یەکێکە لەهەرە سیناریۆ پڕ درۆ و نائەخلاقى و نادیدەو گەمژانەو گاڵتەجارانە کە من تا ئەم تەمەنە بینیبێتم سیناریۆ هەزیل و هیچ و نابەڵەدیەکەى پارتى دیموکرات بوو بۆ پەردەپۆشکردن و داخستنى دۆسیەى سەردەشت عوسمان
نوسەر و ڕوناکبیر ئاسۆ جەبار بۆ سایتی سەردەشت عوسمان
سایتی سەردەشت عوسمان: هەموو ئاماژەکان ئەگەرێنەوە سەر ئەو خاڵەی سەردەشت لەسەر ساتێریک تیرۆر کرا کە ناوی کچێکی بارزانی تێدا هاتبوو، هەن دەیانەوێت ئەمە پەیوەست بکەنەوە بە فەرهەنگی پیاوەتی و ناموسیەوە، ڕای ئێوە لەمباریەوە چییە؟ تاکەی سەرۆک و خێزان و بنەماڵە ئەبێ تابوو بن؟ تاکەی پیرۆزییەکانی بتەکانی بنەماڵە و هۆز و عەشیرەت بەپیرۆز ئەکرێن؟
ئاسۆ جەبار: تیرۆرکردنى سەردەشت عوسمان تەنها کوشتنى رۆژنامەنوسێک یان تەنها زەفەربردنێکى نائەخلاقیانەى عەشرەت و حیزب و دەسەڵاتێک نەبوو، بەڵکە هەڵمەتێکى نائینسانى ء وەحشیگەرانەى گەلەعەشرەت و گەلەحیزبێک بوو بۆ بەرقەرارکردن و بێچارە سازکردنى کەش و فشارێکى مافیاگەریى حیزبى و حکومى بۆ کوشتن و تیرۆرکردنى ئازادیى رۆژنامەگەریى و دنیابینییە جیاوازەکان، هەڵمەتێکى قێزەوەن بوو بۆ ستەمسازێکى تاسەرئێسک نائەخلاقى دژ بە سەرجەم بەها ئینسانى و شارستانى ء فەرهەنگییەکان، مەرگدۆستییەکى وەحشیگەرانە بوو دژى نوسین، دژى روانینء فەنتازیا و رەخنەء دژى سەرجەم ئەو پانتاییە رۆشنبیریى و فەرهەنگییە بوو کە پێکڕا هاوئانگ هەمووان لەدۆسێیەکى زیندوو و کاریگەردا کۆدەکاتەوە.
ئەم کولتورى کوشتنە کە زادەى روانینء کردەگەلێکى وەحشیگەرانەى حیزب و تاقمە مافیاییەکانى ناو حیزبە خاوەنى تاکەیەک ستراتیژى هەنوکەیى و درێژخایەنە ئەویش بریتییە لەتۆقاندن و ترساندنى کۆمەڵگە لەڕێى کوشتن و تیرۆرکردنى رۆژنامەنوس و نوسەرەکانەوە، یان فەلاقەکردنء مێشک تەقاندنى نوسەر و رۆژنامەنوس ء هەوڵى کوشتنى داکۆکیکارانى مافى مرۆڤ. بە دڵنیاییەوە ئەم ستراتیژە نائەخلاقى ء نائینسانییە هەڵقوڵاوى میراتێکى وەحشیگەرانەى خێڵە خوێناوییەکانء دەسەڵاتە فاشىء دیکتاتۆرء ستەمکارەکانە بۆ بەرپاکردنى کەشێکە بێئەندازە خوێناوى، لێوڕێژ لە ترسى گەورەء نادڵنیایى، ترس لەهەموو شتێک، لەجەلادێکى وەهمى کە بە چەکء تفاقى مەرگخوازییەوە بە سەرجەم شەقامء شوێنە گشتییەکانى شاردا دەگەڕێت بەدواى قوربانىء دەنگء رەخنەء روانینە نوێکاندا، دەرەنجام ئەم هێزە کوشندەیە لەدواى ئەنجامدانى هەر کردەوەیەکى وەحشیگەرانەى خۆى دەستکراوەترء مەغۆلانەتر پەلامارى خەڵکء نوسەرانء رۆژنامەنوسان دەدەن.
