ڕزگار ڕانگور : سەردەشت پەیامێکی پێبوو، پەیامێک لەهەگبەکەیدا خەمی هەموو گەنجانی شارەکەی و تەنانەت نیشتمانیشی دەگێڕا
سایتی سەردەشت عوسمان: با لە ئاماژەکان بگەڕێین سەردەست، لە خەیاڵە فەنتاسییەکەیدا دەبێتە زاوای سەرۆکی هەرێم و لەوێوە کێشەی ئابووری خێزانەکەی بە بەر بەست دەگات. بە پلەکاندا سەر دەکەوێت و لە شاشەی تێڤێکانەوە دەردەکەوێت و ئیتر زاوای تازەی سۆرانی: دەبێتە دەمڕاست، گەر سەردەشت لەسەر ساتیرە نووسینێک تیرۆر کرابێت؟ ئەوە دەپرسین ئەی ڕێژوان و گەرمیان بۆ تیرۆر کران؟
ڕزگار ڕانگور : لێرەوەیە کە ئیتر پرسیارەکان سەر هەڵدەدەن، سەردەشت پەیامێکی پێبوو، پەیامێک لەهەگبەکەیدا خەمی هەموو گەنجانی شارەکەی و تەنانەت نیشتمانیشی دەگێڕا، ئەو دەیزانی سەری ڕەش بۆتە سێ گۆشەی بەر مۆدە و هەرچی بێ پرس و بێمۆڵەت ڕووی لێ بکات ئەوە وون دەبێت، وەک ئەو هەموو ئەفسانەیەی لە سێگۆشەی بەر مۆدە بەمیرات بۆمان ماوەتەوە، مۆڵەت وەرگرتن بۆ چونە سەری ڕەش، تەنها بوونە زاوای سەرۆکی هەرێمە و نزیک بوونەووەیە لەو غەنیمەیەی بەموفتی دەستیان کەوتوە. خۆ ئەگەر وورد بینەوە سۆرانیش لەنوسینێکدا تەنها بەراوردێکی کرد لەمابەینی خێزانی جۆرج دەبلیو بۆش و سەرۆکی هەرێمدا، ئیتر ئەویش بێدەنگ لەبەر ماڵی خۆیدا تیرۆر کرا، جودای لەوەدابوو ئەو دەم سۆران کەیسەکەی گەورە نەکرا و بێدەنگی باڵی بەسەر کەیسەکەیدا کێشا، لێ سەردەشت جودابوو ئەو کەیسەکەی گەیشتە دەرەوەی نیشتمان و زمانە جیاوازەکان، کە بەڕاستی دەبێ باس لە جەوامێری ستافی کوردستانپۆست بکرێت کە بەخێرای بابەتەکانیان کردە ئینگلیزیی و عەرەبی و بڵاویان کردەوە و مێدیای جیهانیش لەو کەیسە ئاگادار کرایەوە.
بیرمان نەچێت: گەر بەمێژووی ئەو پارتانەدا ڕۆچینە خوارەوە کە ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان سەدان نمونە لە تیرۆری نەیارانی دەخوێنینەوە و بیستومانە، لێ بەڵێ پەیامی دەسەڵات بۆ تیرۆری سەر دەشت پەیامێکە کە دەڵێ سنوری خۆتان بزانن.
پێمان دەڵێن دەشتان کوژین و ناشرینیشتان دەکەین، دەشتان کەینە تیرۆریستێکی عەمامە بەسەر، دەتان کەینە نیشتمانفرۆش دەتان کەینە تابوری پێنج، عەوامێکی دەوێت تا خەڵک بزانێت ئەو کەیسە درۆ بوو، مێدیا و پارە و میللەتێکی ماندوو لەبەر دەست دەسەڵات داراندایە بۆیە، چیان بوێت دەیکەن و بۆیان دەچێتە سەر و بۆشیان چۆتە سەر، بیرمان نەچێت ئەم چونە سەرە تا هەتا هەتایی نییە و دەکرێت لەئیستادا گەشبین بین بەوەی کە سیناریۆی قێزەونی سەردەشت کە دروستیان کرد هێندەی تر دەسەڵاتی ناشرین کرد، بەڵکو بەدیوەکەی تریدا کەیسەکەی بەزیندووی هێشتەوە، بیریشمان نەچێت سەر دەشت بۆ ئەبەد بەگەنجی مایەوە لەناوماندا.
