ئارام ئەحمەد علی بۆ ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: سەردەشت عوسمان جەنگاوەرێکی سەرسەختی ڕێگای دەربڕینی ئازادی ڕادەربڕین بوو،ئەو قەڵەمەکەی ڕوو بە شمشێرێک هەڵکێشا

aram ali ahmad

ڕوانین وخوێندنەوەی ئەقڵی حیزبی وخێڵەکی،بۆ دنیاو دەوروبەرو دیاریدەکان،نابێت نیگه‌رانمان بکات،دەمانێکە ئێمە بەم هەڵگێڕانەوەی ڕاستی و چەواشەکاریانە ڕاهاتووین،‌ خوێندنه‌وه‌کانی ئەم ئەقڵە،هەمیشە لەناو کایە سیاسی ،ئەدەبی و فەرهەنگیەکاندا وجودی هەبووە،تێکدانی بابه‌ته‌که‌ی سه‌رده‌شت و داتاشین و به‌ زۆر درووستکردن و هه‌ڵهێنجانی ناواقعی له‌ خودی بابه‌ته‌که‌،بۆ مه‌رامی حیزبی و ئەقڵی خێڵگەرا، ڕەوایەتی دانە بە خودی تیرۆرەکە،کە ئەقڵی سەلیم ناتوانێت ڕەدی نەکاتەوەو لەقاوی نەدا،ئەگەر ڕەوایەتدان بەتیرۆری سەردەشت،بەقەولی خودی ئەقڵی پشت تیرۆرەکە،بەسرابێت بە مەسەلەی ناموسییەوە،دەکرێت بپرسین،تیرۆری سۆرانی مامە حەمەو،نەزیر عومەرو ڕەوف کامیل وشاپورو قابیل وفەرهاد فەرەج وسەدان تیرۆری تر کە کراوە بۆ؟،کوشتنی ڕێژوان وزمناکۆو گەرمیان و چەندانی تر لە کاتی دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بۆ چی بوو؟خۆ لەوێ مەسەلەی ناموسی لە گۆڕێدا نەبوو،وەلێ بۆ جەللاد دیسان پاساوێک هەبوو،تا ئەو جێگایە بێشەرمی ڕۆیشت،منداڵ کوژەکان داوایان دەکردو دەکەن،کە ئەوکەسانەی خەڵکیان هەڵخراندوە ناڕەزایەتی دەربڕین،دەبێت دادگایی بکرێت،قسەیەک لەسەر دادگای کردنی بکوژەکان لە گۆڕێدا نەبوەو نییە،هەموو لیژنەکانیش بڵقی سەر ئاو بوون.
کەواتە کام وەسیلە هەڵدەبژێریت،بۆ ئەم بەرد خستن و ناڕەزایەتی دەربڕین و نووسینە، بناغەیی نییە،ئەوەی بۆ ئەو گرنگە دەست نەبردنە بۆ خودی بەردەکە،لێرەوە بە درێژایی مێژووی کارکردی ئەم حیزبانە هەمیشە،بۆ هەموو تیرۆرێ ،پاساوێک ئامادەگییە خۆی هەبوەو هەیە.
ئەوکاتەی مەلا بەختیار هاتە سەرخەت وسەنگەری دیفاعکردنی هەڵبژارد لە تیرۆرستان بابەتەکەی سەردەشتی بە”بڤە”دانا ووتم،سه‌رده‌شت له‌ نوسینه‌که‌یدا”من عاشقی کچه‌که‌ی بارزانیم”نه‌به‌ واقعی و نه‌به‌خەیاڵیش،عاشقی کچی سه‌رۆک نییه‌،ئه‌سڵه‌ن کاره‌کته‌رێک به‌ناوی کچی سه‌رۆک له‌ هاوکێشه‌که‌دا ووجوودی نییه‌،سوکایه‌تییه‌ک له‌ گۆڕێدا نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌که‌ بۆ سیسته‌مێک ، بۆ فه‌زایه‌کی ناشیرین و نا ته‌ندرووست، بۆ سیسته‌مێكی فاسید و مه‌حسوبیه‌ت،که‌ سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگای داگیر کردوه‌،ئه‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی که‌ ئه‌قڵیه‌تی خێڵ و بنه‌ماڵه‌یه‌و، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وان بێ شاهانه‌ ده‌ژی و،ئه‌وه‌ی نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌یه‌ک نه‌بێ ناتوانێ وه‌ک به‌شه‌ر بژی، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ ،ئه‌گه‌ر کۆیله‌ی دوو پارته‌که‌ نه‌بی مافی ژیانت نییه‌،واته‌ شه‌ڕه‌که‌ له‌ بناغه‌وه‌، شه‌ڕی نان و ژیانه‌،شه‌ڕی بردنی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو میلله‌ته‌ بۆ چەند بنەماڵەیەک،شه‌ڕی ناعه‌داله‌تیه‌ له‌ به‌رهه‌م هێنانودابه‌شکردندا.