سایتی سەردەشت عوسمان:شەڕی ئازادی دەربڕین و موقەدەساتە داسەپاوەکان لە کوردستان لە تیرۆری سەردەشتدا بەرەوڕووبونەوەیەکی توند نمایش ئەکات، ئەو دەسەڵاتەی سەردەشتی تیرۆرکرد ویستیان و دەیانەوێت لە ڕێگای ئەم تاوانەوە چ پەیامێک بگەیەنن؟ ئەم جۆرە پیرۆزکردن و داسەپاندنی پیرۆزیانە ج ڕۆڵێک لە شکڵپیدانەوەی دەسەڵاتدا لە کوردستان دەبینێت؟
ئاسۆ جەبار: حەڵاڵکردنى خوێنى رۆژنامەنوس، واتە حەڵاڵکردنى مەرگء پیاوکوشتن، واتە حەڵاڵکردنى بێدەنگىء ستەمکاریى. واتە ئەوەى یاساء کۆتوبەندى ئەخلاقىء حیزبىء ئاینىء کولتورى ناتوانێت بێدەنگى بکات، پیاوکوژەکان دەتوانن بێدەنگى بکەن، عەنتەرەکانى حیزب بێدەنگیان دەکەن. بەڵام بە پێچەوانەوە هیچ کاتێک زەبرء کوشتنء هەڕِەشەکردن نەیتوانیوە تاسەر رۆژنامەنوسانء رەخنەگرانء رۆشنبیرانى سەربەخۆ بێدەنگ بکاتء قفڵ بدات لەدەستء دەمى نوسینء ئازادى قەڵەمەکان.
بۆ سەلماندنى ئەم هاوکێشەى مەرگء دڕندەییە پێویستە قوڵ بڕوانینە ئەو سیستمە پراکتیکییەى کە تەنها وەک پێشێلکارى مافى مرۆڤء توندوتیژىء نائینسانییەت حسابى بۆ دەکرێت. بۆنمونە بێگومان پراکتیزەکردنى کوشتنء مەرگ تەنها بریتى نیین لەکردەگەلێکى ئاسایى بۆ کوشتنى ئینسانء بەڵکە کوشتن شوناسێکى فەنتازىء ئەفسانەیىء پەنهان وەردەگرێت، وەک کوشتنى نهێنىء حەشارگەى ونکردنى ئینسان، رفاندنى ئینسانء ئەشکەنجەدان، کوشتنى خۆپیشاندەران بەبەرچاوى دنیاوە، لێدانء داپڵوسین تا مەرگ، تەعزیبدان تاسەرئێسک، پڕکردنى زیندانەکان، کوشتنى جەستەیىء روحىء دەروونىء فەرهەنگى.
لەکۆتاییدا ئەم هێزە کوشندانە تا دڕەندەترء قێزەوەن بن، زیاترء زیاتر ریسوا دەبن، تا توندتر خەڵک ئەشکەنجە بدەن، مەرگى خۆیان خێراتر دەکەن، تا شەقامەکان پڕبکەن لەچەکء تفاقى پیاوکشتن، تا دێ بۆکڕوزى قێزەوەنىء دڕندەییان دنیا پڕ دەکات……….دەسەڵاتى کوردى بۆ هەموو دنیاى سەلماندن کە لەمەغۆلەکان مەغۆلترن، لەبەعسسییەکان بەعسیترن، لەقەزافییەکانى قەزافیترن، لەوەحشییەکان وەحشیترن.
