بیستو‌ومانه له‌دۆسیه‌ی تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان هه‌وڵی دروستكردنی بكوژی ناڕاست ده‌درێت
1/8/2010
سازدانی: رێباز مه‌حمود
سوازیگ دۆلێت، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باكووری ئه‌فه‌ریقای رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنور
سوازیگ دۆلێت به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و باكووری ئه‌فه‌ریقای رێكخراوی په‌یامنێرانی بێ سنور ده‌ڵێت كه له‌كوردستاندا هێڵه سو‌وره‌كان له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نو‌وسان زۆرن‌و پێشێلكاریان به‌رانبه‌ر ده‌كرێت.
دۆلێت هه‌مان رۆژنامه‌نووسه كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نو‌وسیدا له پاریس مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی ئیحراجكرد كاتێك پرسیاری له‌سه‌ر تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان لێكرد‌و دواین وتاری سه‌رده‌شتی به زمانی فه‌ڕه‌نسی پیشانی بارزانی‌و ئاماده‌بوان دا‌و وتی «رۆژنامه‌نو‌وسێكی گه‌نج ته‌نها له‌سه‌ر‌وتنی بیروڕا تیرۆركرا.« له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا كه هاوڵاتی له‌گه‌ڵیدا سازیكردووه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات وه‌كو رێكخراوه‌كه‌یان بیستو‌ویانه كه له‌دۆسیه‌ی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان هه‌وڵی دروستكردنی بكوژی ناڕاست ده‌درێت.
هاوڵاتی: ئێوه وه‌ك رێكخراوێكی به ئاگا له ره‌وشی ئازادی را ده‌ربڕین‌و ئازادی كاری میدیایی له هه‌رێمی كوردستان چۆن له‌دۆخی رۆژنامه‌وانی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانن؟
سوازیگ دۆلێت: ئاسان نییه بڕوا به‌و وێنه جوانه بكه‌یت كه ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه پیشانی ده‌دات، بێگومان ئازادی له كوردستان له عێراق زیاتره، له 1991ه‌وه ره‌وشه‌كه به‌ره‌و باشی چووه، ئه‌وكات ئازادی راده‌بڕین نه‌بوو یان سنووردار بوو. به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ڕای شته باشه‌كان بڕوام به‌و قسانه‌ی ده‌سه‌ڵات نییه كه ده‌ڵێت ئازادی را ده‌بڕین هه‌یه‌و كوردستان باشترین ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژانه رۆژنامه‌نووس هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت، رۆژانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ له رۆژنامه‌نووس ده‌درێت به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌ی سه‌ر به یه‌كێك له دوو حیزبه گه‌وره‌كه‌ن، یه‌كێتی‌و پارتی.
هاوڵاتی: به بۆچو‌ونی ئێوه ده‌سه‌ڵات به ئه‌ركی خۆی هه‌ستاوه له پاراستنی رۆژنامه‌نو‌وسان‌و دابینكردنی ئارامی بۆ هه‌موان؟
سوازیگ دۆلێت: به‌ڕاستی ده‌سه‌ڵات‌و دادگاكان مایه‌ی له‌سه‌ر‌وه‌ستانن، كه بۆ یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامه‌نو‌وسی جێبه‌جێ ناكه‌ن كه په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه. به‌پێی ئه‌م یاسایه رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر كاری میدیایی نابێت به‌ند بكرێت. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ده‌یان رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر كاری میدیایی به‌گوێره‌ی یاسای سزادانی عێراقی به‌ند كراون. ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی راسته‌وخۆ‌و حاشا هه‌ڵنه‌گری یاسایه. به‌م شێوه‌یه دیموكراسی نایه‌ته‌دی له هه‌رێمی كوردستان.
جگه له‌مه‌ش رێكخراوه‌كه‌مان زانیویه‌تی كه به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی داوای ته‌عدیلی یاسای رێكخستنی كاری رۆژنامه‌نو‌وسی كردووه‌و یه‌كێك له داواكانی لابردنی به‌ند نه‌كردنی رۆژنامه‌نو‌وسانه له‌سه‌ر كاری میدیایی. ئه‌مه ئه‌گه‌ر‌وابێت‌و سه‌ربگرێت ئه‌وا هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه بۆ دواوه. ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌یه كه ده‌سه‌ڵات له ده‌ره‌وه نیشانی ده‌دات كه شانازی به بوونی دیموكراسی‌و ئازادی را ده‌بڕینه‌وه ده‌كات.
له‌م هه‌رێمه به‌داخه‌وه رۆژنامه‌نووس ته‌نها له‌سه‌ر‌وتنی بیروڕا ده‌كوژرێت، وا دوو ساڵ به‌سه‌ر تیرۆركردنی سۆرانی مامه حه‌مه‌دا تێپه‌ڕبوو، به‌ڵام هێشتا بكوژانی به‌سزای یاسایی نه‌گه‌یه‌ندراون، دوووباره سه‌رده‌شتیش زامه‌كه‌ی گه‌وره‌تركرد. له‌بری داننان به لێپرسراوێتیدا‌و دۆزینه‌وه‌ی بكوژه‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت سه‌رده‌شت رۆژنامه‌نووس نه‌بووه.
هاوڵاتی: كاریگه‌ری تیرۆركردنی سه‌رده‌شت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا چۆن بوو له‌سه‌ر ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان؟
سوازیگ دۆلێت: بێگومان كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی كرده سه‌ر ناوبانگی هه‌رێم له ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا. وڵاتانی وه‌كو فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ریكا‌و ته‌نانه‌ت یه‌كێتی ئه‌وروپا‌و ده‌یان رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی‌و ناوخۆیی مه‌ترسی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و تیرۆره ده‌بڕی‌و داوایان له حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه به‌زو‌ویی تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌و سزای یاسایی بدرێن.
