کەمال ڕەئوف بۆ ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان : سەردەشت خۆى کوڕى سیناریۆی غەدر بوو، لە دایکبوون و ژیانیشى پڕبوون لەو سیناریۆیانەى کە مرۆڤ خۆى دەستى نییە لە دارشتنیاندا.

kamal raufسایتی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ 

کەمال ڕەئوف:  ئەستمە بروا بەوە بکەین مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەکى تەندروستدا لەسەر وشە بکوژرێت، بەڵام سەردەشت لە پایتەختى کوردستانى باشور لەسەر وتن سزاى مەرگ درا. تیرۆرکردنى سەردەشت ئەو پرسیارانەى بەرووى دەسەڵاتدا کرد کە تواناى وەڵامدانەوەیان نەبوو، سەردەشت یان هەر کەسێکى تر هەرچییەک بنوسن و بڵێن، نەک شایستە بە تیرۆرکردن و کوشتن نین، بگرە دەبێت کەسیش ئەو مافە بەخۆى نەدا رێگە لەوتن بگرێت، بێدەنگى هەمیشە لاى ئەوانە پیرۆزکراوە کە یا ترسنۆکن، یان لەوتن دەترسن، سەردەشت نەترسنۆک بوو نە لەوتنینیش سڵى دەکردەوە.

سایتی سەردەشت عوسمان :شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟

کەمال ڕەئوف:  سەردەشت کاروانێکى راگوزە نەبوو کە بەشوێن خۆیدا هیچى بەجێنەهێشتبێت، هەروەها سەردەشت و وتەکانى بە ئێمە نامۆ نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەرگى ئەو، یان ئەو غەدرەى لەو کرا هەموومانى خستە گریان، گریانێک کە بەشێکى بۆ جوانەمەرگ و بەشەکەى ترى بۆ خۆمان بۆ ئایندەو ئێستەمان بوو، ئێمە بەقۆڵى بۆ ئەو کارەساتە ئەگریان و ئەوانیش بەقوڵى شەرمیان دەکرد لەو کارەى کە کردیان، سەردەشت کۆمەڵێک پرسیارى بەشوێنخۆیدا بەجێهێشت و پێوتین نەک تەنها هەر هاوتەمەنەکانم بەڵکە ئەبێت بەساڵاچووەکانیش بەشوێن وەڵامەکاندا بگەرێن، ئەو مەرگى خۆى کردە هیبە بۆ ئەوەى هاوتەمەنەکانى لەماناى ژیان باشتر تێبگەن، سەردەشت جەنگاوەرێکى یاخى لاو و بیرێکى رامنەکراوبوو، بۆیە ترس لە بوونى هەبوو، ترس لە وتەکانى هەبوو، ئەوانەى کوشتیان وایان زانى مەرگ سەردەشت و خەونەکانى ئەومان لەبیر ئەباتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە سەردەشت لەمەرگەکەشیا باڵاتر بوو لەهەموو ئەوانەى بەرامبەرى وەستابوونەوە. سەردەشت هات و رۆیى، بەڵام بەتەواتى بەجێى نەهێشتین تارماییەکەى بەردەوام بەسەر سەرمانەوەیە. تارماییەکەى ترسە لاى ئەوان و پەیامى هەرەشەى خستنە ژێر پێیەوە، لاى ئێمەش هێشتا شەوقى سەردەشت بەسەر سەرى گوێسەبانەى ئایندەمانەوە دیارە و ماڵئاوایمان لێناکات و پەیامەکیمان لەبیرنەکردوە.

سایتی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟

کەمال ڕەئوف:  کاتێک هەوڵدەدرێت سەردەشت بێ گیان و بێ جوڵەو بى خەون و بێ وتن بکەن، ئەوانە بەڵگەن بۆ ئەوەى زۆر شت ماوە کە هێشتا نەوتراون و نەکراون و زۆر خەونیش ماوە هێشتا لەناو منداڵانى بیرکردنەوەى سەردەشت و هاوتەمەن و هاوبیرەکانیدایە و لەدایک نەبوون، میژووش پریەتى لەکارەساتى شەرى ئەوانەى کە دەیانویست مافى وتن زەوت بکەن، تاوانى گەورە ئەنجامدراوە تاکو کۆمەڵگە بى جوڵەو بێ گیان بکەن، بەڵام ئەوەى روویدا ئەوەیە کە ئەو بیرو بۆچوونانە خۆیان بوونە سوتەمەنى و میژوو بێ رەحمانە بەجێهێشتن…مێژوو ئەوەى نمایش کردوە کە سەنگەرى ئازادى هەمیشە خۆیناوى بووە، بەڵام هەمیشە مرۆڤى بەشکۆ و بوێر و جوامێرو زرنگ میوانى بووە. سەردەشتیش ئەو سەنگەرەى هەڵبژارد و لەگەڵ ئەو کاروانە بەرێکەوت.