سایتی سەردەشت عوسمان: پایەکانی هەڵکشان و زەقبوونەوەی ئیستیبدادی سیاسی لە کوردستاندا چییە؟ چۆن دەکرێت سنوور بۆ ئەمە دابنرێت؟ ئایا لەو ڕوبەڕو بونەوەیەی لەسەر تاوانی تیرۆری سەردەشت ڕوویدا ئاسۆی سەرکەوتن و شکستی جوڵانەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستان چۆن خۆی نیشان دا؟
ئاسۆ جەبار: هێزى خەڵک تەنها هێزێکى شارستانىء زیندوو نییە، بەڵکە هێزگەلێکى ئامادەء جیاوازء هەمەڕەنگە، پێکهاتەیەکى زیندوو ء کاریگەرء بەرفراوانە بۆ بەرهەمهێنانى رووبەرێکى دیکەى رەخەنەء جیاوازى، سەرزەمینێکى دیکەى گفتوگۆء ململانێى شارستانیانە بەرهەمدێنێت.
لەزۆر شوێندا باسم لەوە کردووە کە کۆمەڵگەى زیندوو سەربارى ئەوەى کۆمەڵگەیەکى قسەکەرە، کۆمەڵگەیەکى رەخنەگرء فشاردروستکەرء هەمەڕەنگە لەڕووى فەرهەنگىء دنیابینىء رۆشنبیرییەوە، هاوکات کۆمەڵگەیەکیشە لەسەر کەمترین بڕ لەمافەکانى خۆى دەنگى بەرزدەکاتەوە، کۆمەڵگەى مردووش کۆمەڵگەیەکە کە لەسەر پێشێلکردنى سەرلەبەرى مافەکانىء چەوسانەوەى ئابورىء رۆشنبیرىء ژیان لەرووبەرێکى گەورەى گەندەڵخۆرىء عەنتەریاتخانەى حیزبىء بەڕەڵاخانەیەکى ئابورىدا دەنگى لێوە نایەت.
کاتێک کۆمەڵگە سیخناخ دەبێت لەستەمکاریى حیزبىء ناحاڵى سیاسىء هەیەجانى بێمانایىء دڵەڕاوکێى ناعەدالەتیى کۆمەڵایەتىء ئابورى، کاتێک بەرژەوەندییە حیزبىء تاکەکەسىء خێڵەکىء تایبەتەکان پێش بەرژەوەندییە ئینسانىء شارستانییەکان دەکەون، کاتێک هاوکێشەکان تێکەڵى یەکدى دەبنء نرخء بەهاکان شوناسء تایبەتمەندى خۆیان وندەکەن، کاتێک ئینسان وەک بوونەوەرێکى شایستە بە ژیانء پەیوەندىء مافء چالاکى حسابى بۆ ناکرێتء سایکۆلۆژیاى مێگەلى حیزبىء سیاسىء ئاینى جێى سەرلەبەرى بەها مرۆیىء شارستانىء کولتورییەکان دەگڕنەوە، کاتێک کۆمەڵگە خاڵى دەبێتەوە لەبەرپرسیارێتىء هەیەجانى شارستانىء کولتورىء رۆشنبیرى، ئەوکاتانە ئیدى خولیاى تێگەیشتن لەدنیاء پەیوەندىء بەرهەمء داهێنانى شارستانىء رۆشنبیریىء پێکڕا جیهانبینییء روانینء فیکر نابنە خەمێکى هاوبەشء حەسرەتێکى ئینسانى قوڵ.
بەڵام شەهیدکردنى سەردەشت عوسمانء سۆران مامەحەمەء پێکرا فەلاقەکردنى خەڵکء رۆژنامەنوسان سەرەپا کۆمەڵگەى وریاکردەوە لەو سیستمە نائەخلاقىء نائینسانییەى کە حیزبسالاریى تا بینەقاقاى مافیاگەریى کۆمەڵگەء ئینسانەکان بەرەو نادیارێکى کوشندەء دۆخێکى وەحشیگەرانەى بێوێنە دەبات، بۆیە سەرەنجام لە 17 ى شوباتء خۆپیشاندانەکانى شارو شارۆچکەکاندا پەیامى خەڵک دژى کوشتنء تاڵانکردنء ستەمء زەبرى وەحشیگەرانەى حیزب بوو.
