی پێشووتر که له‌سه‌رده‌شت کراوه، ناچێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رده‌شت له دووایین وتاریدا ئاماژه به‌وه ئه‌کات که ڕاگری کۆلیژه‌که‌ی و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێری له هه‌ڕه‌شه‌کان ئاگادارکردۆته‌وه و هانای بۆ ئه‌وان بردووه که گیانی بپارێزن و ڕزگاری بکه‌ن. به‌ڵام به گاڵته‌و بێموبالاتانه وه‌ڵامی پیدراوه‌ته‌وه ئه‌وه کێشه‌ی خۆده‌رخستن و خۆ گه‌وره‌کردنه.
شوێنه‌واری لێدان و ئه‌شکه‌نجه به‌ئاشکرا به‌سه‌ر جه‌سته‌ی هه‌بوو((ئاخر سه‌رده‌شت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر بکرێ و بڕفێنرێ به به‌رچاوی خه‌ڵک و پۆلیس به لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و به‌زۆر ئه‌ڕفێندرێ و سواری ئۆتۆتمۆبیل ئه‌کرێ)).
شێوه‌ی کوشتنه‌که‌ش به لێدانی گولله له نێو ده‌می بووه، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا هێمایه‌ک بۆ بێده‌نگکردن و ئاشکرایی مه‌به‌ستی کوشتن و تیرۆری سه‌رده‌شته.
لە بەیانامەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ناوی سەردەشت بە خوێندکار هاتبوو، لەراپۆرتی شەش مانگی سەندیکای رۆژنامە نووسانیش ناوی هاتبوو، بۆچی سەرۆکایەتی هەرێم پیشەی رۆژنامە نووسی لە سەردەشت وەردەگرێتەوە؟
به‌کر عوسمان: ئه‌مرۆ زۆربه‌ی نوسه‌ران و ڕۆژنامه‌نوسانی کوردستان و جیهان، سه‌رده‌شت وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێکی بوێر ئه‌ناسن و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رزیان بۆ ڕه‌خنه و نوسینه‌کانی ئه‌و هه‌یه. له‌م ماوه‌یه‌ش چه‌ندین خه‌ڵاتی ڕۆژنامه‌نووسی وه‌ک وه‌فا و هه‌ڵوێستێک به بوێری و ئازایه‌تی و شه‌خسیه‌تی سه‌رده‌شت به‌ناوی سه‌رده‌شته‌وه پێشکه‌ش به خانه‌واده‌که‌ی کراوه. سه‌رده‌شت و کاره ڕۆژنامه‌وانیه‌کانی بۆ من جێگه‌ی شانازییه و هه‌مووی وه‌ک سه‌رده‌شت بۆ من خۆشه‌ویست و له‌دڵم شیرینه، بۆ هه‌میشه به‌رز و به‌ڕێز ڕایئه‌گرم.
ئه‌و پرسیاره ئه‌بێت ئه‌وانه وه‌ڵامی بده‌نه‌وه که ئینکاری ڕۆژنامه‌نووسی سه‌رده‌شت ئه‌که‌ن. بۆ سه‌رده‌شت ڕۆژنامه‌نووس نه‌بوو؟ ئامانج له‌وه چییه ئه‌بێ به قوتابی زانکۆ بهێلرێته‌وه؟ بۆ ئه‌گه‌ر کاری رۆژنامه‌نووسی له‌سه‌رده‌شت وه‌رگیرێته‌وه کاریگه‌ری ئه‌کاته سه‌ر پرۆسه و ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه و سزادانی تاوانباران؟ ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت ڕۆژنامه‌نووس نه‌بێت، ئه‌و تاوان و خوێنرێژیه دڕندانه گه‌وره‌تر یا بچوکتر ئه‌بێته‌وه یا چوارچێوه‌که‌ی ئاڵوگۆری به‌سه‌ردادێ؟ … چه‌ندین “بۆ و ئه‌گه‌ر” و پرسیار له‌مباره‌یه‌وه لای ڕۆژنامه‌نووسان و خه‌ڵکی کوردستان دروستبووه.
رۆژنامە:ئێوە چەند فۆتۆیەکی تیرۆردنی سەردەشتان لایە بۆچی نەتان داوە بە لێژنەکانی لێکۆڵینەوە و یا خود بڵاوی ناکەنەوە؟
به‌کر عوسمان: سه‌ره‌تا هه‌ر شتێک لای ئێمه بووه داومانه به لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه. هه‌رچی زانیاریه‌ک لای ئێمه بوبێ هه‌موومان داوه به لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه، ته‌نانه‌ت له یه‌که‌مین ڕۆژه‌کاندا هاتوون ته‌واوی دۆکۆمێنته تایبه‌تی و شه‌خسیه‌کانی سه‌رده‌شتیان داوکردووه و بردوویانه. هیچ شتێک نییه لای ئێمه بوبێ نه‌درابێت به لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه.
ئه‌و دۆکۆمێنت و وێنانه‌ی باسی ئه‌که‌یت لای ئێمه نییه، به‌ڵکو لای چه‌ند ده‌زگا و که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنه که وێنه و به‌ڵگه و دۆکۆمێنتیان لایه، داوای ڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌یان کردووه که لای خۆیان بڵاوی بکه‌نه‌وه. به‌ڵام تاکو ئێستا به‌هۆی کاریگه‌ری عاتفی ئه‌و وێنانه به‌سه‌ر خۆم و خانه‌واده‌که‌م و هاورێیانی سه‌رده‌شت قه‌بولم نه‌کردووه ئه‌و وێنانه بڵاوبکرێته‌وه. بینینی ئه‌و وێنانه زۆر به‌سۆو جه‌رگبڕ و به‌ئازاره. هیوادارم هیچ که‌س نه‌که‌وێته ئه‌و هه‌ڵوێسته، بێنه به‌رچاوت که که‌سێکی ئازیز و نزیک و خۆشه‌ویستت به کاره‌ساتێکی وا دڕندانه تیرۆربکرێ و ئینجا چه‌نده سه‌خته بتوانیت قه‌بولی ئه‌وه بکه‌یت وێنه‌ی خوێناوی و تاوانکاریه‌که ببێته به‌شێک له لاپه‌ڕه‌ی هه‌واڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌کان و ڕاگه‌یاندنه‌کان. هیوادارم ناچار نه‌بین قه‌بوڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه بین.
تێبینی: ئه‌م گفتوگۆیه له 2010-07-12 ئه‌نجام دراوه و له به‌رواری 27-07-2010 له رۆژنامه‌ی رۆژنامه بڵاوبۆته‌وه