به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه هه‌یه‌و به‌رده‌وامه، به‌ڵام نازانین كام لایه‌ن، كام سه‌رۆك‌و ئه‌ندام، چی ده‌كه‌ن‌و چۆن كار ده‌كه‌ن. ده‌ترسین وه‌كو دۆسیه‌كه‌ی سۆرانی مامه حه‌مه‌ی لێبێت‌و هه‌وڵبدرێت له‌بیر خه‌ڵكی كورد‌و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ببردرێته‌وه. به‌م شێوه‌یه هه‌رگیز راستی نازانین، بۆیه ده‌بێ به‌رده‌وامبین له فشاركردن تا‌وه‌ڵامی راست بۆ خانه‌واده‌ی سۆران‌و رۆژنامه‌نو‌وسان‌و هه‌موو لایه‌ك وه‌رده‌گرین.
هاوڵاتی: كه‌واته ئێوه پێتانوایه كاری رۆژنامه‌نو‌وسی له‌م هه‌رێمه كارێكی مه‌ترسیداره؟
سوازیگ دۆلێت: لێره هێڵی سوور زۆره، ئه‌وه‌ش ده‌زانین كه ئه‌مه له‌سه‌ر ئه‌و میدیایه وه‌ستاوه كه رۆژنامه‌نووس كاری تێدا ده‌كات. بێگومان ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نو‌وسێك له میدیایه‌كی یه‌كێتی نیشتیمانی كار بكات یاخود له میدیایه‌كی نزیك له‌و حیزبه كار بكات ئه‌وا هه‌رگیز ره‌خنه‌یه‌ك له تاڵه‌بانی ناگرێت، هه‌مان شت بۆ بارزانیش هه‌ر‌وایه. به‌ڵام كه سه‌ربه‌خۆ بویت ئه‌وكات ده‌وێریت‌و ده‌نو‌وسیت بۆیه هه‌میشه رووبه‌ڕ‌ووی دادگایی‌و سكاڵا یان هه‌ڕه‌شه ده‌بیته‌وه. ته‌نانه‌ت په‌لكێشی دادگاشت ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌شت پێبێت. به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یشدا ئه‌گه‌ر ره‌خنه به باشی بگیرێت‌و دووربێت له ته‌شهیر‌و ناو زڕاندن رێگه‌یه‌كه بۆ گه‌یشتن به دیموكراسی.
هاوڵاتی: چۆن له‌ئاینده‌ی ئازادی له‌هه‌رێم ده‌ڕوانن؟
سوازیگ دۆلێت: ئێمه پێمانوایه هه‌رێمه‌كه‌تان له قۆناغێكی گواستنه‌وه‌دایه‌و به‌ره‌و دوو ریانێك ده‌ڕوات كه ده‌توانم بڵیم یان دیموكراسی‌و كرانه‌وه‌یه یان بوون به ئه‌فغانستانه. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر‌وه‌كو ئێستا بڕوات ئه‌وا به‌ره‌و رێگا خراپه‌كه‌ی دووه‌م ده‌ڕۆن.
ئێمه له‌م سه‌ردانه‌ماندا چه‌ند به‌رپرسێكی حكومی ده‌بینین‌و له كۆتاییدا تێده‌گه‌ین كه ئه‌وان چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه. له راستیدا تۆپه‌كه له قاچی ده‌سته‌ڵاتدایه‌و ئه‌وان به‌رپرسن كه به كاملادا ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن.
ده‌بێت ده‌سه‌ڵات بوه‌ستێت له سه‌یركردنی ئازادی‌و رۆژنامه‌نو‌وسی سه‌ربه‌خۆ وه‌كو دوژمن، له‌به‌رانبه‌ریشدا پێویسته رۆژنامه‌نو‌وسانیش هه‌وڵی زیاتر بده‌ن كه شاره‌زاتر بن‌و ببنه رۆژنامه‌نو‌وسی پرۆفیشناڵ.
هاوڵاتی: كه‌واته پێویسته ده‌سه‌ڵات چی بكات؟
سوازیگ دۆلێت: له‌دوای تیرۆركردنی سه‌رده‌شت تۆپه‌كه له قاچی ده‌سته‌ڵاتدایه، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات میدیا‌و رۆژنامه‌نو‌وسان‌و جه‌ماوه‌ر ئاشت بكاته‌وه. ده‌بێ میدیا سه‌ربه‌خۆكان وه‌ك دوژمن سه‌یر نه‌كرێن. ده‌سته‌ڵات ده‌بێ مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بۆ رۆژنامه‌نو‌وسان فه‌راهه‌م بكات‌و وه‌ڵامی پرسیاره‌كانیان بداته‌وه چونكه ئه‌وه پرسیاری جه‌ماوه‌ره.
رۆژنامه‌نووس ده‌بێ گیانی پارێزراو بێت، ده‌بێ سه‌لامه‌ت بێ له لێدان، سو‌وكایه‌تی، ئه‌شكه‌نجه‌و كوشتن. نابێ كه‌س له‌سه‌ر بیروڕا تو‌وشی لێپرسینه‌وه ببێت یان بكوژرێت. نابێ دوای زیاتر له سێ مانگ له كوشتنی سه‌رده‌شت هێشتا بكوژانی به ئازادی بژین‌و به سزای یاسایی نه‌گه‌یه‌ندراون. یان هیچ نه‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی بێلایه‌ن هه‌ندێ شتی روونكردبێته‌وه.
هاوڵاتی: له‌و به‌دواداچو‌ونانه‌ی كردوتانه له دۆسیه‌ی تیرۆركردنی سه‌رده‌شتتدا، رێكحراوه‌كه‌تان گه‌یشتو‌ونه‌ته چ ئه‌نجامێك؟