سایتی سەردەشت عوسمان: سەردەشت لە کوردستان نوێنەرایەتی چی دەکات؟ تیرۆری ئەو لە پەیوەند بە کێشەی نەوەی نوێ لەگەڵ دنیا کۆن سیمبولی چییە؟ ئایا دەرکەوتنی سەردەشت و سەردەشتەکان لە کوردستاندا دیاردەیەکی گوزەرایە، یان گوزارش لە ململانێیەکی قوڵ و قەڵەشتی گەورەی کۆمەڵایەتی دەکات؟
ئاسۆ جەبار: کاتێک رۆژنامەنوسێک شەهید لەلایەن حیزبء دەسەڵاتء یاساوە دەکرێت بە تیرۆریست، کەواتە ئیتر سەرجەم ئەو نوسەرء رۆشنبیرء رۆژنامەنوسانەش کە نەکوژراون تیرۆریستن، کەواتە ئەو خەڵکەش تیرۆریستە کە دژى کوشتنى سەردەشت عوسمان شەقامەکانیان پڕکرد لەناڕەزایى، کەواتە کوشتنى هەمومان حەڵاڵە.
ناشرینکردنى کەسایەتى رۆژنامەنوسء رۆشنبیرانء دەنگە سەربەخۆکان لەلایەن حیزبء جەبەروتى دەزگا ئەمنىء میدیا زەبەلاحەکانیانەوە لەو عەقڵیەتە ناشارستانىء وەحشیگەرییەوە سەرچاوەدەگرێت کە لەپۆلێنکارییەکى دوژمنکارییدا سەرجەم ئەوانەى کە لەگەڵ حیزبء سەرۆکء موقەدەساتە وەهمییەکاندا نیین دەبێت بکرێن بە تیرۆریستء خائینء دژى نەتەوەء نیشتیمان. لەفەرهەنگى زلحیزبە خێڵەکىء پۆلیسىء بنەماڵەپەرستء بازرگانەکاندا، شتێک نییە بەناوى سەروەرى یاساء ژیاندۆستىء لێکتێگەشتنء قبوڵکردنى ئەوى دى، بەڵکە تەنها نەخشەیەکى ناشارستانىء نائینسانى لەئارادا بۆ کۆنترۆڵکردنى کۆمەڵگەء ناشرینکردنى، داگیرکردنى سەرلەبەرى سەرچاوە ئابورىء شارستانییەکانء تاڵانکردنى، لێدانء رفاندنء کوشتنى ئینسانء شێواندنى.
ئەم پڕۆسەیە تەنها بریتى نییە لەداگیرکردنء کۆنترۆڵکردنء تاڵانکردن، بەڵکە خولقێنەرى مەترسیدارترین نائەخلاقیاتء نائینسانیەتە لەڕێى لێشاوێک میدیاى چەواشەکارء دەستکراوە بۆ بەفریشتەکردنى حیزبء بە تیرۆریستکردنء بە خائینکردنى سەرلەبەرى ئەو نێوەندء رۆژنامەنوسە سەربەخۆء رەخنەگرء رۆشنبیرانەى کە بەبێ پشتیوانىء هێز رووبەڕوى جەبەڕوتى زەبروزەنگء پێشێلکارییەکان دەوەستنەوە.
مەترسیدارترینء جەهەنەمیترین دۆخى زەبروزەنگ، ئەوکاتانەیە کە زەبروزەنگ دەبێتە فەنتازیا، هەر لەفەنتازیاى کوشتنەوە تا فەنتازیاى لێدانء داپڵۆسینء رفاندنء کوشتنء شەرعیەتدان بە هێشتنەوەى نهێنىء حەشارگەء کارائەکتەرء هێزء جەبەڕوتى سڕینەوەى بەرامبەرء خامۆشکردنى هەر جیهانبینىء کردەیەکى زیندووى شارستانىء رۆشنبیریىء هەڕەشەکردن لەرۆشنبیرانء رۆژنامەنوسانء تەواوى کۆمەڵگە.