وروژاندنی فەزایەکی دروست و واقعییە،کە ئەوەی خزمی سەرۆک،وەزیرو گزیر، پەرلەمانتار،هەرکورسی وپۆستێک بێت،لەهەر ئاستێکدا،خۆی وبنەماڵەو کەس وکاری شاهانە دەژین،خەڵکیش کەلەم کەسایەتیی وئەقڵی بنەماڵەییە بەهرەمەند نییە،ناتوانێت وەک ئینسان بژی،به‌ ده‌ر له‌مه‌ش،با وایدانێین هه‌ر به‌” فه‌رز”،نه‌ک هه‌ر به‌ خه‌یاڵ،هه‌ر به‌ ڕاست سه‌رده‌شت عاشقی کچه‌که‌ی سه‌رۆک بوو ، ئایه‌ سه‌رۆک مافی کوشتنی ئه‌و عاشقه‌ی هه‌یه‌؟ ئایه‌ عه‌شقی کوڕێک بۆ کچێک یان کچێک بۆ کوڕێک، په‌یوه‌ندی به‌وه‌و هه‌یه‌ کچ یان کوڕ سه‌ر به‌ کام خێزانن؟ سه‌ر به‌ کام بنه‌ماڵه‌ن؟ سه‌ربه‌ کام چینی کۆمه‌ڵایه‌تین؟.
ئیدی بتە بەزۆرداتاشراوەکانی خێڵ وبنەماڵە بەرەو داهێزران وداڕوخان دەڕوات،ئەوان ناتوانن بەر بەم ڕوخانە بگرن،دەست بردن بۆ تیرۆری سەردەشت بۆخۆی بەڵگەیەکە،کە ئەم داڕوخانە دەیەوێت بە خوێن ڕشتن خۆی کۆبکاتەوەو بۆ ماوەیەک درێژە بەتەمەنی خۆی بدات،ئیتر پیرۆزیەکان لەلایەن سەردەم وئەقڵەکەیەوە ژێر پێ نراوون،تابوەکان لەبەریەک هەڵوەشاون،ڕاستیەکەی بە خوێندنەوەی من،سەردەشت بە مەرگی خۆی،بنەماڵەی بارزانی کوشت،نەک پێچەوانەکەی،ڕژانی خوێنی سەردەشت،ڕژانی پیرۆزیەکانی بنەماڵەو خێڵ بوو،ئەوتوانی ئان وسات بەمەرگی خۆی،گڵۆڵەی ئەقڵی خێڵگەراو بنەماڵەیی وهەموو ئەو شتانەی کە بە زۆر پیرۆزکراوە،بخاتە لێژی،لەوکاتەوە نە بکوژەکان توانیویانە ئارام بن،نە خودی بنەماڵەی بارزانی،ئیدی ناوی سەردەشت عوسمان مۆتەکەیە،گەر پێیان بکرایە ئەم ناوەیان لە فەرهەنگی زمانەوانیدا دەسڕییەوە،ئاخر ئەوە مەنتقی ئەقڵە پێمان دەڵێت،هەر گروپ ودەستەو تاقمێک،دەستی بۆ تیرۆر برد،تەنها لە ئیفلاس بوونی ڕسوابوون و دەستە وەستانییەوەیەتی.
سەردەشت عوسمان ،جەنگاوەرێکی سەرسەختی ڕێگای دەربڕینی ئازادی ڕادەربڕین بوو،ئەو قەڵەمەکەی ڕوو بە شمشێرێک ڕاکێشا،کە مەحکومە بە فەزایەکی داسەپاوی ناشیرین ونائینسانی،ئەو ووتی،ئەوەی کە موقەدەسە خودی ئینسانە،نەک موقەداساتە دروستکراو داسەپاوەکان.