سایتی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟ 
کەمال ڕەئوف:  سەردەشت و ئەوانەشى وەک ئەو بیردەکەنەوەو بەنەبەردى دەژین و کاردەکەن بۆ ژیانێکى پر شکۆمەندانەتر…. نوێنەرایەتى توێژێکى غەدرلێکراو و نوێخواز دەکەن، نوێنەرایەتى ئەو دەنگانەش دەکەن، کەهێشتا تەمەن بوارى ئەوەى پێنەداون زمانیان بەباشى بگەرى و پر بە گەرویان بانک بکەن بۆ ئازادى، ئەوان ئەگەر بەلاشەش لامان نەبن بە پرسیارەکانیان دەمان بزوێنن، بەسۆزەکەیان دەمانخەنە سەر کانیاوى ئەو بیرکردنەوەیەى کە سازگارەو بۆنى دادپەروەرى لێدێت، بۆنى بەهارێکى تازەو دەورانێکى ترى دور لە راکە راکەى بەرژەوەندیخوازى و خوێنبەربوون و کاڵفامیی… ئەوان باقین و نەیارەکانیشیان بڵقى سەر ئاو و گوز.

سایتی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟

کەمال ڕەئوف:  ئەگەر چى بکوژان واتێگەیشتبوون کوشتن و تیرۆرکردنى سەردەشت بەمانا یاساییەکەى تەنها کوشتنى کەسێکە و بەس، کە ئەمەش لەم دنیاییەى ئەواندا زۆرەو قابیلى لەبیرچوونەوەیە، بەڵام بۆ هەموو ئەوانەى رێز لەماناى ئازادى دەگرن و عەشقى وشەن و حورمەتى ژیانى ئینسان دەگرن، تیرۆرکردنى سەردەشتیان زۆر بەلاوە گەورەتر بوو لەوەى کە بکوژەکان تەسەوریان ئەکرد، چونکە سەردەشت لەسەر کەیسێکى کۆمەڵایەتى و بەرووداوێکى کتوپرو بە مردنێکى رێکەوت ژیانى لەدەست نەدا، بەڵکە بەبریارى بوغزێک مەرگى بەسەردا سەپێنرا، کە تاسەر ئێسک دژى ئازادى و دژى هەموو ئەوشتە جوانانە بوو کە لەسەردەشتدا کۆبووەوە، بۆیە بەرپەچدانەوەى ئەو کارە، هەرچەندە گەورەش بووبێت، هێشتا ئەتوانین بڵێن بۆ مەرگى سەردەشت و شەردەشتەکانى تریش زیاتر ئەهێنى.

سایتی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟ 
کەمال ڕەئوف:  سەردەشت خۆى کورى سیناریۆی غەدر بوو، لەدایکبوون و ژیانیشى پربوون لەو سیناریۆیانەى کە مرۆڤ خۆى دەستى نییە لە دارشتنیاندا، ئەو بۆ تەحەداکردنى ئەو سیناریۆیانە قۆڵى هەڵمالیبوو، بۆیە بەو لاوێتیەوە دەردەکەوت کە لەسیناریۆکان گەورەتربنوێنێت، ئەو برواى بەوە نەبوو مرۆڤ خۆى ملکەچى سیناریۆکانى دەرەوەى ئیرادەى خۆى بێت، مرۆڤى لاگەورەتر بوو لەوەى کە دەستەوسان بێت و ملکەچى حوکمە بەپیرۆزکراوەکان بێت، بۆیە پەیامەکەى وشەکانى هەلسوکەوتەکانى رۆژانەشى رێگە بەوەنادەن ئەو سیناریۆیانە بکرێت بەکراسى مەرگى یاخى بوویەکى وەک ئەودا، هەر بۆیە نەسیناریۆ داتاشراوەکە بەرهەمێکى بۆ ئەوان هەبوو، نەمەرگى سەردەشت. چونکە ئەوەى روویدا جگە لەوەى سەردەشت بەمەرگى خۆى وێناى دنیایەکى جوانترى پیشانى هاوتەمەنەکانى خۆیدا، ئەوانیشى ناچار بەداتاشینى بەسیناریۆیەک کرد کە وێناى حەقیقەتى خۆیان لەدنیایەکى پر فرت و فێڵ و دورلەراستیمان پیشانبدەن.

***     ***   ***

Leave A Reply

Your email address will not be published.