ئیرهاب تەنها کوشتنء تۆقاندنى ئینسانەکان نییەـ وەکچۆن ئیرهابێک هەیە بۆ کوشتنى ئینسان، ئیرهابێکى بێ ماناترء نامرۆڤانەترء رێکخراءتریش لەئارادایە بۆ کوشتنى یاساء ئازادى رادەربڕینء مافە شارستانىء ژیارییەکانى تاکەکەسء کۆمەڵگە. ئیرهاب تەنها سوتاندنى شەقامێک نییە بە ئینسانەکانەوە، چۆڵکردنى شەقامەکانء رێگرتن لەبەردەم هەر ناڕەزاییەکى شارستانى لەشەقامەکاندا جۆرێکە دیکە لەئیرهابى شارستانى.
ئیرهابى شارستانى بریتیە لەکوشتنء خامۆشکردنى هەر چالاکىء ئیرادەیەکى شارستانى، وەک رێگریى یاسایىء حیزبى لەبەردەم خۆپیشاندانء چالاکییە مەدەنییەکاندا، دژایەتیکردنء سەرکوتکردنى کیانە رۆشنبیریىء کولتورییە سەربەخۆء شارستانییەکان، کوشتنى رۆژنامەنوسانء داخستنى دۆسیەکەىء کردنیان بە تیرۆریست، هاوکات نادادپەروەریى کۆمەڵایەتىء ئابوریىء سیاسى بێجگە لەئیرهابگەلێکى وەحشیگەریى شارستانى هیچى دیکە نین.
سایتی سەردەشت عوسمان: بەر لە سەردەشت گەلێک ڕوداو و تاوانی گەورەی تر لە کوردستاندا ڕویان داوە، دەسەڵاتی حاکم نمونەی زۆری تری سەرکوتی خوێناوی لە مێژوی ڕەشی خۆیدا هەیە، چی وای کرد ئەم جارە تیرۆری گەنجێک ئەو هەموو توڕەییە بهێنیتە سەر شەقام؟
ئاسۆ جەبار: ئەم دیاردەیە هەڵگرى دنیایەک بەڵگەو شیکاریى گرنگە کە لەسەر ئاستى رۆشنبیرىء شارستانىء سیاسى دەرخەرى ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرەن کە چیتر شاردنەوەى پێشێلکارییەکان ناتوانێت رووى گەشى نائینسانیەتء وەحشیگەریانەى ئەو هێزانە بشارێتەوە.
ئەم تاوانء توندوتیژىء دژایەتیکردنە هەر لەکوشتنى سۆران مامەحەمەوە دەستپێدەکات تا ڕفاندنء لێدانى نەبەز گۆرانء هەوڵى کوشتنى ئاسۆ جەمال موختارء هەوڵى تیرۆرکردنى ئەحمەد میرەء لێدانء قۆڵبەستکردنى رەحمان غەریبء ئیهانەکردنى یەحیا بەرزنجىء تێهەڵدانء سوکایەتیکردنء هەڕەشەکردن لەسۆران عومەرء هەوڵى کوشتنى ئامانج خەلیلء سوتاندنى گۆڤارى لڤین..تاد، ئەمە بێجگە لە داڕشتنى لیستی رەش لەلایەن دەزگا ئیستیخباراتییەکانەوە، کە پێکڕا ناوى سەرجەم ئەو بڵاوکراوە سەربەخۆء ئەهلیانەى تیادایە کە رەخنەئامێزء دەرخەرى راستییەکانن، هاوکات ناوى سەرلەبەرى ئەو نوسەرء رۆژنامەنوسە رەخنەگرانەى تیادایە کە رەخنەکارء بەرهەڵستکارێکى مەعریفین لەبەردەم دیاردەى گەندەڵىء نائینسانیەتء ناعەدالەتء پێشێلکردنى مافى مرۆڤء سەرلەبەرى ئەو فیعلە وەحشیگەرانەى کە تائەوڕۆکە بەرامبەر رۆژنامەنوسانء رەخنەگران ئەنجام دەدرێت. ئەمە بێجگەلە سوکایەتیکردنء دروستکردنى توهمەتى ئەخلاقىء نائینسانى بۆ ئەو رۆژنامەنوسە ئافرەتانەى کە لەبوارى رۆژنامەگەریدا کاردەکەن، هاوکات پیادەکردنى چەوسانەوەى یاسایىء رۆشنبیریى وەک دوو هێزى نائەخلاقىء نائینسانى بۆ سەرکوتکردنء تێکشکاندنى رۆژنامەنوسء رۆژنامە سەربەخۆکان لەڕووى دارایىء رۆشنبیرىء کارى فەرهەنگییەوە. هاوکات دیاردەى سوتاندنى بڵاوکراوە سەربەخۆکانء بایکۆتکردنى چاپکردنء بڵاوکردنەوەى کتێبى ئەو نوسەرە سەربەخۆیانەى کە رەخنەى جیدیان هەیەء خوێنەرێکى زۆریان هەیە، هەموو ئەم فیعلانە جیاناکرێتەوە لەبەکارهێنانى توندوتیژىء سەرکوتکردن.
