تیرۆری سەردەشت پێی وتین ئیدی ئومێدی دەسەڵاتێکی ئازادیخوازوو دیموکراسی نەماوە

muhamad raufوەڵامی رۆژنامەنووس محەمەد رەئوف بۆ سایتی سەردەشت عوسمان

سایتی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟

محەمەد رەئوف : دەسەڵاتە ستەمکارەکان لە پێناو درێژەدان بە مانەوەیان ئەو نەریت و عەقلە بەسەرچووانە پیرۆزدەکەن کە کۆمەڵکە لە خەیاڵدانیدا دەمێکە فرێیداوە. ئەوان پێیان وایە ناوهێنای خێزانیان پرسیارکردن لە چۆنیەتی ژیانیان دەچێتە خانەی تاوانەوە بەو پێوەدانگەی ئاشکرابوونی نەریتی خێلەکیان بۆ کۆمەڵگە عەقلی سیاسیشیان دەکەوێتە بەرچاوو دەستی کۆمەڵگە کە لەسەر عەقلی دواکەوتوووی خێڵەکیانەی سەدەکانی رابردوو بونیاد نراوە.. ئەوان باسکردنی کچەکانیان بە ئەتککردنی پیاوەتی و نامووس ئەزانن. بەڵام کوشتنی مرۆڤەکان و دزینی سامانی میللەت و نابووتکردنی نیشتیمان و رەشکردنی رووی سیاسەت بە پیاوەتی و شەهامەت لەقەلەم دەدەن.. پێم وایە تیرۆرکردنی سەردەشت و بڵاوبوونەوەی بیرو هزری سەردەشت تەواوی پیرۆرزیە ( ناپیرۆزیەکانی ) ئەوانی خستە روو ئەمرۆ بەهەزاران هاوڵاتی ئەم هەرێمە لە دوای تیرۆری سەردەشتەوە قێز لەو پیرۆزیانە دەکەنەوەو لە 17ی شوباتیشدا ئەوەی ناوی پیرۆزی خیلەکی و حیزبی بوو هاولاتیان ریسوایان کردوو بە چاوی تیژوو گەرووی پر لە تاسەوە دژایەتی ئەو پیرۆزیانەیان کرد . کە کۆمەڵگەی کوردی دەیان ساڵ پێ براوەتە دوواوە. 

سایتی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟
محەمەد رەئوف : پێم وایە زەمەنی تیرۆری عەڵە ئازادەکان و درووستکردنی سیناریۆکان بەسەر چووە، ئەوان چ سیناریۆیەکیان بۆ سەردەشت درووست کرد بەڵام لە هزری تاک بەتاکی کۆمەڵگەدا شێوازی تیرۆری سەردەشت و کارەکتەرەکانی پشت تیرۆرکردنی دیارن و لەبەرچاوون، لەدوای تیرۆری سەردەشتەوە قۆناغێکی نوێی لە سیاسیەتی تیرۆری حیزبی و سیناریۆی شاردنەوەی تاوانەکان هاتەکایەوە، کە ئیدی خەڵکی ناتاونێت بە ئاسانی بروا بە سیناریۆکانی دەسەڵات بکات کە بەردەوام لە رووداوەکاندا درووستیان کردووەو لە رابردووشدا سەدان کەسیان لەسەر شێوازی سەردەشت تیرۆرکردووە بەناووی جاسوس و خیانەتکارەوە تەنها لەبەر ئەوەی بە سیناریۆو پلانەکانی ئەوان رازی نەبووە.. پێم وایە هەنگاوەکانی ئازادی رادەربرین دیواری ستەمی حیزبەکانی رووخاندووەو بە ئاسانی ناتوانن بونیادی بنێنەوە بەتایبەتیش لەمرۆدا بەهاری عەرەبی و بەهاری رووخانی دیکتاتۆرو سیستمە ستەمکارەکان لە ئارادایە… پێم وایە سەپاندنی پیرۆزیەکان ئەمرۆ لەلای حیزبەکان شکڵێکی بە دەسەڵات بەخشیوە بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن حیزبی کردووە بە حیزبی تۆتالیتارو ستەمکارو زاڵم ، وێنای حیزبی دەسەڵاتدارە کوردیەکانی نزیک کردۆتەوە لە قەزافی و ئەسەد و بن عەلی ، کە رەنگە لە هەندێک وێستگەشدا ئەوانیان تێپەراندبێ، بۆیە ئەم پیرۆزیانە رووحی تۆڵەکردنەوەو هیوای ئازادی لە ناخی تاکی کوردا پەنگداوەو رۆژێک لە رۆژان دەیکاتە راپەرینێکی جەماوەری گەورەو ئەوکاتیش هیچ هێزێک توانای خۆگرتنی نابێت لەبەریدا..