گرفتەکە لەوەدایە، بەعسییەکان زۆر گەنجیان لێکوشتین، بیرمان نەچێت بکەری تاوانەکان ئەنفال بە نموونە وەر گرین کورد نەخشی بەرچاوی تێدا بینی، لێ بەڵێ بەعس کارێکی کرد ئیتر ئێمە حاکمێتی کوردیمان قبوڵ بێت و خەونەکانمان لەسەر ئەم حاکمێتە بینا بکەین، ئەمانیش داگیرکەرن بەهەموو مانایەک بستۆکەیەک زەوی نابینیت لەکوردستان موڵکی بەرپرسێک نەبێت، بەدێهاتەکانی کە بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٧٧دا دایان گرتن، مەبەستمان لە چۆڵکردنی سنورەکان بوو بە ٢٠کیلۆمەتر، لێ بەڵێ، کەیسی سەر دەشت وەک ڕۆژەکانی دوای ١٧ی شوبات بەدەسەلاتی ووت بوەستن، سنوری ئەخلاقی خۆتان لەدەست داوە بوەستن ئێمە ئەو مەڕە نین کە ئێوە بەئارەزووی خۆتان لێمان خوڕن، گەنجەکانی پێڵاوەکانیان ڕووی بەر پرس و پەرلەمان تارەکان بەرزکردەوە، ئیتر گۆڕان لەوێوە دەستی پێکرد، گەر لەبەر دەرکی سەرای سلێمانیش بڕوانین لەڕۆژەکانی دوای ١٧ ی شوباتەوە سەردەشت و سۆران گەرمیان شەهیدەکانی تر غایب نەبوون و ئەوانیش لەوێ بوون، بۆیە هێشتنەوەی کەیسی سەردەشت بەزیندوویی بۆ خۆی مۆتەکەیەکە لەسەر سنگی دەسەلات، بەڵام ووریابین نەیکەینە ڕۆژی نەورۆز و بۆنەکانی تر هەموو ساڵێک یادی بکەینەوە، چونکە بێمانا دەبێت. خەڵکی ووشک دەکەن و هەرچیش لەسەری بنووسرێت لەبێتامیدا خۆی نمایش دەکات، بەڵام با لەکەیسی سەردەشت دا سۆرانیش فەرامۆش نەکەین.
لەدنیادا: زۆر ڕوداو کە تژیە لە تراژیدیا، بەڵام نابێتە بابەت و گوزەر دەکات. بەڵام تیرۆری سەردەشت و دەنگدانەوەی بۆ خۆی پەیوەندی قوڵی بەسەردەمەکەوە هەیە، ڕاستی بڵێین هەبوونی کەناڵێکی ئۆپۆسیسیۆنیشەوە بوو، ئێمە قسە لەسەر خودی ئۆپۆسیسیۆن یان بزووتنەوەی گۆڕان ناکەین، داخۆ باشن یان نا، لێ بەڵی پەخش کردنی ئەو فیلمەی کە سەردەشت لە زانکۆ نیشان دەدات بووە وێنەیەکی زیندوو کە لە هزری خەڵکدا بە سانایی کاڵ نابێتەوە، سەردەشت نوێنەرایەتی چی دەکات؟ زووە بڵێن نوێنەرایەتی چی دەکات، بەڵام لەسەردەشتدا دەتوانین خوێندنەوەی قوڵمان بۆ گەنجان هەبێت و بزانین گەنجانی نیشتمانەکەمان چۆن ژیانیان دەگوزەرێنن، سەردەشت بێ ئەوەی بیەوێت پەیامێکی ئینسانی و یاخی بوونی نمایش کرد و دەسەڵات بێ ئەوەی پلانی بۆی هەبێت یان ویستبێتی پاڵەوانێکی جوانی بەرهەم هێنا، کە هەموومان لەجێگەیەکی هزر و دڵماندا میوانداری لێدەکەین. گەر سەردەشت تیرۆر نەکرایە، نووسینەکانیشی وەک هەموو نووسینە یاخێکانی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام مەرک و تیرۆری سەردەشت بووە داینەمۆی فڕینی ئەو چەند ووتارە کورتە بەسەر زۆری نووسینەکانی تردا. لێرەوەیە پرسیارەکە سەر هەڵدەدات، سەردەشت خۆی و شەهیدکردنەکەی نوێنەری چیدەکەن؟ نووسینی هەیە لە کوردستانپۆستدا ژمارەی خوێنەرەکانی هێندە زۆرن دەکرێ بڵێین ڕیکۆردی لێداوە، بۆیە خەمە زۆر لەخۆمان بکەین و ئەو نووسینانەش ناشرین بن، چاکترە گەر بەقەوارەیەکی کەمیش بێت بکرێنە کتیب و بمێنەوە لەناوماندا، چونکە تاکو ئیستا ئەنتەرنێت لەناو ئێمەدا نەبووە بەو جێگەیەی وەک پێویست بابەتی تێدا ئەرشیف بکرێت.