سزادانء توندوتیژى تا ئاستى نائینسانیەتء ناشارستانیەتء نادادپەروەرى گەیشتۆتە بارودۆخێکى هێندە وەحشیگەرىء نائەخلاقىء نایاسایى کە دابەشدەبێت بەسەر زیاد لەبوارێکى نائاسایىء ناسروشتىدا، کە پێکڕا پێکهاتوون لەسزادانى ئابورى: وەک نانبڕینء دەرکردنء راگواستنء لێسەندنەوەى ئیمتیازء غەرامەکردنء قەرەبووکردنەوەى حیزبء موقەدەساتە وەهمییەکانى. سزادانى جەستەیى: وەک تێهەڵدانء داپڵۆسینى رۆژنامەنوسء سەرنوسەرء شاعیرء پەیامنێر. هەڕەشەکردن وەک سزایەکى تۆقێنەر: وەک هەڕەشەى کوشتن لەو رۆژنامەنوسء رەخنەگرانەى کە رەخنە لەگەندەڵىء ئەخلاقى ناشرینى هەندێک لەبەرپرسەکان دەگرنء بەرژەوەندییە کەسىء ئابورىء ئیدارییەکانیان دەخنە بەر مەترسى، وەک بەندکردنء چاوسورکردنەوەء خۆگیڤکردنەوە لەو کەسانەى هەڵوێستى جیاوازء خاوەنى بیروڕاى جیاوازن.
دیاردەى لێدانء ڕفاندن، پێکڕا دیاردەگەلێکى چەتەگەریى رێکخراو ء بەرنامەبۆداڕێژراوە، لەفۆرمێکى وەحشیگەرىء نایاسایىء نائینسانىدا، هەوڵێکى مەترسیدارە بۆ خولقاندنى کەشوهەوایەکى تۆقێنەرء هەڕەشەئامێز، سازکردنى فەزایەکى یادەوەرامێزى ئەو عەنتەریاتە وەحشیگەرییەیە کە لەسەروەختى شەڕى ناوخۆکانء پیاوکوشتنء ژنکوشتنء ڕفاندنەکاندا خولقێنەرى ترسء نائەخلاقیەتیەکى گەورە بوون.