سایتی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟

محەمەد رەئوف : تیرۆری سەردەشت پێی وتین ئیدی ئومێدی دەسەڵاتێکی ئازادیخوازوو دیموکراسی نەماوە ئەوەی ئەمرۆ مومارەسەی دەسەڵات دەکات جگە لە کۆمەڵک کارەکتەری زاڵًم و دەسەڵاتێکی ستەمکار هیچی دیکە نیە.. تیرۆری سەردەشت ئیمەی بردە قۆناغێکی نوێی لە مامەڵەکردن و تێروانین بۆ دەسەڵات بەوەی ئیدی نەئومێدی گۆرانکاری نە چاکسازی نەماوە .. ئێمە ئەمرۆ لەبەردەم هێز گەلێکداین کە ناتوانرێت بە ئاسانی لەگەڵیا هەڵ بکەیت، بۆیە پێم وانیە هیچ مامەڵەو هەنگاوێک بتوانێت ئەم هێزگەلە بکاتەوە بە هێزگەلی دیموکراسی و ئازادیخوازی ، بەڵکۆ ئەم هێزانە ناتوانن یەک لەحزە پاشەکشە لە ستەمکاری خۆیان بکەن چوونکە مەرگی خۆیان لێدەدەن، بۆیە چارەسەر تەنها چاوەروانی هەلی گۆرانکاری ریشەییە… پێشم وایە لە دوایی تیرۆری سەردەشتەوە.. ئاسۆکانی سەرکەوتن و جولانەوەی بزووتنەوەی ئازادی خوازی لە کوردستان ئەگەر پێشتر لە ژێر لێوەوەو بەشەرمەوە وترابێت بەڵام ئەمرۆ بە ئاشکراو رووبەروو بە دەسەڵاتی ستەمکار دەڵێن ( یاریەکە تەواو بووە ) و ئیدی تۆ ناتوانیت لەگەڵ عەقلیەتی پێشکەوتنخوازی و دیموکراسی هەڵکەیت.

سایتی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟ 
محەمەد رەئوف : ئەمرۆ سەردەشت نوێنەرایەتی ئەو دەنگە ئازاد و بوێرە دەکات کە چاونەترسانە بەرامبەر بە ستەمکاران وەستاوەو پێیان دەڵێت ئیدی زەمەنی ئەو عەقلە پیرانە بەسەرچووە کە بە پاڵپشتی خیڵ و عەقلی کۆنخوازیان دەیانەوێت سواری شەپۆلی رەوتی دیموکراسی خوازانەو ئازادیخوانە بن و لەگەڵ گۆرانکاریەکان و پێشکەوتنە خێراکاندا هەڵکەن.. تیرۆری سەردەشت پێی وتین عەقلی هاوڵاتیانی سادەی وڵات زۆر لەعەقلی سیاسیە پیرەکانی ئەم مەملەکەتە پێشکەوتوترەو سپەیسێکى زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو نەوەو عەقلیەتەدا، کێشەکە لەوەدایە کارەکتەرگەلێکی بێشوومار کە بەعەقل پیرو دواکەوتوو کۆنترۆلی ژیانی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیان کردووەو دەیانەوێت پێمان بڵین کە ئەوە ئەوانن جیلی پێشکەوتووی کۆمەڵگەو رۆشنگەری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵام بەپێچەوانەوە تا ئەمرۆش عەقلیەتی و مامەڵەی سیاسیان نەک هەر عەقلیەتی کۆنی خیڵەکیان تێنەپەراندووە بەڵکو بەردەوام عەقلە خێلەکیە نابووتەکانی کۆمەڵگە بەرهەم دەهێننەوە کە هاوڵاتی سادەی کۆمەڵگە زیاتر لە سەدەیەکە بەلاشیا ناچێت…

سایتی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟
محەمەد رەئوف : پێم وایە رق و توورەیی پەنگ خواروودووی هەمووی ئەو تاوانانەی کە لەرابردوودا ئەو هێزگەلە بەرامبەر بە تاکی کۆمەڵگە دەیکات لەگەڵ پێگەیشتنی عەقلیەتی تاکی کوردی و ئاشنابوونی تەواویوەتی بە سیاسەتە ستەمکارو ئیستبدادیەکانی.. گۆرانکاری کۆمەڵایەتی گەورە لە کوردستان روویداوە تاکی کوردی ئەمرۆ هۆشیار بۆتەوە لەگەڵ کرانەوەی کوردستان بەرووی دونیادا بەوەی ژیانی سیاسی و سیستمی حوکمرانی لە وڵاتان چۆنە لە هەرێمی کوردستانیش چۆن سیاسیەکانمان قۆرغی دەسەڵات و سامان و سەروەتی میللەتیان کردووەو دەستبەرداریشی نابن.. تیرۆری سەردەشت تەواو پەردەی لەسەر رووی ستەمی ستەمکارانی کوردی هەڵداویەوە چونکە خەڵکی کوردستان زانیان کە تەنانەت تیرۆرستان و گروپە تیرۆرسیتەکانیش بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ناکەن..

سایتی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟ 

محەمەد رەئوف : پێم وایە دەسەڵاتی کوردی راهاتووە لە گەڵ تیرۆرو کوشتن و رفاندن و فەلاقەکردندا ئەستەمە سەرکردەیەکی سیاسی ببینیت بەبێ ئەوەی کەسێکی کوشتبێت یاخود تیرۆری مرۆڤی کردبێت یان بەشداربووبێت لە دارشتنی پلانی تیرۆرکردن گەیشتبێتە ئەو شوێنە، بۆیە ئەوانەی لەدەسەڵاتدان بەجۆرێک لە جۆرەکان هەموویان ستەمکارو بەشی زۆریشیان پیاویانکوشتووە، مێژووی ئەم هێزانەی ئێمە پریەتی لە کارەساتی وێنەی سەردەشت و بکوژانیشی ئەمرۆ حوکم دەکەن ، بەڵام گرنگ نیە ئەوان ئەیانەوێت تاوانەکە داپۆشن یاخود بیشێوینن، گرنگ ئەوەیە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان روونە بکوژان کێن ؟ لە کوێ پەنادراوون ؟ کێ پەنای داوون؟ ئەمرۆش نەبێت لە داهاتوودا دادگایی دەکرێن یاخود مێژووی خۆی دادگاییان دەکات و فرێیان دەداتە ناو خانەی خیانەتکاران و ستەمکارانەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.