ئەو ڕووداوانەی بەر لەسەردەشت و دوای تیرۆری سەردەشت ڕوودەدەن و تا ئەوانە حاکمی موتڵەق بن لە نیشتمانی ئێمەدا ڕوودەدەن و چاوەڕوان کراوە، کە دووبارە چەند بارە بێتەوە، لێ وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، نەخشی کوردستانپۆست و ئەو چەند کەسەی کە بەخێرای ئەو ووتارانەیان گەیاندە دەرەوەی زمانی کوردی بۆخۆی کەیسی سەردەشتی بە زیندووی هێشتەوە، جگەلەوەش بیرمان نەچێت کە گۆڕان گەرچی نەوشیروان مستەفا بۆ ڕێپێوانەکەی شاری سلێمانی بۆ سەردەشت غایب بوو بەڵام زۆر کەسی تری ناو گۆڕان، مەبەست کەسی دیاری ناو گۆڕان بوونیان هەبوو، پاشان کۆبونەوە لەبەردەم پەرلەماندا، بوونی ئەو هەموو ناڕازیە لەکەیسی سەردەشتدا خۆی نمایش کرد و وەک مەنجەڵێکی کوڵاوی سەر ئاگردانێک هەڵبەیتەوە، ئیتر سەردەشت بووە ئەو سیمبوڵەی ئەو هەموو خەم و تراژیدیایەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە زمان، گەر ئێمە نەتەوەیەکی زیندوو بووینایە، کەیسی دوعا و بەناز و گەرمیان و ڕێژوانیش هەمان شکمان دەکرد خۆ سورکێو نووسەر نەبوو بەس لە باوکییەوە گوێمان لێبوو چ خەمێکی گەورەی لە کۆڵ نابوو، سەیری میللەتی زیندوو بکە، ئەگەر بەهەڵە گەنجێک بریندار دەکەن، دوای سێ ڕۆژ لە دوای ڕووداوەکان کتێبێک لەدایک دەبێت، بەهەمان شێوە ئەوەوتانێ تا ئیستا یۆنان لەقەیراندایە، ئابوری کۆمەڵایەتی و سیاسیش، کەچی میللەتی نائاگا هیچ شتێک نای جوڵێنێت، چونکە ڕووداوەکان هێندە زۆرن دەبێ هەموو ڕۆژێک ڕووداوێک ببێت ئەوسا دەڕژێنە سەر شەقامەکان، هۆکار زۆرە لێ ئێمە تەنها ئەوە دەڵێین کە سەردەشت پایامێکی پێبوو بەر لەشەهید کردنی ئاماژەی پێدا.
سایتی سەردەشت عوسمان: گەر باس لەسیناروێی دوای شيهید کردنی سەردەشت بکەین، ئەوە و ئیتر دەبێ بەو دەسەڵاتە داماوە بترەقینەوە، چونکە ئەوە جگە لەوەی زۆر ناشیانە ئەو سیناریۆیە دارێژرابوو لەوێدا سەردەشت بووە پاڵەوانی ڕاستەقینە و ئیتر گومانەکانی کردە یەقین کە کێ بکوژی سەردەشت بووە؟
ڕزگار ڕانگور : دەکرێ بڵێم لە زۆرکەسم گوێ لێ بووە کەووتویانە گەر سەردەشت تیرۆریست بێت ئەوە ئێمەش وەک ئەو تیرۆریستین و دەمانەوێت لەمیهری ئەو تیرۆرەی ئەومان پێ ببڕێت.
ماوەتەوە بڵێم هەڵەیەکی تەکنیکی لە بەخاک سپاردنی سەردەشتدا ڕووی دا کە نەدەبوو ئاوا دوورە دەست بنێژرایە لە دەرەوەی شار بەڵکو وەک تەحدایەک لەناو یەکێک لەقەبرسانەکانی شاری هەولێردا لەنزیک تریاندا بنێژرایە بۆ خۆی دەبووە زیارەتگای زۆرمان و لەوێوە سەردەشت دەبووە سیمبوڵی هەموو جوانییەکان و ئاسان بوو سەردان کردنی ڕۆژانە