لەم چاوپێکەوتنەدا زۆر راستەوخۆ دەمەوێت وەڵامى ئەو سەرکردە بێئاگاء ئەو بەرپرسە چەواشاکارء ئەو وەزیرە ناڕاستگۆء ئەو میدیا حیزبییە نابەرپرسانە بدەمەوە کە تاوئەوڕۆکە دەیانەوێت ئەو راستییە حاشاهەڵنەگرء ئەو راپۆرتە جیهانىء داتایانە لەهاوڵاتیان بشارنەوە، وەک راپۆرتەکانى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى بەتایبەتى ئاماژە بە باردۆخى ترسناکى رەوشى رۆژنامەنوسان دراوە لەهەرێمى کوردستاندا، ئەمە بێجگە لەراپۆرتەکانى کۆمیتەى بەرگرى لەرۆژنامەنوسان(CPJ)ء ناوەندى پێنى نێودەوڵتى (International pen)ء پەیامنێرانى بێسنورء راپۆرتەکانى نیورۆک تایمزء نوسینەکانى مایکڵ رۆبنء رێکخراوى ئازادى چاپەمەنییەکان…تاد، کە لەم وتارەدا ناتوانین سەرلەبەرى ئەو راپۆرتانە بخەینەڕوو. کە دەرخەرى ئەو راستیانەن کە تائەوڕۆکە لەم هەرێمە بەناو دیموکراسیەکەدا بە چەندین شێواز مافى مرۆڤ پێشێلدەکریتء مافى رۆژنامەنوسان لەنزمترین ئاستى خۆیدایە، بە ئەندازەیەک ئەو توندوتیژییەى بەرامبەر رۆژنامەنوسانء نوسەران ئەنجامدەدرێت هەر لەلێدانء ڕفاندنء کوشتنء بەندکردنء غەرامەکردنەوە تادەگاتە چەوسانەوەى ئابورىء رۆشنبیرىء ئیهانەکردن بە کەرامەتء کەسایەتیان کە ئەمجۆرە رەفتارانە گوزارشتن لەعەقڵیەتێکى وەحشیگەرىء نائینسانىء نادیموکراسى.
سایتی سەردەشت عوسمان: بە داڕشتنی سیناریۆ و هۆنینەوەی چیرۆکی ناڕاست لە دۆسیەی فڕاندن و تیرۆری سەردەشتدا بەکردەوە ناکاتە سیناریۆی پەنادانی تیرۆرستان و شاردنەوەی قەزیەکە؟ ئامانج لە داپۆشینی تاوانی تیرۆری سەردەشت، لە ڕێگای سیناریۆ چییە؟
ئاسۆ جەبار: یەکێکە لەهەرە سیناریۆ پڕ درۆ و نائەخلاقىء نادیدەء گەمژانەء گاڵتەجارانە کە من تا ئەم تەمەنە بینیبێتم سیناریۆ هەزیلء هیچء نابەڵەدیەکەى پارتى دیموکرات بوو بۆ پەردەپۆشکردنء داخستنى دۆسیەى سەردەشت عوسمان. لەراستیدا ئاسانترین فیعل و سیناریۆ لەلاى حیزبء خێڵە کوشندەکان داڕشتنى سیناریۆیە بۆ قوربانیەکان، دنیایەک تیرۆریستیان گرتووە یەکێک لەوانە بە پارە رازى دەکەنء دەیهێننە سەر تەلەفیزیۆنء پێى دەڵێن بڵى من سەردەشتم کوشتووە، زۆر ئاسانە پارەیەکى زۆرى دەدەنێ یان دەیکوژن یان دەینێرن بۆ وڵاتێکى ئەوروپا.
ئەو سەرۆکء زلحیزبانەى باس لەسەربەخۆیى کوردستان دەکەنء پیاوەکانیان لەشەقامەکانى شاردا بە تێڵاء لیس خەڵک فەلاقە دەکەن، دەبێت بزانن ئەو قسە زلانە بێجگە لەگەمژەیى سیاسىء گاڵتەجاڕیى هیچى دیکە نین. ئەو سەرۆکەشى پێیوایە بەگۆڕینى جامى رەشى سەیارەکانى حیزب دەتوانێت ناوى پیاوکوژەکانى ناو حیزبەکەى خۆى بشارێتەوە زۆر کاڵفامە، زۆر زەلیلە لەبەردەم حەقیقەتء مێژوودا.”