ئەقڵی خێڵ وبنەماڵە،لەم نێوەندەدا،لە تیرۆری سەردەشتەوە بە هەمومان وبە مێژوی ووت،ئەوەی بە پارەو سەرکوت وزیندان وڕفاندن بۆ بەرزڕاگرتنی پیرۆزیە دروستکراو وەهمیەکانی بنەماڵە،بۆمان نەکرێت،ئەوا بە تیرۆرو کوشتن دەیکەین،ئەوان ئەو ڕەوڕەوەیەن کەدەیانەوێت بە ڕشتنی خوێنی ئازادیخوازان،بۆ ناو جومگەکانی خۆ،درێژە بە مانەوە بدەن و ملهوڕیەکان بەردەوام بکەن،پەیامی ئەمان پەیامی زمان بڕین ومانەوەی کۆمەڵگاو ئینسانەکانی ناویەتی،بە کۆیلەیی و خەسیووی،تا لەبەردەم ئەقڵی ژەنگرتووی بنەماڵەیی وچەقبەستووی و دواکەوتویی و سیستەمی بنەماڵەچێتیی وموقەدەساتی لە واهیمە داتاشراودا،کۆمەڵگا ڕابگرن،کە هەم دۆراندیان،هەم شکستیان خوارد.
چەقاندنی پایەکانی ئیستبدادی سیاسی،بەدەرەجەی یەکەم،بەرهەمی داگیرکاری داگیرکەران و ئیستبدادێکی خوێناوی کاولکاری مێژوویە لەسەرخەڵکی کوردستان، بەنیشتیمان وخەڵک و مێژوەکەیەوە،بەدەرەجەی دووەم،ئەوەی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە،لە پاش هاتن وگرتنە دەستی دەسەڵاتی”بەناو خۆییەوە”،لە قۆناغی یەکەمداو لەهەم و مەیدانەکانی وەک،زیندانی سیاسی،ڕفاندن،تیرۆر،داگیرکاری ناوخۆیی، خولقاندنی ترس و زمانبڕین ودەم بەستن،ڕسواکردنی ئازادی تێپەڕاندوە، ئەمە خۆ بەخۆ واتە وابەستەیی پارتەکانی سەر ساحەی کوردستان،بەهەمان ئەقڵ و دنیابینی دەسەڵاتی داگیرکەرەوە،کەنەک هەر نەیتوانیوەو کۆن لابەرێ وتازە بێنێت،بەڵکو زۆر جاران لێمان تێک دەچێت،هەر بەڕاستی کامیان کۆنەکەیەو کامیان نوێکەیە،لەوپەڕی باوەڕ بونمەوە دەڵێم،کە یەک تۆزیش جیاوازی ناکەم لە بەینی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردی ودەسەڵاتی بەعسییەکان،تەنهائەوەم لا ڕوون نییە، ئایە ئەمان وەچەی ئەوانن،یان ئەوان وەچەی ئەمانن،وەلی دەزانم هەرکامیان بن،هەر یەک شتن لە بارەی فکری، سیاسی، ئەخلاقی، بێدادی، چەوساندنەوە، بەڕێوەبردن،بە ئەقڵی دیکاتتۆریەتی خێڵەکی وئەقڵی حیزبی و باوەڕنەبوون بە ئازادی بەرامبەرو نەسەلماندنی ڕای جیاوازو خۆسەپاندنی سەروبنەوە.
ئیمە لە کوردستان،نەشاهیدی داگیرکارێکی جۆرێک لە دیموکراسی و ئازادین،خۆ ئەگەر دەوڵەتێک،پارتێک،ئەقڵێک،زەڕەیە ئازادیخوازی ودیموکراسی تێدا بێت، داگیرکاری ناکات،نە شاهدی بونی پارتێک،ڕێکخراوەیەکین،چ لە شارو چ لە شاخ کە بەقەدەر چڵەپووشێک ئازادیخوازی تێدا بووبێت،لەم فەزا کێویەدا ناکرێت،جگە لە چاوەڕوانی هەڵکشانی ئیستبداێک،چاوەڕوانی شتێکی تر لەمانە بین،ئەوەی کە دەمێنێت،نەبوونی جوڵانەوەیەکی ڕێکخراوەیی ئازادیخوازییە،بە مانای پڕاوپڕی ووشەکە، غیابی چەپێکی لەسەرپێ ڕاوەستاوو جدییە،کە بچێتە شەڕی هەمە رۆژە لەگەڵ کۆنەپەرستی وئەقڵی خێڵ وبنەماڵەیی ودواکەوتویدا،من دڵنیام وباوەڕێکی تەوام هەیە،کە ئاسۆی سەرکەوتنی ئازادی ڕوو لەگەشەیەو هاتنی سەردەشتەکان و گیانبازی نەوەکانی حەڤدەی شوبات و ئێستا،شاهیدی ئەو ڕاستییەن.
سەردەشت نوێنەری سەردەمەکەی خۆیەتی،ئەو پەیامنێری ئازادییە،ئەو کوڕی نەوەیەکە،لەبەردەرگای سوڵتانا،نە دۆش دادەمێنێ،نە بە چۆکدا دێت،ئەو ئیدی سواڵی ژیان لەدەسەڵاتێک ناکات،کە ماناکانی ئینسان بونی لەدەستداوە،ئەو سیمبوڵی دنیای نوێ وسەردەمی نوێیە،بۆ هەڵتەکاندنی پایە کۆنینەکان،کە لە ترۆپکیدا،تەنها فیشەک و زیندان وتیرۆر راوەستاوە،دەرکەوتنی سەردەشتەکان یەک واقعیەتە کە گوزارشت،لە ڕاماڵینی کۆن دەکات،تا جێگای خۆی بدات بە تازە،کێشانی خەتێک، وقڵشتێکی گەورەیە،لە بەینی دوو دنیای جیاوازدا کە ئاشتبوونەوەو پڕکردنەوەو سازان ومجامەلەو بەیەکەوە دانیشتن قبوڵ ناکات،کاربڕێکە،پەیوەندیەکانی ئەقڵی خێڵ وبنەماڵەیی ،لەگەل سەردەمێکی مۆدێڕن ونوێدا دەبڕێت.
ئەوسەردەمەی سەردەشتی تێدا تیرۆر کرا،جیاوازتر لەسەردەمەکانی تر بوو،بۆخۆم شاهیدی زۆر تیرۆری غەمناکی ترم،هەروا ڕاگوزەرانە هات وڕۆی،کەسیش نەبزوا، تیرۆری سەردەشت سەردەمی کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی بوو، ڕوو بەدنیاو سەردەمی نوێ،سەردەمی”جام کە پڕبوو لێی دەڕژێ” گەیشتنە لوتکەی ئستیبدادو کوشتن وزیندانکردن وبردنی سەروەت وسامان و،شکاندنی ئابڕوی خەلک،بۆ ترۆپک بوو،لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاتدارەوە،سەردەمی بەیەکدادانی نەوەی نوێ وکۆن بوو،سەردەمی هاتنی جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆن ،بە هەموو کەم وکورتیەکانیەوە بوو،هەموو ئەمانە وایان کرد،تیرۆری سەردەشت خەڵک بهەژێنێ وبیانهێنێتە سەرشەقام،لەیەک کاتدا،سەردەشت بکات بە سیمبوڵی جوانی و،دەسەڵات قیزەوونی،سەردەشت بە ئازادیخوازی و،دەسەڵاتی ڕەش،بە لوتکەی دیکاتۆریەت و دژە ئینسانی.
مێژوو ئەوەی سەلماندووە،کە واقع هەرچی بێت،هەر ئەو ئەساسە بە هیند وەردەگرێت،واتە وەک خۆی دەمێنیتەوە،سەربەرزانە هەموو ناڕاستی وهۆنینەوەی درۆو سیناروێکان دەکات بە ژێرەوە،ڕەنگە ئەمە بۆ ماوەیەک خەفەبکرێت،وەلێ نەتیجەتەن،هەموو ناڕاستییەکان ڕادەماڵێ و جێگای خۆی دەگرێتەوە،ئەویش ڕاستییە.