کوشتنى ئینسان چەند کردەیەکى قێزەوەنء وەحشیگەرانەیە بۆ کوشتنى ئینسانێک یان چەند ئینسانێک، بەڵام کوشتنى شار واتە کوشتنى هەموو بەها مرۆیىء ئەخلاقىء شارستانىء کولتورییەکانى سەرجەم ئینسانەکان کە پێکڕا مەترسیدارترین دیاردەء کردەگەلێکى وەحشیگەرانەیە بۆ خامۆشکردنى بەها روحىء کولتورییەکانى مرۆڤ.
لەڕاستیدا پیاوکوژەکان زۆر لەوە زەلیلترن کە دەیانبینیین، ئەو زلحیزبء زلسەرکردەء زلپیاوکوژانەى پلانء ئەندازەسازى کوشتنء تۆقاندنى خەڵکء رۆژنامەنوسانء چالاکوانء خۆپیشاندەرەکان دادەڕێژن، بێگومان تەنها خاوەنى تاکەیەک کلتورء دنیابینیین ئەویش مەرگدۆستییەء خاوەنى تاکەیەک نائەخلاقیاتى قێزەوەنن ئەویش وەحشیگەرییە تاسەرئێسک، خاوەنى تاکەیەک شەڕواڵن ئەویش شەڕواڵى پیاوکوشتن، خاوەنى تاکەیەک دەمن ئەویش دەمى پڕ لەجوێنء بوختانء درۆى گەورەیە، بەڵام خاوەنى کۆمەڵێک غەریزەى نائینسانین کە بریتین لەغەریزەى زەبروزەنگء داپڵۆسینى خەڵک، غەریزەى تاڵانکردنى سەروەتء سامانى نیشتیمانى، غەریزەى ئینسانکوشتنء شاردنەوەى بکوژەکان، غەریزەى چەواشەکردنء درۆى گەورە، غەریزەى کوشتنى رۆژنامەنوسء داخستنى دۆسیەکەى، غەریزەى دروستکردنى پیاوکوژء سیخوڕء هێزى دژە خەڵکء دەزگاى هەواڵگیریىء دەزگاى پاراستنى بکوژەکانء دەزگاى زانیاریى کۆکردنەوە لەسەر خەڵک.
کولتورى مرۆڤکوشتن کولتورێکى دێرینء نەبراوەیە، بەڵام ئەم کولتورە لەدنیاى مۆدێرندا بە کۆمەڵێک کەرەستەء شێوازى جیاوازء ئەتەکێتى تازەوە خۆى نمایشدەکاتء نهێنییەکانى دەپارێزێت. ئەو هێزانەى لەدنیادا کار لەسەر ئەم کولتورە دەکەن هێزگەلێکى شەڕانگێزنء روانینء دنیابینیەکى مەرگدۆستیان هەیە بۆ وێرانکردنى ژیانء کوشتنى خەونء روانینەکانى ئەوانى دى. بەدرێژایى مێژوو لەپاڵ کولتورى لێکبوردنء یەکترى قبوڵکردنء پەیوەندىء هاوخەمىء خۆشەویستىء تێگەیشتن لەیەکترى، هێزێکى مەترسیدارى مرۆڤکوژ ئامادەگى هەبووە، بەداخەوە تائەوڕۆکە ئەم کولتورە بەو هەموو قێزەوەنییەوە ئامادەگى هەیەء رۆژانە رووى قێزەوەنى خۆیمان پیشاندەداتء حەشارگەکان پەنهانترء نهێنبڕتر دەکات. بەڵام ئەم مەوداى کوشتنء مەرگە لەم نیشتیمانەدا نابەرجەستەء ناسنوردارء پڕ ماناء شیکاریی گەورەیە، کە تەنها رووتکردنەوەى حەقیقەت نییە بۆ کەرەستەء پێکهاتە هەرە زیندووەکانى، بەڵکە کەشفکردنى ئەو مەودا فەلسەفىء میتافەنتازییەیە کە لەپشت هەر رووداوێکى مەرگەوە خۆى حەشارداوە، روانینێکە بۆ تەماشاکردنى ئەودیوى ئەخلاقء بەهاء حەشارگەء هێزە نهێنییەکان