هۆنینەوەی چیرۆک وسیناروێ ساختەکان،لە باشترین حاڵدا،گەمژەیی بکەرەکانی دەگەیەنێت،زۆرجاران ڕێکەوتووە، جەللادەکان خۆیان لیژنەیان دروستکردوە بۆ لێکۆڵینەوەی لە چۆنیەتی کوشتنەکە،ئەوەی سەردەشت کوتومت وابوو،ئەو تیرۆریستانەی سەردەشتیان تیرۆرکرد،خۆیان هاتنە سەرخەت و گوایە لێکۆڵینەوە دەکەن،وەلێ ڕاستیەکەی ئەوەیە،کە هیج لیژنەیەک پێک نەهاتوەو هیچ هەوڵیکیش لە ئارادا نەبوەو نییەو نابێت،بۆ دۆزینەوەی بکوژەکانی سەردەشت،تەواوی سیناروێکانی دەسەلاتدارانی هەولێریش لەباشترین حاڵدا مەهزەلەیەکی قیزەونەو بۆ گاڵتەش ناشێت،ئەو تەنانەت زەحمەتی ئەوەشی نەکێشاوە،کە لە گێلایەتی وگەمژەیی خۆیشی کەم بکاتەوە،شتێک بەخەڵک بڵێت،کە لانی کەم تاقەتی گوێگرتنێکیشیان هەبێت،من لە کەیسی سەردەشت ولێکۆڵینەوەکاندا،وەک چۆن چنینی سیناروێکان گاڵتەجاڕییەو جێگای باوەڕنییە، هەروا تێڕوانین وباوەڕهێنان بەوەی پەنادانی تیرۆریستان ئەسڵی هەیە،جێگای باوەڕم نییە، باوەڕم بەوە نیە،شتێک بەناوی پەنادانی تیرۆریسەتەکان و،ئامانج لێی”شاردنەوەی خودیی تیرۆرەکە”،بوونی هەبێت،بەومانایەی خودی دەسەلاتەکە بۆ خۆی تیرۆرەکەیە، لیژنەکان بۆ خۆیان ئەسڵی تیرۆرەکەن، ئەو ئەقڵە بەسەرچووە،خەڵک بکوژن،بچنە ژێر دارەمەیتەکەی وبسکەی سمێڵیان بێت وبە خوێنەکەی وبە فرمێسکی کەس وکارەکەی پێبکەنن و یاری بکەن،ئیدی هەموو شتێک ئاشکرایە،هەم بۆ خەڵک وهەم بۆ دەسەڵات خۆی،دەیان ساڵە تیرۆر دەکرێت،پێم ناڵێن تا ئێستا بکەرەکانی کام تیرۆر ڕاکێشراونەتە بەردەم دادگاو ئاشکرا کراوون؟ئەسڵەن ناڵێن کامەیە دادگا؟ئەی ئەگەر خۆیان نین،بۆچی نابینە شاهیدی شتێکی ئاوا؟مانگانەوساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار دەکرێت بە قوڕگی ئاسایش و پۆلیس و دەزگای ئەمنیەکاندا، پێمان ناڵێن ئەگەر ئەمانە خۆیان ئەسڵی تیرۆکە نیین،ئەی بۆ کەسێک ناگرن؟ کەیسێک ئاشکرا ناکەن؟مەگەر ئەوان کاریان چییە؟ئەی بۆ ئەگەر بچوکترین شت بەرامبەر خۆیان بکرێت تێناپەڕێت وبکەرەکانی لە زیندان تووند دەکەن،کێ هەیە ئەوەندە داماو بێت باوەڕ بەوە بکات،بابایەک بەتەنها لە موسڵەوە بێتە بەردەم زانکۆو،بە ڕۆژی ڕوناک سەردەشت بخاتە ناو ئۆتۆمبێلێک و بیباتە موسڵ و لەوێ تیرۆری بکات؟،گاڵتەجاڕییەکە ئەمەیە،هەر ئەمە مانای ئەوەیە،دەسەڵات خۆی ئیمزای دەکات و خۆی دەکات بە خاوەنی مەسەلەکە،دەسەلاتی هەولێرو بە تایبەت پارتی ،تەنها بە ووتنی ڕاستینەی تیرۆری سەردەشت دەتوانێت،تیشکی چاوەکان کە لەسەر ئەون لابەرێت،لەمەبەدەر بە هیچ سیناروێیەکی درۆینە ناتوانێت،بەو ئامانجانە باگات،کە باوەڕ بەخەڵکی بێنێت،ئەو سەردەشتی تیرۆر نەکردووە.

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان ئەوم تەوەرەی ئاراستەی چەند نوسەر ، رۆژنامەنووس ، کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە کە سەرخەتی پرسیارەکان و گفتوگۆکان لەم خالانەی خوارەوەدا چڕ بوونەتەوە:
ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟

ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟

Leave A Reply

Your email address will not be published.